دوای خۆچەککردنی پەكەكە چارەنووسی یەپەگە چی لێ دێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوای ئەوەی پەكەكە لە كۆنگرەی ١٢ـی خۆیدا بڕیاری دا خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەك دابنێت، پرسی یەپەگە لە رۆژئاوای كوردستان، یەكێك لەو پرسانەیە زۆر قسەی لەسەر دەكرێت، چونكە تاوەكوو ئێستا توركیا یەپەگەی پێ تیرۆرستە و دەڵێت دەبێت ئەوانیش چەك دابنێن، چونكە پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان روونە، دەڵێت پەكەكە و هەموو ئەو گروپانەی سەر بە پەكەكەن دەبێت چەك دابنێن.

سەركردەكانی سەر بە ئاكەپە، دەڵێن پێویستە یەپەگەش چەك دابنێت، بەڵام بابەتی یەپەگە قسەی زۆری لەسەر دەكرێت و بۆچوونەكان لەو بارەیەوە جیاوازن.
رێکەوتی ١٠/٣/٢٠٢٥، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە، كە یەپەگە هێزێكی سەرەكیی سوپاکەیە، رێككەوتنێكی هەشت خاڵیی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی حكوومەتی راگوزەری سووریا ئیمزا كرد، توركیا دەیەوێت ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت.
هاكان (خاقان) فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، داوا دەكات بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی مەزڵووم و شەرع كردوویانە، دەبێت یەپەگە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و هێزەكانی بچنە سەر وەزارەتی بەرگری توركیا، هەروەها هەموو ئەو چەكدارانەشی لەناو یەپەگەدان و سووری نین، پێویستە چارەنووسی ئەوان لەلایەن حكوومەتی سووریاوە دیاری بكرێت.
ئەو رۆژەی پەكەكە بڕیاری دا خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەك فڕێ بدات، ئەسەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەگەڵ هاكان فیدان و وەزیری دەرەوەی ئوردن بەیەكەوە بوون لە ئەنكەرا، دوای كۆبوونەوەی لوتكەی ئەو سێ وەزیرە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان کرد و لەوێدا شەیبانی سوپاسی پەكەكەی كرد كە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە.
باسی لەوەش كرد، ئەوان نیەتێكی باشیان هەیە، كە رێككەوتنەکەی ١٠/٣ـی نێوان شەرع و عەبدی جێبەجێ بكرێت، كە یەپەگە بچێتەوە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا.
شەیبانی گوتی: ”ئێمە قبووڵ ناكەین هەسەدە، خۆی دوا بخات لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی كراوە، چونكە حكوومەتی سووریا دەیەوێت دەمەزراوەكانی ئەو ناوچانە ئاكتیڤ بكاتەوە، ئەمەش تەنیا پەیوەندیی بەوەوە نییە كە حكوومەتی سووریا كاریگەریی لەسەر ئەو ناوچەیە هەبێت، نەخێر بۆ ئەوەیە كە ملیۆنان هاووڵاتی سووری كە ئاوارەی وڵاتان بوونە، بەو هەنگاوە و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بگەڕێنەوە ناو ماڵوحاڵی خۆیان.“
پاشان هاكان فیدان قسەی كرد، ئەو راستەوخۆ داوای نەكرد یەپەگە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام گوتی یەپەگە لە سووریا، مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی سووریا وەكوو هێزێكی داگیركاریش ناوی هێنا.
ئایا ئەمریكا سەربازەكانی لە رۆژوئاوا دەكشێنێتەوە؟
ئەوەی گرنگە بەلای ئەنكەراوە، ئایا ئەمریكا سەربازەكانی لە رۆژئاوای كوردستان دەكشێنێتەوە، چونكە ئەگەر بیكشێنێتەوە، ئاسانتر دەتوانن یەپەگە لەناو ببەن، بەڵام ئەگەر ئەمریكا ئەو هەنگاوە نەنێت، كەواتە پرسی خۆچەککردنی یەپەگە، پەیوەست نییە بە بڕیاری ئۆجەلان یان گۆنگرەی پەكەكە، بەڵكوو ئەو مەلەفە لەدەستی ئەمریكایە و ئەو بڕیار لە چارەنووسی یەپەگە دەدات.
وەكوو ئەوەی میدیاكان باسی دەكەن، ئەمریكا ١٤٠٠ سەربازی لە رۆژئاوای كوردستاندا هەیە، بۆیە فیدان لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: ”ئیدی ئەو ناوچەیە پێویستی بەوە نەماوە هێزەكانی ئەمریكای لێ بێت و ئیتر ئەوان پێویست نین.“
باسی لەوەش كرد، وەكوو توركیا چاوەڕێن لەو ڕووەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەنگاوی كشانەوەی هێزەكانی بدات.
فیدان، دوپاتی دەكاتەوە، كە توركیا و سووریا و ئوردن، رێك كەوتوون كە ئەو كەمپانەی هەزاران چەكداری دەستگیركراوی داعشیان لێ راگیراوە و لە دەستی یەپەگەدان، ئەوان دەتوانن بەڕێوەی ببەن، هەروەها دەتوانن لە شوێنی یەپەگە رووبەڕووی داعش ببنەوە.
ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، توركیا نایەوێت لەم كاتەدا لەبارەی یەپەگە لەگەڵ ئەمریكا بكەوێتە كێشەوە، دەیەوێت بە شێوەی دیپلۆماسی ئەمریكا رازی بكات، دەستبەرداری یەپەگە بێت و گلۆپی سەوزی بۆ پێ بكەن تا پەلاماری یەپەگە بدەن، بەڵام ئایا ئەمریكا رێگە دەدات و ئەو رێككەوتنە لەگەڵ توركیا دەكات؟