پەیامەکانی کوردایەتی

عارف ڕوشدی
پەیامە ڕوون و ئاشکراکانی جەنابی سەرۆک بارزانی لە (کۆنگرەی یەکگرتن)ی هەردوو ڕێکخراوی قوتابییان و لاوانی کوردستاندا، پەیامێکی کوردایەتیی ڕەسەنی لێوانلێوی بەرپرسیارێتیی ڕاشکاوانە و باوەڕبوونە بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و مافە دەستوورییەکان، کە لە خەباتێکی درێژخایەن و ڕووبارێکی خوێن بەدیهاتوون. بۆیە، ناکرێت ملهوڕانی ئیمڕۆی بەغدا لە ملهوڕانی پێش خۆیان وێرانتر پێشێلی خواستە ئاساییەکانمان بکەن. ئەگەر لەو ئاراستەیەدا بەردەوام بن و نکۆڵی لە دەستوور و سیستمی فیدراڵی و ڕێککەوتنەکان بکرێت و پرەنسیپی (شەراکەت، هاوسەنگی و ڕێککەوتن) نادیدەبگیرێن، دەکرێ بە فەرمی ڕابگەیەنن، نەک بە فێڵ و یاریی قێزەوەن پرسە هەستیارەکان دیزەبەدەرخوونە بکەن. لەبارەی پرسی مووچەوە؛ هەزار جار ڕاستە گەلەکەمان (دەرووزەکەر) نییە، هەموو مانگێک بۆ مافێکی هەرەسەرەتایی مووچەوەرگرانی خۆی چاوەڕوانیی ئیمزای دەرووننەخۆش و نقوومبووەکانی هزری کینە بکات. ئەوەی چەند ساڵێکە لە بەرامبەر ماف و قوت و بژێویی گەلەکەمان دەکرێت، دڕندانەترە لە سیاسەتی ڕژێمی لەناوچووی بەعس.
بۆیە، وا پێویست دەکات سەرجەم لایەنە سیاسییە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان دوور لە هەر بەرژەوەندییەکی حزبی، پەیامەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بەهەند وەربگرن و هاوکار و پشتیوان بن، پشتئەستوور بە تواناکانی گەلەکەمان، ڕووبەڕووی ستەمکارییەکانی بەغدا ببینەوە.