وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری
(بەشی یەكەم)
ڕۆمانی (ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەكان)ـەکەی (عەتا محەمەد) كە (ڕەزا کەریممجاور) لە زمانی كوردییەوە كردوویەتی بە فارسی و، شەش ساڵ لەمەوبەر دەزگای (ئەفراز) لە تاران بڵاوی کردووەتەوە. ئەمەش خوێندنەوەیەكی ئەدەبی و ڕەخنەیی قووڵە لەو كتێبەی عەتا محەمەد.
لە ئەدەبیاتدا، وشەی (دەق ـ Text)، بە واتای كۆمەڵێك ئاماژە دێت کە لەسەر لاپەڕەیەکی نووسراو تۆمار كراون. كە باسیش لە “دەق” دەکەین، تەنیا ئاماژە بە بەشە نووسراوەكە دەکەین کە واتا ڕاستەقینەكەیان دیارە، بەڵام ئەگەر جگە لە واتای ڕاستەقینەی وشەکان و دەقەکە، تەماشای “واتای خوازە یان شاراوە ـ Implied”ـی دەقەكە بكەین، ئەودەم پێی دەڵەین “ژێردەق/ وردەدەق ـ Subtext” وەک ئەوەی لە “واتای خوازەی” غەزەلەكانی حافزدا دەیدۆزینەوە. بەڵام كە قسە لە “بەستێن ـ Context” دەکەین، ئاماژە بۆ دۆخێک دەکەین پەیوەندی بە گشتیەت و ڕۆحی نووسراوەکەوە هەیە.
ئەگەر وەسفی کەسایەتییەکی چیرۆکێك لە دوورگەیەکی دوور بكەین کە تەنیایی و بێ هیوایی خەریكە لەنێوی دەبات، یان وەسفی ماسیگرێکی پیر لەنێو بەلەمێکدا بکەین کە لەگەڵ شەپۆلە سەرکەشەکانی دەریا دەجەنگێت یان وەک (پیرەمێرد و زەریا ـ The Old Man and The Sea)ی (هەمینگوای ـ Hemingway) بە ماسییەکی زل و دواتر لەگەڵ قرشەكان دەجەنگێت، لەم كاتەدا ئێمە ڕووبەڕووی “بەستێن” بووینەتەوە. بۆ تێگەیشتنیش لە “بەستێن”ـی بەرهەمێكی ئەدەبی، پێویستمان بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خودی بەرهەمە ئەدەبییەکە هەیە. تێگەیشتن لە دۆخی کۆمەڵایەتی ـ ئابووریی ژنانی سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم، تێڕوانین و دیدێكی وەهامان دەداتێ كە بە هۆیەوە بتوانین كەسایەتیی ڕۆمانەكانی (جین ئاستین ـ Jane Austen) باشتر بخوێنینەوە.
ئەگەر ئێوە بزانن (فرانتس کافکا ـ Franz Kafka) كێشەی لەگەڵ باوکیدا هەبووە، ئەوا باشتر لە چیرۆکی (مەسخ ـ Metamorphosis: Die Verwandlung)ـەكەی دەگەن و وردتر شڕۆڤەی دەكەن. ئەگەر بزانن ئەم نووسەرە دکتۆرای لە یاسای دادوەری هەبووە، ئەوا باشتر دەتوانن لە ڕۆمانی (دادگایی ـ Der Prozess)یەكەی بگەن و شڕۆڤە بکەن، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان زەینی یاسایی نووسەر و پێشێلکردنی مافی تاکەکەسی و هاووڵاتیبوونی نێو بەرهەمەکانی هەیە، بۆیەشە بەردەوام لە هەوڵی نیشاندانی مرۆڤی نێو کۆمەڵگە بیرۆکراسییە گەندەڵەكەیە كە چەندە ناسنامەی مرۆیی خۆی لەدەست داوە و ئەوەی کە وەك بەهایەكی ئەدەبی هاوكاری تێگەیشتنەكەمان دەدات، دۆزینەوەی “بەستێن”ـی نێوان (زەین ـ mentality) و بەرهەمە ئەدەبییەكەیە.
