هاودەنگ فارووق
لە جیهانی دیپلۆماتیی ئەمڕۆدا، تیۆرێك هەیە پێی دەگوترێت: قازانج/ قازانج، ئامانج، واتە لە هەردوو سەرەكەی هاوكێشەكەوە، قازانج بكرێت. نەك ئەوەی لایەك قازانج بكات و هەموو شتێك بەدەستبهێنێت و، لایەكەی دی زیان بكات.
ئەمە ئەو تیۆرەیە، كە لەسەركەوتنی سەدەدا، مەسرور بارزانی سەركەوتووانە پیادەی كرد. سەركەوتنەكەی بارزانی لە سەردانەكەی واشنتۆندا، لەوەدا زۆر شۆكهێنەر و گەورەبوو، كە بۆ یەكەمجار توانی مەسەلەی وزە بكاتە كارتی دیپلۆماتی و بڕیاری ئازادانەی كورد لەسەر سەرچاوەكانی وزەی خاكی خۆی، بكاتە كۆدی دیپلۆماتی و لەگەل زلهێزترین وڵاتانی جیهاندا دانوستانی لەسەر بكات! ئەمە گۆڕانكارییە گەورەكەی سەدەی كوردە. پێشتر كورد تەنها بەوەندە ڕازی دەبوو كە بەشی چرای ماڵەكەی لە نەوتی خۆی بدەنێ و، ئەوی دیكەی داگیركەر دەوڵەتی خۆی پێ دروست دەكردو، دەیدا بە موشەك و لاپاڵم و كوردستانی پێ وێران دەكرد. كەچی ئێستا كورد خۆی دەكاتە خاوەنی سەرچاوەكانی وزەی خاكی خۆی و، لەسەر مێزی دانوستاندا قسەی خۆی و بڕیاری خۆی لەسەر سامانەكانی خاكی خۆی دەكات.
مەسرور بارزانی دوو كۆدی هەڵدایە نێو گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماتی كە دەتوانن فۆرماتی دۆخی یاساییش بكەن، لەیەكەمیاندا گوتی: ئێمە لەگەڵ ئەمریكادا سەركەوتووانە شەڕی تیرۆرمانكرد، بێگومان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكاشدا دەتوانین سەركەوتووانە زۆر كاری باش بكەین.هەروەها لەدوای دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا گوتی: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا، لەسەركەوتوو سەركەوتووترە. سەرۆكوەزیرانی كوردستان بە زیرەكانە توانی شەڕی دژەتیرۆر و مەسەلەی مامەڵەی ئێستای وزە، پێكەوە ببەستێتەوەو، شەڕی دژە تیرۆر بكاتە پێشەكییەكی زۆر گرنگی ئەخلاقی بۆ پابەندكردنی ئەمریكا بەوەی مامەڵەی وزە وەكو درێژكراوەی پابەندییەكانیان بەرانبەر كورد لەشەڕی دژ بەداعش وێنا بكات و، واقیعێكی ئەخلاقی بۆ بڕیاردەری ئەمریكی دروست بكات و نەتوانن لێی لابدەن.
ئەگەرچی هەمیشە گفتوگۆ و بەدگومانییەك هەیە بەرانبەر پابەندیی ئەمریكا بەرانبەر هاوپەیمانەكانی، بەتایبەتی لەناوخۆی كوردستان جۆرێك لەبەدگومانی هەیە، بەڵام بارزانی لەو سەردانەیدا، زیرەكانە توانی ئەو دیدە بگۆڕێت و، بە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەو بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەمریكا بۆ دۆزی كورد و، بەكارهێنانی كارتی وزە وەك جۆرێك لە لۆبیكردن بۆ دۆزی كورد، بەتایبەتی قسەكردن بەزمانی ” سەد ملیار دۆلار” كەبۆ یەكەمجارە لەمێژووی كورددا، بەزمانی بەرژەوەندیی سەدان ملیاری لەگەڵ زلهێزەكاندا بدوێت، سەرجەم نیگەرانییەكانی ڕەواندەوە، واشنتۆنیشی ناچاركرد، پشتیوانی بێ چەند و چوون لە كورد بكات و، بەغداش كە دڵنیابوویەوە لەوەی ئەمجارەیان سەركەوتنەكەی كورد ئاشكرایە و بووەتە فاكت، ئیدی شلی كردەوەو، هەر دوێنێ شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوكراوەیەكی نوێی دەركرد و، بەئاشكرا سازشی كرد و، گوتی: لاریمان نییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكا.
ئەم مانۆڕەی كاك مەسرور ، هێندە گەورەیە، زیادەڕەوی نییە ئەگەر بە “سەركەوتنی سەدەی كورد” لەقەڵەمی بدەین، لەئێستاوە پێگەی كورد لە هاوكێشەی هێز لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت و، جێدەستی بارزانی بە مێژووی كوردەوە دەنەخشێت. چونكە یەكەمجارە كورد بتوانێت تیۆری “ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش” بباتە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ زلهێزەكان. ئیدی ئەمریكا خاوەندارێتی لە گەشەی ئابووری و سیاسی و ئەمنی كوردستان دەكات و، كوردستان ئەو پاروە چەورە نابێت، بۆ ئەوەی هەركات میزاجی داگیركەرانی كوردستان خواستی، تەنگ بەكورد هەڵبچنن. ئەمەش سەركەوتنی سەدەیە بۆ كورد.