بڕیارە ڕۆژانی (١٣-١٨/ئایاری ٢٠٢٥) لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، کۆبوونەوەکانی گفتوگۆکردنی ڕاپۆرتی خولیی پێنجەم و شەشەمی عێراق تایبەت بە ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ ئەنجام بدرێن.
شاندێکی حکومەتی هەرێمیش لەو گفتوگۆیانەدا بەشدار دەبێت لە چوارچێوەی شاندی حکومەتی فیدراڵیدا، کە بە سەرپەرشتی دکتۆر خالد شوانی، وەزیری دادی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.
لەم بارەیەوە، دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونیکردەوە کە بەشداریی شاندی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی هەماهەنگییە لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی نووسینی راپۆرتی ئەو رێککەوتننامانەی عێراق پەسەندی کردوون و وەڵامدانەوەی ئەو تێبینی و راسپاردانەی تایبەتن بە رێککەوتننامەکان لە حکومەتی فیدراڵیدا، بە ئامانجی خستنەڕووی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانە بەم ڕێککەوتننامانە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم گوتیشی: “بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم گفتوگۆیانەدا بە دەروازەیەک دادەنرێت بۆ گواستنەوەی پابەندبوونی بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنێویاندا جنێڤ. هەروەها تیشک دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم گرتوویەتییە بەر بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی مافەکانی مرۆڤی حکومەتی هەرێمی کوردستان (٢٠٢١-٢٠٢٥)، بەتایبەتی ئەو بەشەی پلانەکە کە تەرخان کراوە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ.”
جێی ئاماژەیە ئەم گفتوگۆیانە لە چوارچێوەی کارەکانی خولی (٩٩)ـی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافەکانی منداڵ بەڕێوەدەچن، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ لە جنێڤ ئەنجام دەدرێت. لەم گفتوگۆیانەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتیی شاندی حکومەتی هەرێم دەکات و وتارێک لە دانیشتنەکەدا پێشکەش دەکات تێیدا تیشک دەخاتە سەر ئەو یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوە کردارییانەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن.