كارزان گلی – ههولێر
پەكەكە، لە كۆنگرەی ١٢ی خۆیدا، لەسەر داوای رێبەرەكەیان، عەبدوڵا ئۆجەلان، بڕیاری دا چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. ئایە چەكدانانی پەكەكە چۆن دەچێتە بواری پراکتیكەوە؟ ئایە ریسكەكانی بەردەم چەكدانانی پەكەكە چین؟ چونكە ئۆجەلان و رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەئاشكرا دەڵێن لایەن هەیە دەیەوێت ئەو پرۆسەیە تێك بدات.
وەزارەتی بەرگریی توركیا، بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەكەكە، وەكوو ئەوەی وەزیری بەرگری باسی دەكات، ئەوان بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆن تا لە پەرلەمان یاسایەك لەو ڕووەوە دەردەچێت، هەروەها دەبێت هەموو ئەو خاكەی بە مین مینڕێژ كراوە و هەموو ئەو ئەشەكەوتانەشی پەكەكەی لێ بووە، دەبێت پاك بكەنەوە.
بەركای ماندراجی، لێكۆڵەری سیاسی، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و پێی وایە دەبێت هەنگاوی كرداری لەو ڕووەوە بنرێت. ئەو دەڵێت: ”سوپای توركیا، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنەكان بوەستێنێت، چاوەڕێی ئەوەیە لە پەرلەمانی توركیا، بەگوێرەی یاسا ئەو لایەنە چارەسەر بكرێت، هەروەها رەوشی ئۆجەلانیش لە ئیمرالی بەیاسا باشتر بكەن. بەڵام دەمەوێت ئەوە باس بكەم، بەرەوپێشچوونی چەكدانان بەشێوەیەكی كۆتایی، تاوەكوو ئێستا روون نییە.“
پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە و هەروەها دەرچوونی یاسا لە پەرلەمانی توركیا، لەلایەن خودی ئۆجەلان و لایەنێكی حكوومەت بەڕێوە دەبرێت. بەهۆی ئەوەی ئۆجەلان، كاریگەریی زۆری لەسەر پەكەكە هەیە، هەروەها بۆ ئەوەی پرۆسەكە لەبار نەبرێت، دەبێت ئۆجەلان بهێنرێتە ناو پرۆسەكەوە، بۆیە لە ئیمرالی كارئاسانی زۆری بۆ دەكەن، تا چاوپێكەتن ئەنجام بدات.
ئەردۆغان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە، لەلایەن میتەوە چاودێری دەكرێت.
ئۆزلەم كایهان، لێكۆڵەری ئاساییش و سیاسی، لەو ڕووەوە قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”میتی توركیا، ساڵانێكە خاوەنی ئەزموونی زۆرە لە چاودێریكردنی پەكەكە، لەو ڕووەوە زۆر كاریگەرە، بۆیە دەبێت بەشێوەیەكی سیستەماتیكی چەكەكان رادەست بكرێت.“
شارەزایانی سیاسی پێیانوایە، پرۆسەی لەوجۆرە لە بەشیكی زۆری وڵات، بەشێوەیەكی تەواو بەرەوپێشەوە ناچێت و لەنگەری دێتە بەردەم.
پوسانا، شارەزای سیاسی دەڵێت: ”جاروبار، لەشێوەی یەپەگە و بەناوی تر، چەند رێكخراوێكی تر دروست دەبێت، بۆیە ئێمە نازانین چەكەكان و كەلوپەلی سەربازیان چەندە و لەكوێی تر هەیانە. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین، ئەگەر لە لایەن پەكەكە و دەوڵەتەوە نییەتێكی باش هەبێت بۆ چەكدانانی پەكەكە، دەتوانن ئەو بەربەستانە بشكێنن، چونكە لە دونیادا پرۆسەی لەو شێوەیە، تەنیا بەنییەتی باش و متمانە بەرەوپێش دەچێت.“ ئەگەر نموونە بە فاڕك و كۆلۆمبیا، یان ئێرلەندای باكوور و بەریتانیا بهێنینەوە، كاتێك چەكیان دانا، بەشێكی بچووك لەناو ئەو گروپانە هەبوون كە دژی چەكدانان بوون و چەكیان هەڵگرتەوە، بەڵام كاریگەرییان نەبوو و لەناو چوون، رەنگە بۆ پەكەكە وابێت، گروپێك هەبێت دژی چەكدانان بێت، بەڵام كاریگەرییان نابێت و ناتوانن پرۆسەكە بوەستێنن.
كام سیناریۆ لە رۆژەڤدایە؟
بەگوێرەی بۆچوونی ماندراجی، بۆ ئەوەی پرۆسەكە رێچكەی خۆی وەرگرێت، پێویستە سووریا و عێراقیش بهێنرێتە ناو پرۆسەكەوە.
زیاتر دەڵێت: ”دەكرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، رۆڵێكی كاریگەر ببینن لەو پرۆسەیە، چونكە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئامادەیی هەرێمی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، بۆیە دەبێت رۆڵیان پێبدرێت.“
لە میدیاكانی توركیا باس لەو سێناریۆیە دەكرێت، كە گرنگە عێراق و هەرێمی كوردستان بهێنرێنە ناو پرۆسەكەوە، چونكە ئەگەر پەكەكە چەك دابنێت، دەبێت هێزی توركیا لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت، ئەمەش رووبەڕووی توركیا دەبێتەوە، بۆیە گرنگە ئەو دوو لایەنە لەناو پرۆسەكەدا بوونیان هەبێت.
هەروەها باس لەوەش دەكرێت، پەنجا سەركردەی پەكەكە، دوای چەكدانان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ توركیا، بۆیە پێشنیاریان بۆ كراوە، بچنە هەرێمی كوردستان، یان هەر وڵاتێكی ئەورووپایی.