پڕۆژەی سەلامەتی رێگەوبان و كوالێتی ئۆتۆمبێل و هۆشیاری هاتوچۆ راگەیندرا

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2025.5.12، بەئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوحۆ و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی تر لە وەزیر و بەرپرسانی دیکە، لە ڕێورەسمێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی سەلامەتی رێگەوبان و كوالێتی ئۆتۆمبێل و هۆشیاری هاتوچۆی ڕاگەیاند.

لە ڕێورەسمەکەدا، وەزیری ناوخۆ، ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەم گرنگی بەو پڕۆژانە دراوە کە دەبنە هۆی پاراستنی گیانی هاوڵاتییان، هەربۆیەش مەرجەکانی سەلامەتی تووندترکراون.

گوتیشی: ژمارەیەک پردی پەڕینەوە دروستکراون و دەیانی دیکەش دیزاین کراون و لە داهاتوودا دەخرێنە خزمەت هاوڵاتییان،هەروەها بەهۆی کامێراکانی تیژڕەوی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبوونەتەوە، بەجۆرێک لەنێوان ساڵی 2018 بۆ 2024، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی 50٪، کەمیکردووە.

باسی لەوەش کرد، ئامارەکانی قوربانیان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە نێوان ساڵی 2018 بۆ 2024، ٪63، کەمیکردووە، ئەمساڵ کاری سەرەکیمان تەواوکردنی سەرجەم پڕۆژەکان دەبێت و دەربارەی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریش، جەختی لەوەشکردەوە، رێکارەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکانمان هانداوە ماتۆری بێدەنگ و کارەبایی هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی هاوڵاتییان لەبارەی ژینگە و دەنگەوە کەمبکەینەوە. تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتییان دەبنە خاوەنی تاکسی نوێ و خواست لەسەر تاکسی هایبرێد و کارەبایی زیادیکردووە، کە دۆستی ژینگەیە و خەرجی کەمترە لەسەر هاوڵاتییان.