هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنی و گرنگی گێڕاوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە هەرێمێکە لە ناو سیستمێکی فیدراڵیدا پێناسەی بۆ کراوە بەڵام ڕۆڵ و پێگەکەی لە دیپلۆماسیی ناوچەیی و جیهانیدا ئەگەر لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ زیاتر نەبێت ئەوا کەمتر نییە. ئەگەر وڵاتانێک پێشتر بە چاوێکی نزم لەو پێگەیەی کوردستانیان ڕوانیبێت یان ئامادە نەبووبن دانی پێدا بنێن ئێستا ڕوانگەی ئەوانیش بە تەواوی بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕدراوە.

بۆ نموونە ئەگەر سەیری دیمەنی کردنەوەی ڕێوڕەسمی کۆڕبەندیی گفتوگۆی تاران بکەین کە دوێنێ دەستی پێ کرد و بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت، بۆمان دەردەکەوێت کە پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لە پێگە و سەنگی زیاتر لە پەنجا وڵاتی دیکەی جیهان لەو کۆڕبەندەدا بۆ ئێران ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نییە.
بنەماکانی پێشوازی و پرۆتۆکۆڵ و تەنانەت دەستنیشانکردنی کورسیی میوانان پێوەندیی و ڕوانگەی وڵاتی خانەوخوێ و میواندار بەرانبەر میوان دەردەخات.
ئێوارەی شەممە ١٧ی ئایار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بەشداری لە لووتکەی عەرەبیی لە بەغدا کردبوو لەسەر بانگهێشتی فه‌رمیی عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گەیشتە تاران و دوێنێ یەکشەممە لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران قسەی هەبوو و باسی ڕوانگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ داهاتووی ناوچه‌كه‌، هاوبه‌شی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێز له‌یه‌كگرتن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ڕاشکاوی دیدی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایش و پێوەندی و ڕێزگرتنی دوولایەنەی نێوان وڵاتانی دەربڕی و پێداگری لە گفتوگۆ و چارەسەریی ئاشتییانە کرد.
كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی ”کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران”، له‌ ژێر دروشمی ”هۆكاره‌ ناوچه‌ییه‌كان له‌ سه‌قامگیری یان پشێویی جیهانی”یە و دووسەد میوان له‌ پەنجا و سێ وڵاتی جیاوازی جیهان له‌و كۆنفرانسه‌دا به‌شدارن.
ئەوی لە کۆڕبەندەکەدا جێی سەرنج بوو ئەوەیە کە پێگەی هەرێمی کوردستان لەو کۆڕبەندەدا لە سەرووی پێگەی ئەو پەنجا و سێ وڵاتە بوو بانگهێشت کرابوون و ئاڵای کوردستان لە ڕیزی ئاڵای وڵاتانی تری بەشدار لەو کۆڕبەندەدا دەشەکایەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە نزیک مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و لە نێوان عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران دانیشتبوو.
هەرێمی کوردستان لەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا هاتوونەتە کایەوە ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنی و گرنگی گێڕاوە و ئەگەر لە دوای سەرهەڵدانی داعش هەرێمی کوردستان بووبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ شەڕی دژە تیرۆر ئەوا لە دوای ئەو قۆناغەدا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنی گێڕاوە و جگە لە رۆڵگێڕانی بۆ ڕەهەندی سەربازی و ئەمنی لە ڕەهەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریشدا رۆڵی خۆی بەرجەستە کردووە.
هەرێمی کوردستان لە کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و گفتوگۆکانی نێوان قامشلی و دیمەشق لە لایەک و یەکخستنی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵی کارای هەبووە، هاوکات لەو پڕۆسەی ئاشتی کە لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا لە ژێر ناوی چارەسەریی ئیمراڵی، ڕۆڵی کارای گێڕاوە. هەرێمی کوردستان پێی وابووە باشترین ڕێگەچارەی پرسی کورد ئاشتی و گفتوگۆیە نەک شەڕ و لە هەمان کاتدا ئەو گەرەنتییەی بە وڵاتانی دراوسێ داوە کە هەرێمی کوردستان هۆکارێک نییە بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتان بەڵکوو لایەنێکی خێرە بۆ ئاشتی و ئارامی.

وڵاتان پێشتر بە بۆردمانکردن و مووشەکباران و داخستنی دەروزاەی بازرگانی و تەنانەت حاشاکردن لە ناوی یاسایی هەرێمی کوردستان و چەندین ڕێکاری تر ویستوویانە هەرێمی کوردستان بخەنە پەراوێزەوە و بە چاوێکی نزم سەیری هەرێمی کوردستانیان دەکرد بەڵام دواجار دید و تێڕوانینی خۆیان گۆڕی و ئاڵای کوردستان لە تاران لە ڕیزی ئاڵای وڵاتانی تر دەشەکێتەوە و لەسەر مێزی دیپلۆماسیی وڵاتان دادەنرێت.
لەگەڵ گەشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەردانی ئەمەریکای کردووە و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا پێوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا پەرە پێ دەدات کە بە نەیاری یەکتر دادەنرێن و هەرێمی کوردستان رێزی لە بنەماکانی ڕێزگرتن و دیپلۆماسی و بەرژەوەندیی هاوبەشی گرتووە.
بەشدارییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی سەرۆکی حکوومەت یان سەرۆکی هەرێم لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و کۆڕبەندە ناوچەیی و جیهانییەکانی دیکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هەرێمی کوردستان هەرچەندە هەرێمێکی فیدراڵە بەڵام لە جەوهەردا ڕۆڵی دەوڵەت دەگێڕێت و واقیعێکە کەس ناتوانێت حاشای لێ بکات یان پشتگوێی بخات.