خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق: ٢٣ تیمی گەڕۆک ناوی ئاوارەکان تۆمار دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئامادەکاری بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران لە کەمپی ئاوارەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای دھۆک دەستی پێکرد. بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: لە سنووری دھۆک ٢٣ تیمی گەڕۆک ناوی ئاوارەکان تۆمار دەکەن. دەشڵێ: ٩٤٤ ھەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەیە، لەو ڕێژەیە ٩٤%ی ھاووڵاتییانی سنوورەکە کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە.

ئاوارەکانی سنووری دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: دەنگی خۆمان دەگەینینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی ئەو کێشە و گرفتانەی کە ھەنە وەکو نەگەڕانەوەی ناوەکان و کێشەی پەنجەمۆر بۆمان چارە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆژی ھەڵبژاردن بەشداری دەنگدان بکەین و دەنگی خۆمان بدەین، چونکە لەو ماوەی کە لە کەمپەکان دەژین لە کاتی ھاتی ھەر ھەڵبژاردنێک کێشە و گرفتێکی زۆرمان بۆ دروست دەبوو و نەمان دەتوانی دەنگی خۆمان بدەین.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئۆفیسی دھۆک تیمی گەڕۆکی لە ١٦ کەمپی ئاوارەکانی دھۆک بڵاوەیان پێکردووە، لەگەڵ حەوت بنکەی تۆمارکردنی گەڕۆک بۆ ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکان، ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا ٨١%ی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای دھۆک خۆیان تۆمار کردووە.
بڕیارە لە ١١ی مانگی ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەگوێرەی ڕاستکردنەوەی یاسای ساڵی ٢٠٢٣ بکرێت، ئاوارەکانی قەزای شنگال ئەو مافەیان ھەیە لەو شوێنانەی کە دەژین دەنگ بدەن، دوایین کاتیش بۆ خۆ تۆمارکردنی پارت و لایەنی سیاسی تا ١٤ی ئەم مانگەیە، ھەروەھا تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران تا ٢٩ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ئاوارەکان دەیانەوێت ناو تۆمارکردن و دەنگدان لەو شوێنەی دەژین بکرێت و ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی ” ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئێستا کار لەسەر دوو شت دەکەین، یەکێک لەو کارانە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەترییە، ئەو دەنگدەرانەی کە دەیانەوێت ناوی خۆیان بگوازنەوە شوێنێکی دیکە یان دەنگدەرێک خۆی تۆمار نەکردبێت، یان کارتی خۆی ون کردبێت، دەتوانێت سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکات تاکو بتوانین ئەو کێشە و گرفتانە چارە بکەین و بتوانێت لە ڕۆژی ھەڵبژاردن دەنگ بدات.
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەشڵێ: لە سنووری پارێزگای دھۆک ٩٤٤ ھەزار دەنگدەر مافیان ھەیە لە ڕۆژی ھەڵبژاردن بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و دەنگی خۆیان بدەن، لەو ڕێژەیە ٨١%ی دەنگدەران خۆیان تۆمار کردووە و ھیچ کێشەیەکیان نییە، ڕێژەی وەرگرتنی کارتی بایۆمەترییش ٩٤%ـە، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر باشە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی ھەرێم و عێراق، قۆناغی دووەم کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، قۆناغی حەزی بەشداریکردنی ئەو لایەنە سیاسی و تاکە کەسانەیە کە دەیانەوێت بەشدار بن لە ھەڵبژاردن بەپێی ئەو مەرجانەی کە دانراون، ئەوەش بە یاسا ڕێکخراوە.