ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەمیشە چێژی زیاتر لەو کتێبانە دەبینم کە سەبارەت بە گەورە نووسەران و ژیان و ئەزموونەکانیان نووسراوە، یان خۆیان ژیان و ئەزموونەکانیان دەگێڕنەوە. بیرەوەرییەکانی بۆرخیس، نیرۆدا، پاموک، مارکیز، ڕافائێل ئەلبێرتی، و لویس بۆنیۆل و نیکۆس کازانتزاکیس لە ڕێزی ژیاننامەی ئەو نووسەرانەن، کە جوانی و بەهێزی و بەپێزییان کۆتایی نایەت و لە هەر یەکێکیاندا کۆمەڵێک وانە و ئەزموون دەچنینەوە کە هەم بۆ ژیان و هەم بۆ نووسین لێیان بەهرەمەند دەبین، چونکە ئەوان بەر لە ئێمە بە کۆمەڵێک ڕێگەدا ڕۆیشتوون، کە دەشێ ئێمەش ببینە ڕێبواری ئەو ڕێگایانە.
ماڵئاوا گابۆ و مێرسیدیس؛ دەچێتە خانەی ئەو کتێبانەی سەبارەت بە بەشێک لە ئەزموون و کۆتا ساتەکانی گابریل گاریسا مارکیز ناسراو بە “گابۆ”یە، کە ڕۆدریگۆ گاریسیا-ی کوڕی نووسیویەتی و جەبار سابیر کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 149 لاپەڕەدا بە چاپی گەیاندووە. کتێبەکە گەشتێکی کورت و خێرایە بە بەشێک لە بۆچوونەکانی مارکیزدا و هاوکات نووسینەوەی بەشێک لە ژیانی ئەم نووسەرەیە لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانیدا. لەوێدا نووسەر هەندێک لەبیروەرییەکانی لەگەڵ باوکیدا دەگێڕێتەوە و لەسەرەتادا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جارێک لە کۆتاییەکانی تەمەنی شەت ساڵیدا لە باوکی پرسیوە: شەو پاش گڵۆپەکان بیر لە چی دەکەیتەوە؟ وەڵامی دایەوە: “پێموایە هەموو شتێک تاڕادەیەک تەواو بووە.” ئەوەش دەخاتەڕوو کە دەڵێت دواتر وتی: بەڵام هێشتا کات هەیە و پێویست ناکات زۆر نیگەران بین. لە دواتردا دەڵێت کاتێک تەمەنی گەیشتە هەشتا ساڵی و پرسیاری بارودۆخیم کرد وەڵامی دایەوە: “کۆتایی ژیان نزیکە و ڕوانگەیەک کە لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا بەدەستی دەهێنی، بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە.”
ئەوەی زۆرجار هانم دەدات بۆ خوێندنەوەی ئەم جۆرە لە ئەزموون و کتێبانە ئەوەیە کە بزانم دوای ئەو تەمەنە بەچی گەیشتوون، چونکە بەبێ ڕێنوێنی ئەوانی بە ئەزموون دەشێ ئێمە هەڵەکان دووبارە بکەینەوە. ئەم کتێبە ئەگەرچی لە قەبارەدا بچووکە، بەڵام گەلێک بۆچوون و تێڕوانینی دیکەی ئەم نووسەرە و کۆتا ساتەکانی ژیانی تێدایە تا دەگاتە ئەوەی ڕۆدریگۆ دەڵێت کە باوکم نەخۆش کەوت ویستمان زۆر بەبێ دەنگی بیبەینە نەخۆشخانە و کەس ئاگادار نەکەینەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی پێیانزانی ئیدی میدیاکان وازیان نەدەهێنا و لە نەخۆشخانەش پێگەیەکی تایبەتیان بۆ باوکم دیاری کرد، ئیدی لەوێوە تێگەیشتین، کە خۆشکەوتنی گابۆ پرسێکی تایبەتی ئێمە نییە بەڵکو پرسێکی گشتییە. لێرەوە تێدەگەین کە نووسەران تەنها موڵکی بنەماڵەکانیان نین، بەڵکو موڵکی تەواوی نەتەوەکەن و ئەمەش لەنێو نەتەوەی زیندوودا باشتر و سەنگینتر دەردەکەوێت.
سەبارەت بە خوێندنەوە ڕۆدریگۆ ئەوە دەخاتەڕوو کە باوکی هەموو شتێکی خوێندووەتەوە لە گۆڤارەوە بۆ بیروەرییەکانی محەمەد عەلی کلای و بۆ ڕۆمانی زۆرێک لە نووسەرەکان. ئەمەش پێماندەڵێت ڕۆماننووس خوێنەرێکی ئاسایی و تایبەت نییە، بەڵکو خوێنەرێکی ئینسایلکۆپیدیاییە و پێویستە سەبارەت بە هەموو شتێک زانیاریی هەبێت و سەرچاوەکانی خوێندنەوەی جیاواز و فرەجۆر بن. بەڵام لێرەدا دەپرسین ئایا سەرچاوەکانی خوێندنەوەی بەشی هەرە زۆری ڕۆماننووسانی کورد چییە؟ ئایا فرەسەرچاوە و فرەجۆرە، یان خوێندنەوەیەکی ناچارییە؟
ڕۆدریگۆ ئەوەش دەخاتەڕوو کە باوکی گرنگییەکی زۆری بە ئەزموونکردنی شتەکان دەدا بۆ ئەوەی لەبارەیانەوە بنووسێت و تاکە شت کە ڕقی لێ بوو مردن بوو کە نەیدەتوانی هیچی لەبارەوە بنووسێ. دەڵێت: “زۆربەی جار دەیوت “ئەگەر دەتوانن بێ نووسین بژین، هیچ مەنووسن. من لەڕیزی ئەو کەسانەم ناتوانن بێ نووسین بژین.” نووسین بۆ مارکیز شێوازێکی ژیانکردن بوو و هونەرێکی ناچاریی نەبوو، یان لە بێکارییدا پەنای بۆ نەبردبوو، بەڵکو جۆرێک ئەزموونکردنی ژیان و هەڵبژاردنی شێوازێکی ژیان بوو.
ئەم کتێبە بچووکە، گەشتێکی گەورە و خێرایە بەنێو بەشێک لەژیانی ئەو نووسەرەی “زیندوو بوو بۆ ئەوەی بگێڕێتەوە” و بۆ ئەوەی “سەد ساڵ تەنیایی” خۆی و گەلەکەی بکاتە شاکارێکی ئەدەبی و هەر ئەو شاکارەش بیگەیەنێتە خەڵاتی نۆبڵ. ئەو ویستی “خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرا”دا پاکی و ڕاستگۆیی خۆی لەدەست نەدات و “سانتیاگۆ نەسار”یش چیرۆکی مەرگەکەی بە ئاشکرا و لەبەرچاوای هەمواندا بێت.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و دەزگای سەردەم و ئەم بەرهەمە ناوازەیە، کە کۆمەڵێک وانەی گرنگی لە ژیانی ئەم نووسەرە ئەزمووندارە تێدایە.