جابیری لە فەلسەفەی زانستەوە بۆ ڕەخنەی کەلەپوور

پازدە ساڵ بەسەر کۆچی دوایی جابری تێپەڕیوە، بەڵام میراتی فیکری و ڕۆشنبیرییەکەی هێشتا هەر بەهێزی ماوەتەوە. بەجۆرێک کە هیچ کۆڕێک یان سیمینارێک ناکرێت، یان باس لە خوێندنەوەی کەلەپووری عەرەبی ئیسلامی ناکرێت، یان ڕووناکی ناخرێتە سەر یەکێک لە ناودارانی شارستانییەتی عەرەبی ئیسلامی، ئیللا جابیری بەبیر دەهێنرێتەوە و ئەو شتانەی لەسەر ئەو بابەتە نووسیویەتی یان گوتویەتی. چ کۆک بین یان ناکۆک لەگەڵ بۆچوونەکانی جابیری، نووسینەکانی ئەو لەو بوارەدا هێمایەکی دیارن لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کەلەپووردا. ڕاستییەکەی ئەوەیە دوای تێپەڕبوونی پازدە ساڵ بەسەر نەمانیدا، کەس نەیتوانیوە ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە جابیری لە گۆڕەپانی فیکری عەرەبیدا بەجێیهێشت. دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە خوێندنەوە و تێگەیشتنمان بۆ کەلەپووری عەرەبی بە دوو سەردەم دیاری دەکرێت و سێیەمی نییە: پێش خوێندنەوەی دەقەکانی جابیری و دوای ئەو!

بەڵام کاتێک میراتی فیکری جابیری بەبیر دەهێنینەوە، دەبینین نووسینە سەرەتاییەکانی ئەو لە بوارێکی تەواو جیاوازدا بوون، کە بریتی بوون لە بواری فەلسەفەی زانستەکان و زانستناسی، نەک کەلەپووری عەرەبی ئیسلامی و ڕەخنەی عەقڵی عەرەبی. جابیری یەکێک بوو لە یەکەم کەسانێک کە دەستیان دایە قسەکردن لەسەر فەلسەفەی زانستەکان و زانستناسی لە زانکۆی مەغریب. کتێبەکەی بە ناونیشانی “ناساندنێک بۆ فەلسەفەی زانستەکان: عەقڵانییەتی هاوچەرخ و گەشەسەندنی بیری زانستی”، یەکێکە لەو سەرچاوانەی کە دەستبەرداری نابیت لەو بابەتەدا!
کاتێک گوێم لە قسەکانی نووسەری مەغریبی فوئاد عەروی دەگرت، کە مامۆستای زانستناسییە لە چەندین زانکۆی ئەوروپیدا، لە کۆڕێکدا کە بەم دواییانە زانکۆی مولای ئیسماعیل لە مکناس سازی کردبوو، ئەو بەشداربووە جیاوازی نێوان زانست و نیمچە زانست یان “زانستی ساختە”ی بۆ ئامادەبووان ڕوون دەکردەوە. وتی زانست بریتییە لە کۆمەڵێک زانیاری، یان سیستەمێک لە زانیاری لە شێوەی ڕوونکردنەوە و پێشبینییەکان کە دەکرێت تاقی بکرێنەوە، لە کاتێکدا زانستی ساختە، پسپۆڕییەکە کە لەژێر ڕوخساری زانستیدا پێشکەش دەکرێت، بەڵام هیچ ڕێبازێکی زانستی یان ناسینێکی زانستی تێدا نییە و بەم پێناسەیە دژ بە زانست و زانیاری زانستییە. پاشان بەشداربووەکە چەند نموونەیەکی هێنایەوە لەسەر ئەوەی کە دەناسرێت و مامەڵەی پێوە دەکرێت وەک ڕاستییەکی زانستی هەمیشەیی و دڵنیایە لە بەدیهاتنیدا لە هەموو کاتێکدا، وەک هاوکێشەکانی فیزیازان ماکسوێڵ کە یاساکانی کارەبا و یاساکانی موگناتیسی بەیەکەوە گرێدا و ئەوەی ئەو دوو هێزە دوو دەرخستەی هێزێکن کە ئەویش هێزی کارۆموگناتیسییە.
ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە چەندە مەترسیدارە ئەو تیۆرییە زانستییانە وەک ڕاستییەکی گەردوونی هەمیشەیی پێشکەش بکرێن، لە کاتێکدا مێژووی زانست شایەتی ئەوە دەدات کە هەمیشە لە گۆڕان و گەشەکردندایە، تەنانەت زانست هەندێک جار دژی خۆی دەوەستێتەوە، تا ئەو ڕادەیەی وتراوە کە مێژووی زانست مێژووی هەڵەکانی زانستە!
بێگومان ڕۆڵی زانستناسی و فەلسەفەی زانستەکان بەدیاریکراوی لەوەدایە کە زانیاری زانستی بە مێژووەکەی و مێژووییبوونەکەیەوە گرێ بدات، چونکە پرسیارگەلێک دەوروژێنێت لە جۆری ئایا زانیاری یەقینییە یان ڕێژەییە. هەروەها یارمەتیدەرە بۆ جیاکردنەوەی نێوان “زانست” و جادوگەری، یان “ئایدیۆلۆژیا”. جابیری زوو هەستی بەوە کرد کە توندڕۆیی ئایینی لە زانکۆ عەرەبییەکاندا “پیاوە ڕاوەستاوەکانی خۆی لە نێو گەنجانی کۆلێژەکانی زانست و پەیمانگاکانی زانستی باڵادا دەدۆزێتەوە، زیاتر لەوەی لە کۆلێژەکانی خوێندنی ئایینی و کۆلێژەکانی زانستە مرۆییەکاندا بیان دۆزێتەوە”. بۆیە ئەو ئەنجامە وەردەگرێت کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی فێرکردنی زانستەکان لە پەیمانگا و کۆلێژە زانستییەکانماندا، چونکە ئەو دامەزراوانە زانستەکان تەنیا وەک یاسا بە قوتابییەکانیان دەڵێنەوە، نەک وەک ڕۆحێکی زانستی “کە سەرەتا بە گۆڕانکاری و وەرگرتنی ڕێژەیی بوون تایبەتمەند دەبێت”. جابیری دەشڵێت کە خوێندنی زانستەکان تەنیا وەک یاسا، “بینینێکی توندی داخراو و عەقڵییەتێکی دۆگمایی و هەستکردن بە خاوەندارێتی ڕاستی و لەوێشەوە ئامادەیی بۆ توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی بیروڕای جیاواز چەسپ دەکات”.
زانستناسی ئەگەر بەو پێیەی لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانەیە بۆ زانستەکان، دەتوانێت خوێندکار و توێژەر، بە هەمان شێوە، بە ئامرازە ڕەخنەییەکانی پێویست چەکدار بکات کاتێک کار لەسەر زانستەکان دەکات و هەمیشە وامان لێدەکات کە لە خۆمان بپرسین چۆن ئەوە دەزانین کە دەیزانین؟ سنوورەکانی زانیاری زانستی چین و تواناکانی چین لە ڕوونکردنەوەی جیهاندا؟ بێ بوونی ئەم بینینە ڕەخنەییە بۆ زانیاری و ڕێژەییبوونی ڕاستییە زانستییەکان، ناتوانین ئیللا عەقڵییەتی دۆگمایی چەسپ بکەین و زانست لە کۆمەڵگاکانماندا نەبێت بە کولتوور.