ئارام كۆشكی – سلێمانی
زۆرجار پرسیار سەبارەت بە سەرچاوەکانی نووسین دەکرێت، بەڵام هەمیشە وەڵامەکان جیاوازن، بۆیە لای هەر نووسەرە و سەرچاوەکانی نووسین جیاوازە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر وەڵامەکان هەیە. هەندێک نووسین هەن تەنها پشت بە گێڕانەوەی ژیاننامەی نووسەرەکەی دەبەستێت و ئەمە ناچێتە خانەی ئەو پۆلێنبەندییەی من لەم وتارەدا دەمەوێت لەبارەیەوە بنووسم. ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە نووسینە وەکو پرۆژەیەک، کە نووسەران خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، بەڵام ئەمەش لەنێو دونیای کوردییدا پۆلێن دەبێت بۆ سێ لقی سەرەکی:
یەکەم: نووسین وەکو پرۆژە و کار.
دووەم: نووسین وەکو کاردانەوە.
سێیەم: نووسین وەکو جۆرێک لە بێکاریی.
بەدەر لە دونیای کوردی دەشێ پۆلێنی یەکەم و دووەم، زۆر ببینین، بەڵام ئەمەی سێیەم تاڕادەیەک سەیر و سەرسوڕهێنەرە، کە نووسەرێک ئەوکاتە دەست بداتە نووسین کە بێکارە و خۆ ئەگەر کارێکی دەست کەوت ئەوا ماڵئاوایی لە نووسین بکات.
دەشێ نووسین لەسەرەتاکانی هەر نووسەرێکدا پرۆژەیەکی مەعریفی نەبێت، یان پرۆژەیەکی ڕوون نەبێت، ئەمە ئاساییە، یان دەشێ هەندێکجار نووسین کاردانەوە بێت، بەرامبەر بەڕووداوێک، یان کارەساتێک، یان حاڵەتێک، ئەمەش تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام نووسین وەکو جۆرێک لە ڕاکردن لە بێکاریی و سەرگەرمی ئەمەیان ئاسایی نییە، چونکە نووسین بەدەر لەوەی هەر وشەیەک بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی نووسەرەکەی، هاوکات جۆرێکە لە دیاریکردنی پێگە و ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی نووسەر. واتە دەشێ نووسەرێک لەڕێی نووسینەکانییەوە کەسایەتییەکەی بخوێنرێتەوە، بەوەی کەسایەتییەکی ئازادیخوازە، یان کۆنەپەرست. فاشیستییە، یان لیبڕاڵ.
ئەوەی من ساڵانێکی زۆرە بڕوای تەواوم پێیەتی ئەوەیە، کە نووسین پێویستە پرۆژەیەکی مەعریفی بێت. نووسەر خاوەنی پرسیار و کەلکەڵەیەکی مەعریفی بێت و لەنێو دونیای نووسیندا بۆی بگەڕێت. دەشێ لە حاڵەتی کەم و تایبەتدا نووسین ببێتە جۆرێک لە کاردانەوە، بەتایبەت لەدایکبوونی تێکستی ڕەخنەیی و تیۆریی بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی تێکستی دیکە، بەڵام ئەمەش بە باکگراوندی مەعریفییەوە دەبێتە تێکستی داهێنەرانە، چونکە هەر تێکستێک ئەگەر ڕاڤە و خوێندنەوەی دەقێکی پێشتریش بێت، پێویستی بەوەیە زیادەیەک بخاتە سەر تێکستەکەی پێش خۆی، کە دەیەوێت لەبارەیەوە بدوێت. بەبێ بوونی ئەو زیادەیە (ئیزافەیە) هیچ تێکستێکی نوێ لەدایک نابێت. بۆیە مەرجی بوون بە تێکستی هەر نووسینێک ئەوەیە، کە پرسیارێکی نوێ و جیهانێکی نوێ بخولقێنێت، بەبێ ئەوە لە بۆشیایدایە و لە ئاستی نەبووندایە.
زۆرجار نووسەرانی کورد ناتوانن پاساوێکی مەعریفی بۆ پرۆژەی نووسینی خۆیان بهێننەوە، هەندێکجار قسەیەکی سواو دەکەن و خۆیان لە مانا قووڵەکانی پرسیاری (بۆ دەنووسیت؟) دەدزنەوە، یان بە وەڵامێکی سادە کۆتایی بە وەڵامی پرسیارەکە دەهێنین، وەکو نووسەرێک دەڵێت “ئەوەی دەرچەی منە بۆ هەناسەدان.” یان یەکێکی دیکە دەڵێت لەکاتی بێکارییدا بیرم لە نووسینی ڕۆمان کردەوە و ویستم ڕۆمانێک بنووسم تا بێکارم. چیرۆکنووسێکیش هەمان شتی وت بۆ نووسینی کۆچیرۆکە نوێیەکەی. ئەم وەڵامە سادە و ڕووکەشانە جگە لە نیشاندانی نزمی ئاستی مەعریفی ئەو نووسەرانە و نەگەیشتن بە قووڵایی نووسین هیچی دیکە نییە. نووسین هونەرێک نییە بۆ سەرگەرمی. نووسین پرۆژەی گەڕان و واتابەخشینە بە بوونمان. ئەوەی نووسەرێک دەکاتە داهێنەر ئەو واتا نوێیانەیە، کە لەنێو نووسیندا بەرهەمیان دەهێنێت. نووسین هونەری کاتکوشتن نییە. نووسین گەشتی مەعریفی نووسەرە لە ئەلفەوە بۆ بێکۆتایی، کە هەرگیز وەستانی نییە و ئەوەی دەیەوێت بیوەستێنێت تەنها مردنە. نووسین هونەر بە گەمژەزانینی خوێنەر نییە، هەڵڕشتنی هەست و سۆز و لاوانەوەی برین نییە، بەڵکو هونەری هاوبەشیپێکردنی خوێنەرە بەو حیکایەت و ئایدیایانەی دەشێ لەنێوان دوو مرۆڤ و زیاتردا هاوبەشیان پێ بکرێت. نووسین هونەری بەخشینی گەرمی ژیانی خۆتە بە وشەکان، بۆ ئەوەی ئەوانیش بژین، خۆ ئەگەر نووسەرێک ئەمە نەکات مەحاڵە وشەکانی بژین، یان وزەی ژیانیان تێدا بێت.