(دیکینز ـ Dickens) لە (چیرۆکی دوو شار ـ A Tale of Two Cities)، ڕۆمانەکەی بە وەسفكردنی ئازادبوونی (دکتۆر مانێت ـ Doctor Manette) لە زیندانی (باستیل ـ Bastille) دەست پێ دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕۆمانە چارەنووسسازترین ڕووداوەکانی شۆڕش لە ساڵی ١٧٧٥ تا ١٧٩٤ و هەروەها ڕووخانی قەڵا و زیندانە تۆقێنەرەكەی باستیل، سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی ١٧٨٩، قەتڵوعامی مانگی سپتەمبەر و حکومەتی تیرۆر و تۆقاندن دەخاتەڕوو. ئەم وێنا زیندووانە، هەمان “کەشی زاڵ ـ Backdrop ” یان “بەستێنی مێژوویی” ئەم ڕۆمانە ئینگلیزیەن.
(فەرهەنگی ئۆکسفۆرد ـ The Oxford Dictionary)، “دەق” وەک وشەگەلێكی سەرەكی نووسەر و “بەستێن”ـیش وەک بەشگەلێك لە دەق پێناسە دەکات كە لە چوارچێوەی دەستەواژە، پێش و پاش دێن و مانای دەق یان دۆخ و کەشە زاڵەكەی سەری دیاری دەکەن.
ئێستا ئەگەر ئێمە “دەق” وەک جۆرێک (كاریگەریی نیشانەناسیی ـ Cognitive sign operation) و “بەستێن” وەک دۆخێک پێناسە بکەین کە بەسەر تەواوی دەقەكەدا زاڵە و یارمەتی ڕوونکردنەوە و شڕۆڤەی دەقەكە دەدات، کەواتە دەتوانین بڵێین “دەق” بەبێ “بەستێن” مانای نییە. (ئەکۆ، ١٩٧٩)
لە کاتی گفتوگۆكردن لەبارەی “بەستێن”، ڕوونکردنەوە باو و ناڕوونەکان، شتێكی گشتگیرن و بە كەڵكی شڕۆڤەی دەقەكە نایێن، بۆیە ناچارین واتای “بەستێن” بە شێوەیەکی ڕوونتر و دیاریکراوتر دیار بخەین. (ستوت، ١٩٨٢)
کەواتە هەوڵ دەدەین تێگەیشتن و تێڕوانینێکی وردترمان لێی هەبێت تا لەگەڵ زاراوە هاوواتاكەانی تێکەڵیان نەكەین.
“بەستێن”، هەم زاراوەیەکی باوە لە زمانناسیدایە و هەم زاراوەیەکی بەكارهێنراو لە ڕەخنەی ئەدەبی. وەک زاراوەیەک لە زمانناسیدا، کارلێکی نێوان خوێنەر و نووسەر، سەرەداوی زمانناسیی لەمەڕ پەیوەندیی نێوان نێرەر و وەرگری پەیام، هەڵوێستی نووسەر بەرامبەر بە گێڕەرەوە، ناسینی کەسایەتییەكان و هێنانەوەی نموونە جۆراوجۆر (ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ) و دەربڕینی واتادارە لە ستایل و شێوازدا.
