ئافرەتانی هەولێر و ئافرەتانی دهۆک گەیشتنە یاری کۆتایی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

بەبەشداریی ٨ یانە کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکرا بوون، خولی فوتساڵی کچانی کوردستان بەردەوامە و یارییەکانی چوارگۆشەی زێڕین کۆتاییان هات، لە یارییەکانی گەڕانەوەی پێش کۆتایدا یانەی ئافرەتانی هەولێر بە شەش گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنیان تۆمار کرد و ئافرەتانی دهۆکیش بە شەش گۆڵی بێ بەرانبەر سەرکەوت بەسەر کچانی سیروانی هەڵەبجە.

شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە
بەهۆی ئەوەی کە ئەم وەرزە ژمارەی یانەکان کەمە، شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە جیاواز بوو، ساڵانی ڕابردوو هەموو یانەکان بەیەکەوە بوون و خولەکە بەیەک قۆناغ بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەم وەرزە بەشێوازی چوون و هاتن یارییەکان ئەنجامدارن، هەر یانەیەک لە قۆناغی یەکەم شەش یاری ئەنجامدا، سێ یاری لە یاریگەی خۆی و سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی هەردوو کۆمەڵەکە گەیشتنە چوار گۆشەی زێڕین، کە بریتی بوون لە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و سیروانی هەڵەبجە، لە کۆمەڵەی یەکەم و یانەکانی ئافرەتانی دهۆک و چەمچەماڵ لە کۆمەڵەی دووەم، لەو قۆناغەیشدا پلەی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم بەیەکەوە یاریدەکەن، پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمیش لەگەڵ پلەی دوومی کۆمەڵەی یەکەم یاریدەکات.
بەمشێوەیە لە یاری چوونی قۆناغی دووەمدا یانەی ئافرەتانی دهۆک ڕووبەڕووی یانەی سیروانی هەڵەبجە بووەوە و هەردوو یانە بە گۆڵێک یەکسان بوون، لە یاری دووەمیشدا یانەی ئافرەتانی هەولێر لەگەڵ یانەی چەمچەماڵ یاری کرد و بە نۆ گۆڵی بێ بەرانبەر یاریەکەی بردەوە، لە یارییەکانی گەڕانەوەی ئەم قۆناغەیش ڕۆژی هەینی ڕابردوو یارییەکانی ئەنجامدران و ئافرەتانی هەولێر بە شەش گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنیان تۆمار کرد و ئافرەتانی دهۆکیش بە شەش گۆڵی بێ بەرانبەر سەرکەوت بەسەر کچانی سیروانی هەڵەبجە، بەمشێوەیە لە یاری کۆتایدا کچانی هەولێر و دهۆک لە پێناو بەرزکردنەوەی جامی خولەکە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
ئافرەتانی دهۆک لە ٨ یاری رابردوودا توانیویەتی ٦٢ گۆڵ تۆمار بکات و وەرزی ڕابردوو بووە پاڵەوانی خولەکە، کە دووەم جار بوو لە مێژووی یانەکە، ئافرەتانی هەولێریش کە لەم وەرزە لە کۆی ٨ یاری ٣٨ گۆڵیان تۆمار کردووە و سێ جار بۆتە پاڵەوانی خولەکە، چاوی لەوەیە بۆ جاری چوارەم ناسناوەکە بگەڕێنێتەوە هەولێر، تا ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کات و شوێنی یاری کۆتایی خولەکەی دیاری نەکردووە.

ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە:
١- سیپەل شکور –ئافرەتانی دهۆک ٢٨ گۆڵ
٢- یوسرا ئیبراهیم –ئافرەتانی دهۆک ١٦ گۆڵ
٣- شۆخان نورەدین –ئافرەتانی هەولێر ١٦ گۆڵ
٤- پرژە نیزام –چەمچەماڵ ١١ گۆڵ
٥- سارا ستار –رەواندز ١٠ گۆڵ
٦- غەمگین مەحموود –سیروانی هەڵەبجە ٨ گۆڵ