وەزارەتی پەروەردە: ئەمساڵ هیچ ڕێوڕەسمێک بۆ ڕاگەیاندنی پلەبەندی پۆلی 12 ناکرێت

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی نوێی دەربارەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 دەرکرد.

یەکشەممە، 25ـی ئایاری 2025، لیژنەی باڵای هەمیشەیی تاقیکردنەوە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی بڕیارمان دا بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانیەوە، هیچ جۆرە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نەکرێت. بەڵکو نمرەی قوتابیان بەڕێگەی ئەلیکترۆنی ڕادەگەیەندرێت.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئاستەکانی پلەی (یەکەم، دووەم و سێیەم) و هیچ پلەبەندییەک ڕاناگەیەندرێت، دەبێت سەرجەم پەروەردە گشتییەکان و پەروەردەی قەزا و ناحییەکان پابەندی بڕیارەکە بن.

ڕوونیش کراوەتەوە، نە وەزارەت نە دامودەزگا پەروەردەییەکان هیچ ڕێوڕەسمێکی خەڵاتکردن ناکەن و ئامادەشی نابن.