بۆ نموونە (دی. ئێچ. لاورێنس ـ D. H. Lawrence) لە ڕۆمانی (کوڕەكان و دڵدارەکان ـ Sons and Lovers)یدا، وشەگەلی تایبەت بەکار دەهێنێت تا ڕەنگی خۆجێیی بداتە چیرۆک و کەسایەتییەکان و لە هەمان کاتیشدا وا لە خوێنەر بكات لەگەڵی هاوسۆز بێت، بەم شێوەیە نووسەر داوا لە ئێمەی خوێنەر دەکات لەگەڵ بەشێک لەو ژینگەیە ببینە هاوناسنامەی ئەو كرێكارە چڵكنانەی كە لە نێو كانە خەڵووزەكان كار دەكەن. هەڵبژاردنی گۆشەنیگای کەسی سێیەم لە گێڕانەوەکەدا، لە لایەکی ترەوە خۆی زۆر زەینی و ئینسانییە.
لە ڕەخنەی ئەدەبیشدا “بەستێن” واتا و چەمکێکی ئاڵۆزتری هەیە و بە هەر تایبەتمەندییەکی باندەقی و کاریگەر دەگوترێت کە کاریگەری لەسەر شێواز و دەق هەیە. “بەستێن”، وەها باسی بیرۆکە و ئەزموونەکان لەگەڵ خوێنەر دەكات کە لە دەرەوەی دەق بوونیان هەیە و بەکەڵکی شڕۆڤە و گوتاری خوێنەر دێن. بۆ نموونە دەق خاوەنی چ زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژووییە؟ یان ئەوەی کە دەق سەبارەت بە ناسنامە، ناسین، ئیحساس، توانا، باوەڕ و تێڕوانینەکانی نووسەر (بێژەر) و خوێنەر (بیسەر) چ دەڵێت؟ چ پەیوەندی و گوتارێک لە نێوان نووسەر و خوێنەردا دەتوانێت هەبێت؟
من ئەم نموونانەم بۆیە هێنانەوە، تا پێداگری لەسەر ئەوە بکەمەوە تێگەیشتنی ورد و گشتی لەبارەی “بەستێن”ـیەوە، پەیوەندی بە ڕۆحی زاڵی سەر دەقەكە هەیە. بەپێی ئەم تێگەیشتنە لە “بەستێن”، (فێرس ـ Firth) لە سەرەتای دەیەی ١٩٣٠ی زایینی، لەسەر توێكاریی زمانناسی دەنووسێت: “هەمیشە لە بنیادی دەقدایە كە لە واتای تەواوی وشەكان دەگەین و موتاڵا و تێگەیشتنی دەق لە دەرەوەی بەستێن مەحاڵە.” (فێرس، ١٩٣٥)
لە دەیەی ١٩٧٠ بە دواوە، خوێندنەوەی “بەستین” بووە بەرچاوترین ئاڕاستەی نێو زمانناسی. هەردوو زمانناسی بەنێوبانگ (بڕانسفۆرد ـ Bransford) و (جۆنسۆن ـ Johnson)، گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە تەنانەت تێگەیشتن لە ڕستە و دەستەواژە، تەنها بە زمانناسی سنووردار نابێتەوە، بەڵكو پێویستی بە ناسینێكی تەواو لە جیهان هەیە. (بڕانسفۆرد، جۆنسۆن، ١٩٧٢)
بەوەشەوە، من لە خوێندنەوەی ڕۆمانەكەی عەتا محەمەد، تەنیا ڕازی نابم بەم جۆرە تێگەیشتنە سنووردارەی “بەستێن”، بەڵكو هەوڵ دەدەم بە سوودوەرگرتن لە وتاری كورتی (پێنج جۆری بەستێن لە بەرهەمە ئەدەبییەكان ـ Five Types of Context for Literary Works) ـ كە بەداخەوە لەبارەی نووسەر و سەرچاوەكانییەوە هیچ نازانم ـ دەروازەیەكی نوێ واڵا بكەم بۆ خوێندنەوەی دەق لەسەر بنەمای شێوازی ئەدەبیی “بەستێن”.
