شۆرش غەفوری – ههولێر
(1-2)
واز لە گەڕان بێنە
بەرەبەیان بوو، شەقام پاک و خەڵوەت؛ بەڕێوە بووم بەرەو وێستگەی شەمەندەفەر؛ بەدەم میقاتكردنی کاتژمێرەكەی دەستم لەگەڵ كاتژمێری بورجەکە، زانیم درەنگتر كەوتووم لەوەی كە بیرم لێ دەكردەوە.
دەبوو پێ هەڵگرم. ترسی ئەم دۆزینەوەیە، منی لە درێژەی ڕێگاکەم تووشی دڵەڕاوکێ دەكرد. هێشتا شارەکەم باش نەدەناسی. بەخۆشییەوە، پاسەوانێك لەو نزیکانە بوو، بەرەو لای ڕامکرد و بە هەناسەبڕکێوە ناوونیشانەكەم لێ پرسی.
بزەیەک كەوتە سەر ڕوخساری و گوتی: “ناوونیشان لە من دەپرسی؟!”
گوتم: “بەڵێ، ئاخر ناتوانم بیدۆزمەوە.”
پاسەوانەكە گوتی: “واز بێنە، واز بێنە!” پاشان بەرزەفڕانە، وەک کەسێك کە بیهەوێت لە تەنهاییدا پێبکەنێت، وەرسووڕایەوە و ڕووی لە من وەرگێڕا.
پەنجەرەیەکی کورت ڕوو لە شەقام
هەرکەسەو لە تەنیاییدا دەژیێ، لەگەڵ ئەوەش جارجار دەیەوێت خۆی بە کەسێکەوە بنووسێنێت. هەرکەسەو بە پێی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژ، کەشوهەوا و کاروبارەكەی، حەز دەكات باسكێک ببینێت تا خۆی پێوە هەڵواسێت. كەس ناتوانێت، ماوەیەكی زۆر بێ پەنجەرەیەکی ڕوو لە شەقام بەرگە بگرێت.
ئەگەر لە دۆخێکیشدا نییە کە ئارەزووی شتێک بکات و تەنها ماندوو و مردوو دەچێتە بەردەم پەنجەرەکەی، بەو چاوانەی کە لە خەڵکەوە بەرەو ئاسمان و لە ئاسمانەوە ڕوو لە خەڵکی هەڵدەسووڕێن، بێ ئەوەی بیهەوێت دەرەوە ببینێت و کەمێک سەری بەرز کردووەتەوە. تەنانەت لەو کاتەی ئەسپەکانی خوارەوە، ڕایدەکێشنە نێو شەمەندەفەرە بارهەڵگرەكان و قرموقاڵەكەیان، بەمە دواجار ڕادەکێشرێتە نێو ئەو جووڵە ئینسانییەی كە لە خوارەوە هەیە.
لەبارەی نواندن
زۆرێک سكاڵا لەوە دەکەن، قسەی حەکیمەکان جگە لە نواندن هیچی دیكە نییە و كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر ئەو ژیانی ڕۆژانەیە نییە کە تاقە ژیانێکە بەنەسیبمان بووە.
کاتێک حەکیمێك دەڵێت: “بڕۆرە ئەوێ”، مەبەست و مورادی ئەوە نییە لێرەوە تێپەڕین و بگەینە شوێنیکی ڕاستەقینە – کارێک کە بەڕاستی دەتوانین بیکەین ئەگەر شایەنی ئەو هەموو زەحمەتە بێت؛ مەبەستی ئەو لە جۆرێک “ئەوێ”ـی ئەفسانەییە، شوێنێك کە بۆمان نەناسراوە. شتێکی وا کە ناتوانێت وردتر دیاری بکات، چونكە ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک لێرە یارمەتیمان بدات.
هەموو ئەم نواندنانە، بەڕاستی ئامانجیانە پێمان بڵێن كردەی نافامین، فام ناكرێت و ئێمەش ئەمە هەر لە ئێستاوە دەزانین، بەڵام ئەو پەرۆشیانەی کە دەبێت هەموو ڕۆژێک هەوڵیان بۆ بدەین، شتێکی دیکەن..
لەم بارەیەوە جارێکیان یەکێک گوتی: هۆکاری ئەم بێزارییە چییە؟ ئەگەر پەیڕەوی نواندنەكان بکەن خۆتان دەبنە جۆرێك لە نواندن و دواتر لە شەڕی هەموو خەم و پەرۆشییەکانی ڕۆژانە ڕزگارتان دەبێت.
یەکێکی دیکە گوتی: گرەو دەکەم کە ئەوەش نواندنە.
یەکەمیان گوتیەوە: تۆ بردتەوە.
دووەمیش گوتی: بەڵام بەدبەختانە تەنیا بە نواندن.
یەکەمی گوتیەوە: نا. لە ڕاستیدا، بەڵكو لە نواندن دۆڕاندت.
