دابەزینی ئاستی بێلینگهام جێی نیگەرانیی ریاڵ مەدریدە و هۆشداریی بە یاریزانەكەی دەدات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

جود بێلینگهام، یاریزانی ئینگلیزی لە وەرزی یەكەمی یاریكردنی لە ریاڵ مەدرید لە یەكێك لە دیارترین ئەستێرەكانی یانەكەیەوە بۆ جێی نیگەرانی و دوودڵیی یانەكە دەگۆڕێ، بەهۆی داكشانی ئاستی هونەریی و كاریگەرییەكەی لەسەر ئاستی یانەكەی.

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی ماركای ئیسپانی، ڕەوشی بێلینگهام جێی نیگەرانی و دوودڵی و قسەلەسەركردنە لەنێو كارگێڕیی یانەی هەولێر و دەستەی هونەریی یانەكە بە سەرپەرشتیی كارلۆ ئەنچیلۆتی، لە كاتێكدا كۆدەنگییەك هەیە لەسەر ئەوەی ئەو یاریزانە بگەڕێندرێتەوە ئاستی پێشتری، ئەو ئاستەی كە سەرەتای هاتنی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید پێی دەركەوت.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كە راهێنەران و كارگێڕیی یانەكە، هەوڵ دەدەن هۆكاری ئەو داكشانەی بێلینگهام بزانن، بە تایبەت كە ئەو یاریزانە لە وەرزی یەكەمیدا لەگەڵ یانەكە ئاستێكی نموونەیی پێشكەش كرد لەگەڵ یانەكە و ڕەگەزێكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی ناسناو و دەستكەوتەكان بوو، وەكوو سەركردەیەك ڕۆڵی هەبوو، ئەوەش وای لە یانەكە كرد پەشیمان نەبنەوە لەو بڕەبۆندە گەورەیەی ئەو یاریزانەیان پێ بردە ریزەكانیانەوە. بەڵام لە وەرزی دووەمدا، هەمووانی شۆك كرد و ئەو یاریزانە نەبوو كە لە وەرزی یەكەمدا دەركەوت.
رۆژنامەكە ئیسپانییەكە باسی لەوە كردووە كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بێلینگهام قسەی كردووە بۆ زانینی هۆكارەكانی دابەزینی ئاست و كەمبوونەوەی تەركیز و سەرنجی، لەگەڵ بوونی تێبینیی لەسەر زمانی جەستەی و هەڵسوكەوتی یاریزانەكە لەنێو یاریگە بەراورد بە وەرزی ڕابردوو.
ماركا باسی لەوە كردووە كە كارگێڕیی ریاڵ مەدرید، نیگەرانیی خۆی لە نەبوونی كاریگەریی بێلینگهام دەربڕیوە، وای كردووە هۆشداری بەو یاریزانە بدەن، بە تایبەت كە 100 ملیۆن یۆرۆیان بۆ گرێبەستەكەی داوە و ئێستە ئاستی وەكوو پێویست نییە.
ئەوەی وای كردووە بەرپرسانی یانەكە بێزار بكا، ئەوەیە كە بێلینگهام هەنگاوێكی وای نەناوە ببێتە سەركردەیەك لە نێو یاریگە، بەڵكوولەنێو یاریگە، پەڵپ و ناڕەزایی و گلەیی بەردەوامی لە ناوبژیوان هەبووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لە چەند یارییەك ڕابگیرێ.
سەرەڕای ئەوەش، ریاڵ مەدرید متمانەی تەواوی بە تواناكانی بێلینگهام هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ ئاستی پێشتر و ڕاستەقینەی، لە زووترین كاتدا.
یاریزانەكەش دەركی بەوە كردووە كە ریاڵ مەدرید كاتێكی زۆری پێ نەدا، بۆیە پێویستە بە خێرایی بگەڕێتەوە ڕێچكەی پێشتری و ببێتە ئەستێرە دیارەكەی ریاڵ مەدرید.