تا ئێستا ٦٠٠ ھەزار ھاووڵاتی لە پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای ٢٤ کاتژمێری سوودمەند بوونە، زیاتر لە ٧٠٠ مووەلیدەی ئەھلییش کوژێنراونەتەوە. جێگری پارێزگاری دھۆک، دەڵێت بەپێی ئەو بەرنامەی کە ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ھەموو گەڕەک و کۆڵانەکانی سەنتەری شاری دھۆک بە پڕۆژەی ڕووناکی دەبەسترێنەوە و کارەبایان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، ساڵی داھاتووش پڕۆژەی ڕووناکی ھەموو گوند و شارەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە.
پڕۆژەی نیشتمانیی ڕووناکی، بەفەرمی نرخی کارەبای ڕاگەیاند کە بەشێوەیەک داڕێژڕاوە ٨٠%ـی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان پارەیەکی کەمتر بدەن بە کارەبا لەو بڕەی پێشتر خەرجییان دەکرد بۆ مووەلیدە و کارەبای نیشتمانی، نرخەکان بۆ ماڵان بەشێوەیەک دانراون کەوا (تێاعدی)ـن، واتا چەند کەمتر کارەبا بەکاربھێنیت، کەمتر پارە دەدەیت و ھاووڵاتی بەتەواوەتی بەرپرسیارە لەبڕی بەکارھێنانی کارەباکەی، ھەروەھا ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان تا ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ ئەوەی پاڵپشتی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان دابین بکات لەنێویاندا پاڵپشتی وەرزی، ئەم پڕۆژەیە دەستکەوتێکی گەورەی کابینەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیە، بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.
سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربووانەی دەچنە ناو پڕۆژەی ڕووناکییەوە، بەڕێژەی سەدا ١٥ و ٢٥ تاوەکو سەدا ٥٠ پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان خۆیان ڕابھێنن، ھەروەھا دەبێت بەپێی پێویست کارەبا بەکاربھێنرێت، کە لەم ڕێگەیەوە بەھەدەردان کەمدەبێتەوە.
ھەفتەی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت لە گەڕەکی بەڕۆشکێ لە شاری دھۆک، سەردانی چەند ماڵ و دوکان و فرۆشگە و نانەواخانەیەکی کرد، کە ماوەیەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبایان بووەتە ٢٤ کاتژمێری و لە نزیکەوە گوێی لە سەرنج و تێبینی ھاووڵاتییان لەسەر پڕۆژەکە گرت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بڵاوی کردووەتەوە، ھاووڵاتییان خۆشحاڵی خۆیان بە ئەنجامدانی پڕۆژەکە نیشان دا و دەستخۆشیان لە حکوومەت کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە کە ھەموو کوردستان دەگرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەت ھاتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داواشی لە ھاووڵاتییان کرد، کە زێدەڕۆیی لە بەکارھێنانی کارەبادا نەکەن و بەپێی پێداویستی خۆیان بەکاریبھێنن و بەفیڕۆی نەدەن و ھاوکاری حکوومەت بن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ ئەوەی حکوومەتیش بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی ھاووڵاتییان.
تا ئێستا ٦٠٠ ھەزار ھاووڵاتی لە پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای ٢٤ کاتژمێری سوودمەند بوونە و بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە، ژمارەکە بگاتە یەک ملیۆن سوودمەند لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، لە کۆتایی ئەمساڵیش، سەنتەری سەرجەم شارەکان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری و کۆتایی ٢٠٢٦ـیش ھەموو ھەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت.
لەبارەی کوژاندنەوەی مووەلیدە ئەھلییەکانیش، تیمی پڕۆژەی ڕووناکی، باسی لەوە کرد، زیاتر لە ٧٠٠ مووەلیدەی ئەھلی کوژێنراونەتەوە، کە ھاوتای لابردنی ١٢٥ ھەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان دەکات، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ زیاتر لە ٧ ھەزار مووەلیدەی تایبەت دەکوژێنەوە.
سوودەکانی پڕۆژەی ڕووناکی ھاووڵاتییان پارە کەمتر دەدەن بە کارەبا لە کاتێکدا ٢٤ کاتژمێر کارەبایان ھەیە، ھاووڵاتی خۆی بەرپرسە لە بەکارھێنانی کارەبای خۆی، چەند کەمتر بەکاربھێنیت، کەمتر پارە دەدەیت، لەگەڵ پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان لە ڕێگەی کوژاندنەوەی مووەلیدە ئەھلییەکان، حکوومەت بڕیارە پاڵپشتی زیاتری ئەو ماڵ و یەکە بازرگانییە بچووکەکان بکات، بەتایبەت بۆ ئەوانەی کەوا کارەبایەکی کەمتر بەکاردەھێنن.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەپێی ئەو بەرنامەی کە ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ھەموو گەڕەک و کۆڵانەکانی سەنتەری شاری دھۆک بە پڕۆژەی ڕووناکی دەبەسترێنەوە و کارەبایان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، ساڵی داھاتووش قەزا و ناحیە و گوند و ھەر ناوچەیەکی سنووری دھۆک کە تۆڕی کارەبای نیشتمانی گەیشتبێتێ پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دەچێت.

