ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاوی كۆماری چیك بەڕێوەچوو

لە ڕۆژی ئاوی كۆماری چیكدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت تێچووی ساڵانەی بەرهەمێنانی ئاوی خاوێن 158 ملیار دینارە و ساڵانەش 120 هەزار تێستی كیمیایی و بایۆلۆژی بۆ ئاو خاوێن دەكرێت، دەشڵێت لە سێ مانگی داهاتوودا هێڵی یەكەمی پڕۆژەی ئاوی هەولێر تەواو دەبێت و هەوڵیش دەدەین چیتر پشت بە ئاوی ژێرزەوی نەبەستین.

ئەمڕۆ سێشەممە 13/5/2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و كونسوڵی چیك و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوی كۆماری چیك و ژمارەیەكی تر لە كۆمپانیای ئاوی ئەو وڵاتە، ڕێوڕەسمی “ڕۆژی ئاوی كۆماری چیك” بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەكەدا هەریەكە لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و كونسوڵی چیك وتاریان پێشكەش كرد و تیشكیان خستە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی سامانی ئاو و بەرهەمێنانی ئاو لە كوردستان، هاوكات پرزنتەیشنێك لەبارەی ئاوی چیك پێشكەش كرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای وتارەكەیدا خۆشحاڵی خۆی بەم ڕێوڕەسمە تایبەت بە ڕۆژی ئاوی چیك نیشان دا و هیوای خواست ئەم دیدارە ببێتە مایەی پەیوەندییەكی پتەوتر لەنێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی چیك و جەختیشی كردەوە ئەم دیدارە سەرلمێنەری ئەوەیە پەیوەندییەكی پتەو لەنێوان هەردوولادا هەن و هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە تەنیا لە بواری ئاودا نەبێت، بەڵكوو سەرجەم سێكتەرەكانی دیكەش بگرێتەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو بۆنەیە دەرفەتێكە بۆ ئەوەی باس لە سێكتەری ئاوی هەرێمی كوردستان بكات و لەمبارەیەوە گوتی: هەرێمی كوردستان دەوڵەمەندە بە سامانی ئاو و سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، بۆ دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە دیدگایەكی تایبەت و ستراتیژی هەبووە و كاری پێویست لە بواری ئاودا كراوە، وەك دروستكردنی پۆند و بەنداو و پڕۆژەی ستراتیژی بۆ بەرهەمێنانی ئاو، لە ماوەی ڕابردوودا پڕۆژەی زۆر گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ كراون، گرنگترین ئەو پڕۆژانەش پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر كە ئێستا زیاتر لە 70%ی تەواو بووە و لە سێ مانگی داهاتوودا هێڵی یەكەمی تەواو دەبێت، هەروەها پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە كە بەشی زۆری كارەكانی تەواو كراوە، لەگەڵ پڕۆژەكانی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ و ئاكرێ، كاركردن و تەواوكردنی پڕۆژەی 51 گوندی بارزان و پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان و پڕۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی و چەندان پڕۆژەی دیكەش، لەگەڵ دروستكردنی چەندین پڕۆژەی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو و نۆژەنكردنەوەیان.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوەش، گوتی: تێچووی ساڵانەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە سەرەڕای قەیرانەكان 158 ملیار دینارە و هەروەها ساڵانە 120 هەزار تێستی كیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆژیش بۆ ئاوی خواردنەوە دەكرێن بۆ ئەوەی كوالێتی ئاو بەگوێرەی ستانداردەكان بێت، بە گشتی بارودۆخی بەرهەمهێنانی ئاو لە كوردستان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە دیوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پلانی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاوی ژێرزەوی، گوتی: ڕوانگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەیە هەوڵ دەدەین 100% پشت بە بەكارهێنانی ئاوی سەرزەوی ببەستین و چیتر ئاوی ژێرزەوی بەكار نەهێنین كە تەنیا بە تەواوبوونی هەردوو پڕۆژەكەی ئاوی هەولێر و قوشتەپە زیاتر لە هەزار و 100 بیر دادەخرێن.