كارزان گلی – ههولێر
پەكەكە، لە كۆنگرەی ١٢ـی دا، بڕیاری دا چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەیشی قسەی لەبارەوە دەكرێت، قۆناغەكانی خۆچەککردنی پەكەكە چۆن دەبێت؟ تاوەكوو ئێستا روون نییە قۆناغەكان چۆنن، بەڵام چەند رۆژنامەنووسێكی توركیا، لەو ڕووەوە زانیاری بڵاو دەكەنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیاكانی سەر بە ئاكەپە بڵاویان كردووەتەوە، خۆچەککردنی پەكەكە، لە سێ شوێن دەبێت، یەكەمیان لە سلێمانی، دووەم دهۆك و سێیەمیش لە كۆیە دەبێت، بەڵام ئالیەتی چەكدانان و چۆنیەتیی چەكدانان نەزانراوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لێیان پرسی، پەكەكە چۆن چەك دادەنێت؟ گوتی: ”دەزگای هەواڵگری توركیا لەو ڕووەوە خەریكە و ئەوان ئامادەكاری ئەنجام دەدەن“
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، لە قۆناغی یەكەمدا پەكەكە، بە نێوەنگیری لایەنی سێیەم چەك دادەنێت، چونكە ئەگەر لایەنی سێیەم نەبێت، چەكدانان رێچكەی یاسایی خۆی وەرناگرێت، بەڵام روون نییە لایەنی سێیەم كێیە؟
نەوزاد چیچەك، رۆژنامەنووسی نزیك لە ئاكەپە، دەڵێت ئەو پرۆسەیەی دەستیپێكردووە، تا گەیشتە ئەوەی پەكەكە چەك دابنێت، مۆدێلێكە تایبەت بە توركیا، واتە توركیا مۆدێلی هیچ وڵاتێكی لەو ڕووەوە وەرنەگرتووە.
ئەم گوتەیەی چیچەك دەیسەلمێنێت، كە تاوەكوو ئێستا توركیا رێگەی نەداوە لایەنی سێیەم لە پڕۆسەی خۆچەککردنی پەكەكەدا هەبێت. مۆدێلی هەموو ئەو وڵاتانەی هەمان پرسیان هەبووە، وەكوو ئێرلەندای باكوور و بەریتانیا، یاخود فارك و كۆڵۆمبیا، چەكدانان بە نێوەنگیری نەتەوەیەكگرتوەكان بووە، بەڵام بۆ توركیا تاوەكوو ئێستا نەتەوە یەكگرتوەكان رۆڵی نەبووە.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، لە قۆناغی یەكەمدا پەكەكە چەك دادەنێت، بەڵام روون نییە ئاخۆ چەك دانانەكە چۆن دەبێت و كێ بەشدار دەبێت تێیدا؟
لە قۆناغی دووەمدا، باس لەوە دەكرێت بەرپرسە باڵاكانی پەكەكە، وەكوو جەمیل بایك، موراد قەرەیلان و بەسێ هۆزان، رێگەیان بۆ خۆش دەكرێت تا بچنە وڵاتی سێیەم، كە توركیا پێشنیاری كردووە، ئەوان بچنە نەرویژ و لەوێ مافی پەنابەری وەربگرن.
بۆیە نەرویژ دیاری كراوە، چونكە لە ٢٠٠٩، نەرویج ناوبژیوانیی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیای كرد بۆ پرسی چارەسەری كورد، ئەگەرچی پڕۆسەكە دوو ساڵی خایاند، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن و پرۆسەكە لەبار برا.
لە قۆناغی سێیەمدا، هەموو ئەو چەكدارانەی پەكەكە، كە ناسنامەی توركیایان لێ سەندراوەتەوە بەهۆی ئەوەی بوونەتە گەریلا، پێویست دەكات بەیاسا لە پەرلەمانی توركیا، ناسنامەیان پێ بدرێتەوە، بەڵام توركیا لەو ڕووەوە هەنگاوی نەنانەوە و تاوەكوو ئێستا بە فەرمی لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە.
پێشتر میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، توركیا پێشنیاری كردووە، بەرپرسانی پەكەكە، بچنە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ بن، بەڵام دوای ئەوەی پەكەكە بڕیاری دا چەك دابنێت، باس لە هەولێر لەگۆڕی نییە و تەنیا باس لە نەرویژ دەكرێت، كە وەكوو باشترین شوێن ناوی دەبەن بۆ بەرپرسانی پەكەكە.
وەزیری بەرگریی توركیا، لەبارەی خۆچەککردنی پەكەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، پێویستە چەك رادەستی توركیا بكرێتەوە و بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەن پەكەكە چەك بشارێتەوە، دەبێت چەك بدرێتەوە دەستی توركیا، بەڵام پەكەكە لە رێگەی چەند میدیایەكی نزیك لە خۆی، داوا دەكەن چەكدانان دەبێت بە ناوبژیوانیی لایەنی سێهەم بێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسیان لەو لایەنە نەكردووە كە دەبێت ببێت بە ناوبژیوانی.