بارزان ئەکرەم – هەولێر
ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی قوەجەیە، یارییەکە کاتژمێر(6:00)ـی ئێوارە لە یاریگەی نێودەوڵەتی گەل لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.
یانەی دهۆک بە راهێنەرایەتی مەسعوود میراڵ خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە، گەڕی رابردوو توانیان لە نێو یاریگەی خۆیان بە گۆڵێکی بێوەڵام لە یانەی تەڵەبە ببەنەوە.
مەسعود میراڵی راهێنەر لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر یانەی تەڵەبە کارتی سووری وەرگرت، دوای وەرگرتنی کارتە سوورەکە کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان هەبوو، بۆیە ئەگەری هەیە ئەو راهێنەرە بە ڕەسەن كوردە دووچاری سزابێتەوە و چەند یارییەک رابگیرێت.
مەسعوودی راهێنەر بە پلانی کۆنتڕۆڵی تۆپ و پاساتی کورت رووبەڕووی یانەکان دەبێتەوە، لە ناوەڕاست پشت بە تواناکانی هارون و زانا و پیتەر دەبەستێت، بەڵام لەم یارییە بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتەكانییەوە دهۆك هەردوو مایسترۆی یانەكە زانا عەلی و هارون ئەحمەدی لەدەست داوە.
لە هێڵی پێشەوە، هەڵۆیەكانی بادینان پشت بە تواناکانی یانیك زاکیری و کەریم دەروێش و مارڵۆن سانتۆس دەبەستێت، بەوپێیەی یاریزانی کاریگەر و خێران، دەتوانن جیاوازی لە یارییەکان دروست بکەن.
لە یاریزانە یەدەگەکانی پشت بە توانای رێباز رەحیم، نەجم شوان، پاشەنگ عەبدوڵڵا، ئاکۆ حوزێر دەبەستێت، لە بەرگری مۆیسێس و لۆکاس و بەیار ئەبوبەکر و سیابەند عەگیدی هەیە، گۆڵپارێزی محەممەد ساڵحە، کە رۆڵێکی باشی لە ئەنجامە باشەکانی تیپەکە هەیە.
یانەی دهۆک پێنج یاریی دواخراوی هەیە، بەڵام رۆژی شەممەی داهاتوو یاریی دواخراوی بەرامبەر شورتە لە یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، دواتر چوار یاریی دەمێنێت.
لە دوای گەڕی 34 خولی ئەستیرەکانی عێراق، یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ماوەی 20 رۆژ دەوەستێت، چونکە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی بڕیاریداوە کەمپێکی مەشق و راهێنان لە شاری بەسڕە بکاتەوە، بۆ ئەم دوو یارییەی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن لە ئەگەری بردنەوەی ئەم دوو یارییە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیالی داهاتووی 2026 ل ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک.
یانەی دهۆک لە جامی عێراقیش لە گەڵ یانەی مینا لە قۆناغی هەشتی پاڵەوانێتییەکە ڕووبەڕوودەبنەوە، بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی عێراق دیارنییە.
یانەی دهۆک دوای ئەنجامدانی 28 یاریی 51 خاڵی کۆکردووەتەوە، 15 بردنەوە و 6 یەکسان و 7 دۆڕان هەیە، ئەگەر ئەم یارییە باتەوە ئەوا بە خاڵێک دەکەوێتە پێش یانەی قوەجەویە، چونکە جەویە بە 53 خاڵ لە خانەی پێنجەمی ریزبەندی دێت.
یانەی جەویە ئەم وەرزە کۆمەڵێک گرێبەستی گەورەی ئەنجامدا، لەگەڵ ویسام رزکی قەتەری وەک راهێنەری تیپەکە گرێبەستی کرد، بەڵام ئەنجامەکانی یانەکە لە پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگی ئاسیای دوو، زۆر خراپ بوو، لە بردنەوەی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بێ هیوابووە، بەڵام لە جامی عێراق لە قۆناغی هەشتەمە، حەمە ئیتۆ و عەلی شاخەوان لە یانەکانی نەورۆز و هەولێرەوە پەیوەندیان بە یانەی جەویە کرد.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی بە نیازە بۆ وەرزی نوێ لەگەڵ خولی ئەستێرەکانی عێراق پاڵەوانێتییەکی نوێ بۆ عێراق بکاتەوە، کە لە شەش یانە پێکهاتووە، چوار یانە لە ریزبەندی پێشەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەگەڵ یانەکانی یەکەم و دووەمی جامی عێراق بەشداردەبن، بەڵام ئەگەر ئەو دوو یانەیەی لە جام بەشداریدەکەن، لە ریزبەندییەکانی پێشەوەبوون، ئەوا یانەکانی خانەی پێنجەم و شەشەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشداردەبن.
یانەی دهۆک دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو، پێشنیاری کردنەوەی ئەم پاڵەوانێتیەی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی کرد، داواشی کرد پاڵەوانێتییەکە لە سێ ساڵی داهاتوو لە شاری دهۆک بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا ئاشكرا نەکراوە کەی و لەکام شار بەڕێوەدەچێت.
رۆژی سێشەممە یانەی هەولێر لەگەڵ یانەی تەڵەبە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری یاریدەکات، لەهەمان رۆژدا یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ یانەی قاسم یاریدەکات.