د. فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٣٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پێکدێنن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەوڵەمەندە بە ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاری، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پلانێکی تایبەتی بۆ ئەم ناوچەیە پێیە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٣٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پێکدێنن، ساڵانە سەدان ھەزار گەشتیار لە خۆ دەگرێت. د.فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سۆران بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری چوار وەرزە و ئەمە لە ھیچ ناوچەیەکی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەدی ناکرێت، ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار داھاتی فرۆشگە و ناوچەگەشتیارییەکانی کەرتی تایبەتە لە‌ڕێگەی گەشتوگوزارەوە.

*ھۆکار چییە حکوومەتی ھەرێم گرنگی زۆری بە کەرتی گەشتوگوزار داوە؟
-بابەتی کەرتی گەشتیاری بابەتێکی گرنگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش زۆر گرنگی بەو کەرتە داوە، سەبارەت بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەپێی ئەو بنەما گرنگە گەشتیاریانەی کە ھەیەتی جێگەی تێڕامان و ھەڵوەستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەم، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دراوە و بووەتە یەکێک لە کارە ھەرە پێشینەکان و گرنگی و پەرەپێدانیش لە چەند ڕوویێکەوە لە خۆ دەگرێت، یەکەمیان ئەوەیە ھەوڵ دراوە لەپێناو چاککردنی ژێرخانی گەشتیاری لە ناوچەکە بەتایبەتی لە بابەتی ڕێگەوبان و گەیاندنی ڕێگەوبان بۆ زۆربەی ئەو ناوچە گەشتیاریانەی کە بوونەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران، بەتایبەتی سیدەکان، باڵەکایەتی، ڕواندز، خەلیفان و مێرگەسۆر، لایەنێکی دیکەی گرنگی دانی حکوومەتی ھەرێم ئەوە بووە کە دەرفەتی ڕەخساندووە لە پێناو وەبەرھێنەران و ئاسانکاری بۆ کردوونە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە کەرتی گەشتیارییدا بکەن، بە بنیاتنانی پڕۆژەی گەشتیاری، لەم سۆنگەیەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ پڕۆژە ڕێگەیان پێدراوە و پەسەند کراون لەلایەن دەستەی وەبەرھێنان و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆرانیش بەشێکیان خراونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لایەنێکی دیکەی گرنگی دانی حکوومەتی ھەرێم بە کەرتی گەشتیاری ئەوەیە کە ماستەرپلانێکی گەشتیاری تایبەتی بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاری لەسەر کردووە، ئەو ماستەرپلانە بۆ ئەوەیە کەرتی گەشتوگوزار لە بابەتە لۆکالییەکەی بێتە دەرێ و ببێتە بابەتێکی نێودەوڵەتی ئەوەش بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، ئێستاش ماستەرپلانەکە بەشێکی چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەتایبەتی گرنگیدان بە گەلی عەلی بەگ، چیای باپشتیان و بێخاڵ وەکو قۆناغی یەکەم، لەگەڵ دروستکردنی کۆڕنێش لە کاولۆکان بۆ جوندیان، یەکێک لە ئامانجەکانمان ئەوەبووە کە ھەوڵ بدەین سۆران ببێتە پاکێجی گەشتیاری سەربەخۆ، وەکو ناوچەیەکی گەشتیاری کە گەشتیار لە یەکەم وێستگەی ھەستانی ڕاستەوخۆ بێتە سۆران، ئەمەش بەوە دەکرێت کە چالاکی زیاتری گەشتیاری لە ناوچەکە بکرێت، لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەی نوێ بێتە کایەوە بەتایبەتی بۆ شەو مانەوە و زیادکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکان، وەکو ھۆتێل، مۆتێل و چێشتخانەی مۆدێرن کە ببێتە ھۆکاری ھاتنی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکە، سەرباری ئەوەش ھەوڵدان بۆ زیادکردن، یان وەرزیکردنی کەرتی گەشتیاری بۆ چوار وەرزە، ئەمەش یەکێک بووە لە ئامانجەکانی ئێمە بەڕاستی تاڕادەیەکی زۆر باش توانیومانە سەرکەوتوو بین و ئێستا سۆران بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری چوار وەرزە کە ئەمە لە ھیچ ناوچەیەکی دیکەی ھەرێمی کوردستان بەدی ناکرێت.

*ئیدارەی سۆران دەتوانێت چەند گەشتیار لە خۆ بگرێت؟
– مانەوەی گەشتیاران بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێن، لە وەزری ھاوین توانای لە خۆگرتنی زیاتر لە ١٥ ھەزار گەشتیارمان ھەیە، بەڵام لە وەزرەکانی دیکە دەگۆڕێت لە وەرزی زستان شەوانە توانای ٣ ھەزار گەشتیارمان ھەیە، بەڵام ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت پڕۆژەکانی ھۆتێل و مۆتێل گرنگی پێ بدرێت و لە داھاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی زۆر سەرنجڕاکێش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێنەوە.

*ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە سەدا چەندی ھەموو ھەرێم پێکدێنن؟
– بەپێی ئەو ڕووپێویەی کە کراوە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران لە سەرووی ٣٠%ی ھەموو ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پێکدێنن، ھەروەھا لە سەرووی ٨٠%ی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەولێر لە خۆ دەگرێت.

*ساڵانە چەند گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن، یان داھاتی ئەو کەرتە چەندە؟
-ساڵانە ڕێژەی گەشتیاران لە بەرزبوونەوەدایە، ئەگەر لەگەڵ چوار ساڵی ڕابردوو بەراورد بکەین، ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران لەسەرووی ١٠٠ دوو سەد زیادی کردووە، داھاتەکەشی بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، بەڵام ڕێژەیەکی بەرچاو لە داھات و جووڵەی بازرگانی لە ناوچەکە دروست دەکات بەتایبەتی لە بابەتی جووڵەی بازاڕ و بابەتی شەو مانەوە یان ھۆکارەکانی گواستنەوە ھەموو ئەمانە دەرفەتی کاری بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە بەتایبەتی ئەگەر بکەینە پێوەر بووژانەوەیەکی باشی لە ئاوەدانی و ئابووری گوندەکان دروست کردووە، لەبەر ئەوەی گەشتیاری لە زۆر گوندنشینەکان بووەتە یەکێک لە ھۆکارەکانی داھات و سەرچاوەی بژێوی بۆ خەڵکەکە، بۆ نموونە لە وەرتێ و خەلیفان حەرەکەیەکی زۆر باش ھەیە، بەپێی ئامارەکان لە ھەر چوار وەرز، نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار دێنە شوێنەگەشتیارییەکانی ناوچەکە، ساڵانەش زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار داھاتی فرۆشگە و ناوچەگەشتیارییەکانی کەرتی تایبەتە لە‌ڕێگەی گەشتوگوزارەوە، بووژانەوەی خێرای کەرتی گەشتیاری وای کردووە دۆخی ئابووری دەڤەرەکە بەرەو باشتر بچێت، چونکە گەشتیاران بازاڕی ناوچەکەیان پڕ کار کردوووە ‌و ئەو خەرجیەی گەشتیار دەیکات ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی کاسبکارانەوە.

*بە کشانەوەی پەکەکە کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە چی بەسەر دێت؟
– ئەو ھەنگاوەی نراوە ھەنگاوێکی زۆر باشە، ئەو ئالۆزیانەی کە لەناوچە سنوورییەکان ھەن، ئەوەش ھۆکار بووە کە نەتوانین وەکو پێویست بگەینە ھەندێک ناوچە، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت بۆ کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە زۆر باش دەبێت، چونکە ناوچەکەی ئێمە یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی زۆرترین سوود لەو پرۆسەیە وەردەگرێت، ھەر لە مێرگەسۆر بگرە تا دەگاتە باڵەکایەتی کاریگەری ئەو بابەتەیان لەسەر بووە، ئێمە نەمان دەتوانی بگەینە زۆر لەو ناوچە گەشتیاریانەی کە بەڕاستی نموونەیان نییە نەک تەنیا لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی ھەموو جیھان، بۆیە پێمانوایە لە ساڵانی داھاتوودا بە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە ڕەنگدانەوەیەکی زۆر ئیجابی دەبێت لەسەر چوونە پێش و بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە.

*دەروازە سنوورییەکانی ناوچەکە کاریگەریان ھەبووە لەسەر بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیاری؟
-یەکێک لە باشترین ھۆکارەکانی ھاتنی گەشتیاری بیانی بۆ ناوچەکانی ئێمە بوونی ئەو دەروازە سنووریانەیە، ئەو دەروازانە وایان کردووە کە ڕێژەیەکی بەرچاوی گەشتیار لەو دەروازانە داخیلی ھەرێمی کوردستان ببن، کە پێمانوایە ڕێژەی ١٥%ی ھاتنی گەشتیاران لە سنووری ئێمە لەڕێگەی ئەو دوو دەروازەیە بووە، ئەگەر ئەو دەروازانە بەتایبەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت زیاتر بە فەرمی بکرێت کاریگەری زۆر ئیجابی دەبێت، ڕەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت کۆمپانیا و گرووپاتە گەشتیارییەکان زیاتر دێنە ناوچەکە، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر بووژانەوە و بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیاری لە ئیدارەی سۆران و ھەرێمی کوردستان.