سلێمان تاشان – ههولێر
دانانی نرخی نوێی کارەبا لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەرخستنی پڕۆژەی ڕووناکی کۆمەڵێک سوودی بۆ کوردستان هەیە کە گرنگترینیان بریتییە لە بەدیهێنانی کلتووری بەکاربردنی کارەبا کە لە ڕابردوودا لەمپەری سەرەکیی بووە لەبەردەم ئەوەی هیچ کاتێک حکوومەت نەتوانێت کارەبای بیست و چوار سەعاتی دابین بکات. کلتووری بەکاربردنی کارەبا سوودێکی فرەڕەهەندی بۆ سەر پاراستنی سامانی گشتی وتەندروستی و پاکڕاگرتنی ژینگە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان هەیە.
یەکێک لە کێشەسەرەکییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی کە خەڵکێکی زۆر بەهۆیەوە نیگەران ببوون و جۆرێک سەرلێشێواوی لە نرخی بەکاربردنی کارەبا هێنابووە کایەوە، دەستنیشان نەکردنی نرخ بوو و لە میدیاکان نرخی جیاواز بڵاو دەکرایەوە و هاووڵاتییانیش لە ڕێی پسوولەکانیان ئەوەیان ئاشکرا دەکرد کە پارەیەکی زۆریان بۆ هاتووەتەوە. پڕۆژەی ڕووناکی کە زیاتر لە ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی کراوە ئەو کێشەیەی چارەسەر کرد و کۆبوونەوەی چوارشەمی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگی وەزیرەکان نرخی نوێ پەسند کرا.
بەگوێرەی نرخی نوێ چوارسەد كیلۆواتی یهكهم لە ماوەی مانگێکدا به حەفتا و دوو دینار، چوارسەد كیلۆواتی دووهم به سەد و هەشت دینار دهستنیشان كراوه. بۆ چوارسەد کیلۆواتی سێیەم سەد و حەفتا و پێنج دینار و چوارسەد کیلۆواتی چوارەم دووسەد و شەست و پێنج دینار دەستنیشان کراوە و هەر جۆرە بەکارهێنانێک کە لە ماوەی مانگێکدا بگاتە سەرووی هەزار و شەشسەد کیلۆ وات بەرەو ژوور بۆ هەر کیلۆواتێک سێسەد و پەنجا دینار لەسەر هاووڵاتیی دەکەوێت.
لە سیستمەکەدا ڕەچاوی توانای دارایی خەڵک کراوە و ئەوەندە هەرزان نییە کە خەڵک بە ئیهمالیەوە بەکاری بهێنێت و گوێ بە پارەکەی نەدات و ئەوەندەش گران نییە کە لە توانای ماڵێکی مامناوەندیدا نەبێت خەرجییەکانی دابین بکات. کۆی ئەو پارەیەی پێشتر بە مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی دەدرا ئەم جارە تەنیا بە یەک سەرچاوەی دەدرێ کە دەکرێ بۆ خێزانێک کەمتر بۆ یەکێکی تر زیاتر بێت و بەوە گرێ دراوە لە مانگەکەدا چەند کیلۆوات بەکار دەهێنرێت.
یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەو سیستمە نوێیە ئەوەیە کلتوور و ڕۆشنبیریی بەکاربردن لە کوردستان دەهێنێتە کایەوە کە قازانجێکی فرەرەهەندی لەسەر ئابووری و ژینگە و پاراستنی سامانی نیشتمانی دەبێت.
هەر چەندە هەموو هاووڵاتییەک حەز دەکات ئەو خزمەتگوزارییەی بۆی دابین دەکرێ بەخۆڕایی یان کەمترین نرخی هەبێت و زۆر هەرزان بێت بەڵام ئەمە دەست نادات. نرخی پێشتری کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە هەژدە دینارەوە دەستی پێ دەکرد و ئەوەندە هەرزان بوو کە هیچ کاتێک نەیتوانی کلتووری بەکاربردن بهێنێتە کایەوە و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی هەرێمی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردوودا هیچ کاتێک نەبێتە خاوەن کارەبای بیست و چوار سەعاتی. تەنانەت لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی داراییەوە لە لووتکەی تواناکانی خۆیدا بوو نەیتوانی لە دابینکردنی کارەبای بیست و چوار سەعاتی سەرکەوتوو بێت.
حکوومەت ساڵ هەبووە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری لە بەرهەمهێنانی کارەبا خەرج کردووە بەڵام نەیتوانیوە پێداویستییەکان دابین بکات، وزەیەکی زۆر سووتاوە، لەجیاتی ئەوەی سەعاتەکنی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد بن ژمارەی مۆلیدەکان زیادیان کردووە و دووکەڵ و ژاوەژاو پەرەی سەندووە.
ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین هەمان نرخی جاران بۆ پڕۆژەی ڕووناکی دابنرێت ئەوا پڕۆژەکە هەر لە شوێنی خۆی شکست دەهێنێت چونکە حکوومەت نەک سێ هەزار مێگاوات تەنانەت دە هەزار مێگاوات و زۆر زیاتریش بەر هەم بێنێت ناتوانێت بیست و چوار سەعات کارەبا دابین بکات.
توانای ژێرخانی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێناندا بە قسەی وەزیری کارەبا سەرووی هەشت هەزار مێگاواتە بەڵام کەمتر لە نیوەی بەرهەم دەهێنرێت و ئەگەر کارەبا وەک پێویست بەکار بهێنرێت ئەوا هەر ئەو ژێرخانەی کارەبای کوردستان بەشی سەرجەم پێداویستییەکانی کوردستان بە کارەبا دەکات.
بەپێی پڕۆژەی ڕووناکی تا کۆتایی ئەمساڵ ناوەندی تەواوی پارێزگاکانی کوردستان کارەباکەیان دەبێتە بیست و چوار سەعاتی و تا کۆتایی ٢٠٢٦ کارەبای هەموو کوردستان دەبێتە بیست و چوار سەعاتی، هەزاران مۆلیدە دەکوژێنرێنەوە و خەڵک لە ژاوەژاو و دووکەڵ و نەخۆشی ڕزگار دەکرێن.
رەنگە لە مانگەکانی یەکەمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە خەڵکێک بەهۆی کلتوری خراپی بەکارهێنان پارەیەکی زیاتریان بۆ بێتەوە بەڵام دوای چەند مانگێک هەمووان فێری ئەوە دەبن بەشی پێداویستییەکانیان کارەبا بەکار بهێنن، ئەگەر ژوورێک بە دوو گڵۆپ ڕووناک دەبێتەوە پێویست ناکات هەشت گڵۆپ پێ بکەیت، ئەگەر پێشتر گڵۆپێکی حەوشە ٢٤ سەعات داگیرسابوو ئەوا دەکرێ بە ڕۆژ بکوژێندرێتەوە و کلتووری بەکاربردن نەک بۆ کارەبا بۆ ئاو و پێداویستییەکانی تریش بچەسپێنرێت، کلتوورێک کە ئایینیش پەسندی دەکات.