دیدارى لووتکەی پەرەپێدانی کاری نێوان تورکیا – عێراق بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.5.13، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و ئێرمان تۆپچوو، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر و سەرۆک و ئەندامانى (تیسياد) کۆمەڵەی بازرگانان و پیشەسازکارانی تورکیا و سەرجەم ژوورە بازرگانییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان و تورکیا و ژمارەیەکى تر لە کارەبەدەستان و بازرگانان و پیاوانى کار، لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان لەڕیورەسمێکدا دیدارى لووتکەى پەرەپێدانی کاری نێوان تورکیا – عێراق دەستى بەکارەکانى کرد.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا وێڕاى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە بەڕێوەچوونى ئەو دیدارە لە هەولێرى پایتەخت و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن.

هەروەها تیشکى خستەسەر کارى هاوبەشى نێوان بازرگانان و ڕۆڵى تیسیادى لەبەرەوپێشبردنى ئەو پەیوەندیانە بەرزنرخاند و گوتى: “هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى دەروازە نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیلەوە وەک دەروازەیەک بۆ تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق و وڵاتانى ناوچەکە یەکێک بووە لەو شادەمار و دەروازە گرنگانەى کە جوڵەى بازرگانى تورکیا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق و لە ڕێگەى تورکیاشەوە لەگەڵ جیهان گەشەسەندى زۆرى ئابوورى بە سوودى هەردولا بەخۆوە بینیوە”.

هیواشى خواست ئەو کۆڕبەند و گفتوگۆیانە، ببێتە بەشێکى دیکە لە بەرەوپێشچوونى زیاترى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکان نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان وعێراق و زەمینە و دەرفەتێکیش بێت بۆ نەهێڵانى هەر کێشە و گرفتێک لەوبارەیەوە هەبێت.

جێگەى باسە، لەو دیدارەدا چەندین بابەتى پەیوەست بە پەرەپێدانى ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان و عێراق و فراوانکردنى قەبارەی بازرگانیی لە نێوان هەردوو وڵات و هەناردەکردنى کاڵاکانى تورکیا و پرسى گومرگەکانى نێوانیان، لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایانەوە گفتوگۆیى لەبارەوە دەکرێت.