خولی ئەستێرەکانی عێراق دەوەستێت

بارزان ئەکرەم – هەولێر

کاتی وەستانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئاشکرابوو و ڕاگەیاندرا کۆتایی ئەم مانگە یارییەکانی خولەکە رادەوەستێت.

ریاز هادی ئەندامی نووسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند: رۆژی 20ـی ئەم مانگە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق رادەوەستن، بۆ ئەوەی دەرفەت بە یاریزانەکان بدرێت پەیوەندی بە هەڵبژاردەی عێراقەوە بکەن.
گوتیشی “هەڵبژاردەی عێراق کۆتایی ئەم مانگە لە بەسرە کەمپێکی مەشق و راهێنان دەکاتەوە و یاریزانەکانی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق پەیوەندی بە کەمپەکەی هەڵبژاردەی عێراق دەکەن، گراهام ئارنۆڵد داوای هیچ یارییەکی دۆستانەی نەکردووە و دەیەوێت لە کەمپەکە هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵاوتنەکانی ئاسیا لە مۆندیالی 2026 ئامادە بکات’.
خشتەی یارییەکانی گەڕی سی و سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاندراوە، خشتەی یارییەکانی گەڕی سی و چوارەمیش ئاشکرا کرا و دوای ئەو گەڕە یارییەکانی خولەکە رادەگیرێت.
تاوەکو ئێستا 32 گەڕ لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەچوون، زەوڕا و شوڕتە بە کۆکردنەوەی 68 خاڵ پێشەنگی خولەکەیان گرتووە کە شوڕتە یارییەکی دواخراویشی هەیە، زاخۆ بە 57 خاڵ سێیەم و تەڵەبە بە 56 خاڵ چوارەمە، قوە جەوییەش بە 50 خاڵ لە پلەی پێنجەم دێت و دهۆکیش بە 48 خاڵ شەشەمە کە پێنج یاریی دواخراوی ماوە.
عێراق سەرەتای مانگی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە دوو یاریی چارەنووسساز رووبەڕووی کۆریای باشوور و ئوردن دەبێتەوە، ئەگەر ئەو دوو یارییە ببەنەوە، شێرەکانی رافیدەین راستەوخۆ دەگەنە مۆندیالی داهاتوو.