یەكەم: (بەستێنی پەیوەست بە نووسەر ـ Authorial context)
لە هەر دەقێكدا، دەكرێت چەندین نیشانە لە ئامادەبوونی نووسەر بدۆزینەوە. ئەم حوكمەش هەرگیز بە مانای ئەوە نییە كە نووسەر پێویستە هەمان گێڕەرەوە یان كەسایەتی چیرۆكەكە بێت و هەمان ئەو ڕووداوانەی كە بەسەر كەسایەتیی ڕۆمانەكەدا هاتوون، بۆ خودی نووسەریش ڕوویان دابێت. لە هەندێك بەرهەمی ئەدەبیدا، ئاماژە و نیشانەكانی پەیوەست بە نووسەر دیارترن. لەم حاڵەتەدا، دەبێت بزانین چیرۆكەكە لە چ دۆخ و هەلومەرجێك یان بە دەربڕینێكی هەڵە “دۆخێكی كۆمەڵایەتی” نووسراوە؟ بەرهەمە خوێندراوەكە، چ زانیارییەك لە ژیانی تایبەتی نووسەرمان بۆ ئاشكرا دەكات؟ چ دۆخێك لە ژیانی كەسی و هونەری ئەودا هەبووە كە نووسەری وا لێكردووە ئەم بەرهەمە بنووسێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و پرسیاری تریش، دەبێت بە تەواوی ئاگاداری ژیانی هونەری، كۆمەڵایەتی و بەرهەمەكانی نووسەر بین و بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پێویستیش دەبێت پشت بە سەرچاوەگەلێك ببەستین كە خودی نووسەر نووسیونی یان كەسانی دیكە لەبارەیەوە نووسیویانە.
بەمەش دەزانین كە زانیارییەكانی پەیوەست بە نووسەر لە دوو سەرچاوە دەست دەكەون:
ـ یەكەمیان ئەوەی كە هەر لە خودی دەقەكەوە دەربارەی بزانین و وەربگیرین.
ـ دووەم، ئەوەی كە لە زانیارییە دەرەكییەكانەوە سۆراغی نووسەر بكەین.
(نەجمەددین براخاس) و (محەمەدڕەزا كەلهوڕ)، كۆمەڵە چیرۆكێكی ئەم نووسەرەیان بە ناوونیشانی (تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان) لە زمانی كوردییەوە وەرگێڕاوە بۆ فارسی و چاوپێكەوتنێكیشیان لەگەڵی ئەنجام داوە بە ناوی (گفتوگۆ لەگەڵ عەتا محەمەد بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی كتێبی تینا و چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان) و لە (ڕۆژنامەی شەرق ـ ١٣٩٨) بڵاو كراوەتەوە. ئەم نووسراوەیە لەبەر ئەوەی بۆچوونەكانی نووسەری تێدایە، بایەخێكی تایبەتی هەیە. لە ڕاپۆرتەكەدا وا دەردەكەوێت كە نووسەر لە نووسەرانی كوردی عێراقییە و لە ساڵی ١٩٧٠ لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، بەڵام دواتر چووەتە وڵاتی سوێد و ئێستا لەوێ دەژی.
عەتا محەمەد، یەكەم كۆمەڵە چیرۆكی خۆی بە ناوونیشانی (پاشماوەی خێڵەکان) لە ساڵی ١٩٩٩ بڵاو كردووەتەوە و تا ئێستا چواردە بەرهەمی (ڕۆمان و كۆمەڵە چیرۆك)ـی بڵاو كراونەتەوە. لەم بەرهەمانەشدا، كۆمەڵە چیرۆكێكی بە هۆی ناساندنی میدیاكانەوە لە بەرهەمەكانی دیكەی بەرچاوترن، چونكە خۆی لە دوو بەش پێكهاتووە:
ـ بەشی یەكەم، كۆمەڵە چیرۆك
ـ بەشی دووەم، ڕەخنەی هەندێك نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی كورد وەك (بەختیار عەلی)، (نوخشە عەبدول) و (محەمەدڕەزا كەلهوڕ) لە كۆمەڵە چیرۆەكە.