ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
کرمی دەزوولەیی هەوکردنێکی مشەخۆری باوە کە بەهۆی کرمی Enterobius vermicularis دروست دەبێت. لە ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە ئەستوورەی کەسانی تووشبوودا دەژیت. کرمە دەزوولەییەکان بچووک و تەنکن و ڕەنگیان سپی یان خۆڵەمێشی کاڵە .
د. خالید حهمه ساڵح پسپۆری بواری نهخۆشیهکانی منداڵان لە بارەی چۆنیەتی گواستنەوە و نیشانەكانی تووشبوون بە کرمی دەزوولەیی ڕووندەكاتەوە:
سەرەتا د. خالید حهمه ساڵح لە بارەی چۆنیەتی گواستنەوە كرمەكە ڕوون دەكاتەوە كە بە چەند ڕێگەیەكە:
1-لە ڕێگای پیسایی-دەم: هەوکردنەکە لە ڕێگەی خواردنی هێلکەی کرمی دەزوولەییەوە بڵاودەبێتەوە، کە دەتوانرێت لە ڕووی پەنجە و جل و بەرگ و جێگەی نووستن و خۆراکی پیسەوە بگوازرێتەوە.
2-جلی ژێرەوە: هێلکەکان دەتوانن لە ڕێگەی بەرکەوتن بە سەرچەفی پیسبوو، خاولی یان جلی ژێرەوەی کەسانی تووشبوو بڵاوببنەوە.
3- هەوکردنی خۆکار: خووراندنی ئەو شوێنانەی کە دەخورێت دەبێتە هۆی گواستنەوەی هێلکە بۆ پەنجەکان، کە دواتر دەتوانێت منداڵەکە تووش بکاتەوە ئەگەر دەست بدات لە دەمی.
4- لە ڕێگەی ئاژوڵ سەگ و پشیلە.
د. خالید حهمه ساڵح نیشانەکانی توشبوون بە کرمی دەزوولەیی ڕووندەكاتەوە كە بریتین لە:
*خووران: خوورانی چڕ لە دەورووبەری کۆم بەتایبەت لە شەواندا، باوترین نیشانەیە.
*ناڕەحەتی بەهۆی خوران دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و توڕەبوون.
*ئازاری سک: هەندێک منداڵ لەوانەیە تووشی ناڕەحەتییەکی سووک لە سکدا ببن.
*کرمی سپی بچووکی دەزوولەیی، لەوانەیە لە پیسایی یان دەور. وبەری ناوچەی کۆمدا دیار بێت.
لە بارەی چارەسەر ئەو پزیشكە ڕوونیدەكاتەوە كە هەوکردنی کرمی دەزوولەیی بە گشتی هیچ کێشەیەکی پزیشکی گەورە دروست ناکات بەڵام لەم ڕێگایانەوە دەتواندرێت چارەسەر بكرێت:
*چارەسەرکردن بە دەرمانێکی دژە مشەخۆر وەک میبیندازۆل.
*گۆڕینی سەرچەف و شۆردنی یارییەکانی منداڵەکە.
*چارەسەرکردنی هەموو ئەندامانی خێزان بەم دەرمانانە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی هەوکردن و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەوکردن بەم مشەخۆرە.
خۆپاراستن
شۆردنی دەستەکانت بە سابون و ئاوی گەرم دوای بەکارهێنانی توالێت و دوای گۆڕینی دایبی و پێش خواردن کاریگەرترین ڕێگایە بۆ خۆپاراستن لە هەوکردنی کرمی پین.