گوندی دواتر
باپیرم هەمیشە دەیگوت: «ژیان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر کورتە. كە سەیری ڕابردوو دەكەم، ژیان لە چاوما هێندە كورتە بە زەحمەت دەتوانم تێیبگەم، ئیتر چۆن دەکرێت پیاوێکی جەحێڵ – هەڵبەت بە نموونە باسی دەكەم ـ بڕیار بدات بە ئەسپەكەیەوە ڕوو لە گوندێكی دیكە بكات و نەترسێت لەوەی ـ بەدەر لە ڕووداوەکانی نێو ڕێگە ـ دەرفەتی ئەم ژیانە ئاسایی و خۆش و بەچێژە، چەندین جار کورتترە لەو کاتەی کە بۆ وەها سەفەر و گەشتێک پێویستیەتی”.
چیرۆکێکی چكۆڵە
مشک گوتی: بەداخەوە! دونیا ڕۆژ دوای ڕۆژ تەسکتر و بچووكتر دەبێتەوە. پێشتر جیهان هێند فراوان بوو کە ترسم ڕێنیشت. ڕامکرد و ڕامکرد تا دواجار بینیم لە هەموو لایەكەوە، ئاسۆی دیوارەكان سەریان لە ئاسمان دەسوون، دڵنیا بوومەوە. بەڵام ئەم دیوارە بەرزانە وەها خێرا لێک نزیک دەبنەوە کە من لە ئێستاوە خۆم لە کۆتایی خەت دەبینم و ئەو تەڵەیەی کە دەبێت تێی کەوم، ڕێك لەبەر چاومە.
ـ چارەت لەوەدایە کە ئاڕاستەکەت بگۆڕیت.
كە وای گوت، پشیلەکە بە ددانە تیژەكانی گرتبووی و هەڵیدەدڕی!
داڵەكەرخۆرە (كەركەس)
داڵەكەرخۆرەیەك هەبوو کە دەنووکی لە پێیەکانم گیر دەكرد. پێشتر پێڵاو و گۆرەوییەکانمی هەڵدڕیبوو و ئێستاش گەیشتبووە گۆشتی پێیەکانم. دوای هەر چەند دەنووکێك، ئاوڕێكی لە من دەدایەوە و دووبارە دەستی پێ دەكردەوە.
نەجیبزادەیەك بە تەنیشتمدا تێپدەپەڕی. ماوەیەکی وەستا و تەماشای كردم. دەیویست بزانێت بۆچی تەحەموولی داڵەكەرخۆرەیەكی وا دەکەم.
گوتم: “هیچم لە دەست نایێت. داڵەكەرخۆرەكە هات و دەستی بە دەنووکلێدانم كرد. بێگومان هەوڵم دا دووری بخەمەوە، تەنانەت ویستم بیخنکێنم، بەڵام وەها باڵندەیەك زۆر بەهێزە. دەیویست هێرش بكاتە سەر دەموچاوم، بۆیە پێم باشتر بوو پێیەکانم بكەمە قوربانی و ئێستا وا پێیەکانم وردە وردە هەڵدڕاون.”
نەجیبزادەكە گوتی: ” سەرسامم بەوەی وا ڕێگە دەدەیت زەجر و ئازارت بدات. تەنها بە یەك گوللە دەتوانێت داڵەكەرخۆرەكە لەكۆڵ خۆت كەیتەوە.”
پرسیم: “بەڕاستیتە؟! تۆ ئەم کارە دەکەیت؟”
نەجیبزادەكە گوتی: “بەو پەڕی شانازییەوە، بەڵام دەبێت بچمەوە ماڵەوە و تفەنگەکەم بێنم. دەتوانیت نیو کاتژمێری دیكە چاوەڕێم بكەیت؟”
گوتم: “نازانم.” و ساتێک ئازار بە هەموو گیانمدا داگەڕا.
پاشان گوتم: “تکات لێدەکەم، هەرچۆنێك بووە هەوڵی خۆت بدە.”
نەجیبزادەكە گوتی: “زۆر باشە، دەستوبردی لێ دەكەم.”
لەو ماوەیەشدا، داڵەكەرخۆرەكە كە بە نۆرە چاوی لە هەردووكمان دەكرد، گوێی بۆ گفتوگۆکە هەڵخستبوو.
هەستم كرد کە هەموو شتێک تێگەیشتووە، بۆیە بەرەو سەرەوە هەڵفڕی و سەری ڕوو لە خوارەوە كرد تا بەوپەڕی خێرایی دەنووکەكەی وەک نێزەهاوێژێکی کارامە لە دەمەوە تا قووڵایی ڕۆحم ڕۆ كرد.
لەو كاتەدا هەستم كرد ڕۆحم بێ هیچ هیوایەكی ڕزگاربوون نەغرۆی خوێنم بووە، خوێنێک کە هەرچی كون و كەلەر بوو تێی دەزا و هەرچی ڕۆخ ئاوێك هەبوو دایدەپۆشی.