هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
بە بەشداریی ٨ یانە کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش کراون، خولی فوتساڵی کچانی کوردستان بەردەوامە و یارییەکانی قۆناغی یەکەم کۆتاییان هات، لەیاری پێش کۆتایدا یانەی ئافرەتانی هەولێر بە نۆ گۆڵی بێ بەرانبەر سەرکەوتنیان تۆمار کرد، یانەکانی سیروانی هەڵەبجە و ئافرەتانی دهۆکیش بە گۆڵێک یەکسان بوون.
شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە
بەهۆی ئەوەی کە ئەم وەرزە ژمارەی یانەکان کەمە، شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە جیاواز بوو، ساڵانی ڕابردوو هەموو یانەکان بەیەکەوە بوون و خولەکە بەیەک قۆناغ بەڕێوەچوو، بەڵام ئەم وەرزە بەشێوازی چوون و هاتن یارییەکان ئەنجامدارن، هەر یانەیەک لە قۆناغی یەکەم شەش یاری ئەنجامدا، سێ یاری لە یاریگەی خۆی و سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی هەردوو کۆمەڵەکە گەیشتنە چوار گۆشەی زێڕین، کە بریتی بوون لە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و سیروانی هەڵەبجە، لە کۆمەڵەی یەکەم و یانەکانی ئافرەتانی دهۆک و چەمچەماڵ لە کۆمەڵەی دووەم، لەو قۆناغەیشدا پلەی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم بەیەکەوە یاریدەکەن، پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمیش لەگەڵ پلەی دوومی کۆمەڵەی یەکەم یاریدەکات.
بەمشێوەیە لە یاری چوونی قۆناغی دووەمدا یانەی ئافرەتانی دهۆک ڕووبەڕووی یانەی سیروانی هەڵەبجە بووەوە و هەردوو یانە بە گۆڵێک یەکسان بوون، لە یاری دووەمیشدا یانەی ئافرەتانی هەولێر لەگەڵ یانەی چەمچەماڵ یاری کرد و بە نۆ گۆڵی بێ بەرانبەر یاریەکەی بردەوە، یارییەکانی گەڕانەوەی ئەم قۆناغەیش ڕۆژی هەینی داهاتوو بەڕێوەدەچن، بڕیاریش وایە هەر ئەمساڵ خولی ژێر ١٧ ساڵانی کچانیش ئەنجام بدرێت.
ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە بەم شێوەیە:
١- سیپەل شکور – یانەی ئافرەتانی دهۆک ٢٦ گۆڵ
٢- یوسرا ئیبراهیم – یانەی ئافرەتانی دهۆک ١٥ گۆڵ
٣- شۆخان نورەدین – یانەی ئافرەتانی هەولێر ١٣ گۆڵ
٤- پرژە نیزام – یانەی چەمچەماڵ ١١ گۆڵ
٥- سارا ستار – یانەی رەواندز ١٠ گۆڵ
٦- غەمگین مەحموود – یانەی سیروانی هەڵەبجە ٨ گۆڵ