یەڵدا هەرکی

یەڵدا هەرکی

نامەوێت هیچ شتێکی من لە ئاوەزی بادا بمێنێتەوە
كە ئارامیی چڵەدارێک بشێوێنێت
نە داخێک لەسەر پێستی خاك
نە تۆزێك لە گەرووی تیشک..

هاتووم تا بە بێدەنگی نەرم، نەرم تێپەڕم..
تا لە ڕووناکی پشکێک وەرنەگرم
گەر تیشکێکم نەداوە بە شوێنێک
تا لە خاک، داوا نەکەم
ئەگەر هیچ دەنکۆڵەیەکم پێ نەسپاردبێت

نامەوێت لە شوێنپێم، نشێوییەک بمێنێ
زەوی،
زۆر ماندووە لە هاتن و چوونەکانمان
بێ تێگەیشتن لە ڕەگەكان..

ئەگەر ئەم ژیانە
تەنیا قوومێکە لە بێسنووری بوون
جا بێڵە،
قوومێک بم كە گەروو نەسوتێنێ..

نامەوێت ژیان قەرزی گوڵەکان بێت لای من!
و بە تاریکی قەرەبووی بکەمەوە..

دەمەوێت
ڕۆژێك كە نەبونم ڕوویدا
كەسێك كە من ناناسێت،
نەک ناوم،
ئەگەر لەو شوێنە تێپەڕبوو كە ڕۆژێك هەناسەم تیادا كێشاوە
هەست بكات
هەوا كەمێك پاکترە
هەر ئەوە بەسە…