فریشتە عوسمان
لە مێژووی نەتەوەی کورد دا بە درێژای قۆناغە جیاوازەکان زۆرن ئەو ئافرەتانەی کە پێشەنگ بوون لە خەبات و تێکۆشان و تۆمارکردنی چەندین سەروەری و چیرۆکی ئازایەتی و بوێری، شەهید (لەیلا قاسم) نمونەی ئەو ئافرەتە تێکۆشەرەیە کە ئازایەتی و خۆڕاگرییەکەی بووە سمبولی گیانفیدای و نیشتیمانپەروەری و کوردایەتی نەک بە تەنها بۆ ئافرەتان بەڵکو بۆ تەواوی گەلی کوردستان.
خاتوو “پەروین حامید” لە ساڵیادی شەهید کردنی لەیلا قاسم بۆ تۆڕی میدیای هێلین دەڵیت شەهید (لەیلا قاسم) ئافرەتێکی چالاکوان بوو دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی پێشوو شان بەشانی پیاوان بەبێ جیاوازی ڕەگەزی بەشداری خەباتی سیاسی کردووە. لەو سەردەمەدا بەهۆی بارودۆخی کەلتوری و داب و نەریت بەشداری کردنی ئافرەتان لە زۆر بواردا زەحمەت بووە بە تایبەتیش لە بواری سیاسی کارێکی قورس بووە بەڵام توانا و بەهێزی بیر و باوەڕی کوردایەتی شەهید لەیلا قاسم پەرۆشی بۆ ئازادی گەلەکەی بەشداری بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کوردی کردووە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەو ڕاستییە بەسەلمێنێت کە ئافرەتی کورد خاوەنی ئیرادە و هێزی تایبەت بەخۆیەتی.
لەکاتی دەستگیرکردنیشدا لەلایەن دەزگای هەواڵگیری عێراقی ئەوکاتە لەژێر ئازار و ئەشکەنجە ئامادە نەبووە هیچ زانیاریەک بدرکێنێت ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ پتەوی بیری و باوەڕی شەهید لەیلا قاسم کە وەک ئافرەتێک ئازا و بوێر بەرەنگاری عەقڵی پووچی شۆڤینیستانە بۆتەوە، هەروەها ڕووداوی لەسێدارەدانەکەشی بەیەکەم ڕووداوی لەسێدارەدانی ئافرەت دائەنێرت لە مێژووی خەباتی سیاسی عێراقدا، ئەم ڕووداوە بۆتە هۆکاری ئەوەی لەو سەردەمەدا کاریگەریەکی زۆری هەبێت لەسەر بیر وهزری لاوان و گەنجان وە بەگڕوتینێکی زیاترە وە برەو بەخەبات و تێکۆشان بدەن. قارەمانێتی شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لەبیر ناکرێت و هەمیشە نموونەیەکی زیندوو بووە، بۆ ئەوەی ئێمەش وەک ئافرەت درێژە بە کارو چالاکی و خەباتمان بدەین هەمیشە لەهەوڵدابین بۆ بەدەسهێنانی مافی گەلی کورد. گرنگە ئێمە ئەو هەوڵ و قوربانیدانی خەڵکی خۆمان لەبیر نەکەین کە لە ڕابردوودا کراوە بۆ بەدستهێنانی ئازادی و مافەکانی گەلی کورد، لە کۆتایدا سەری ڕێز و نەوازشت بۆ شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری خوازی گەلەکامان دائەنوێین. بەڵێن ئەدەین بەردەوام ئەبین لەخەبات و ماندووبون لە پێناو بەدەست هێنانی مافەکانمان کە ئەویش سەربەخۆی کوردستانە.
هەر سەبارەت بەم یادە مەزن و پڕ شکۆیە خاتوو “ناسک واحید” دەڵێت شەهید (لەیلا قاسم) کە کچە کوردێکی خانەقینی و لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٢ چالاکوانێکی سیاسی کورد بوو دژ بە سیاسەتی ناداد و زاڵمانەی ڕژێمی بەعس، لەیلا جوانی و گەنجی و ئافرەت بوونی خۆی بەخشی بە نەتەوەکەی شەهید کردنی لەیلا قاسم بووە هەوێنی چاندنی ڕۆحی گیانفیدای و هەستی نیشتیمانپەروەری لە ناو دڵی هەزارەها ئافرەت و گەنج و لاو بە جۆرێك بووە ڕەمزی خۆڕاگری ئەمەش سەروەرییەکە کە پێویستە نەوەکانی داهاتووش بیناسن و شانازی پێوە بکەن و ڕۆحی گیانفیدای و ئازادی خوازی و هەستی نیشتیمانپەروەری لێوە فێر بن.
شەهید لەیلا قاسم وەک یەکەم کچە شەهیدی تێکۆشەر خەبات و ڕزگاری کورد ڕۆڵی گەورە و گرنگی هەبووە لە دەرخستن و پیشاندانی هێزی و توانای ئافرەت ئەو هەر خۆی بەتەنها قوتابخانەیەکی گەورەیە کە لێیەوە فێری خۆڕاگری و نەبەردی دەبین،
شەهید لەیلا قاسم لە سەردەمێکدا هێز و توانای ئافرەت بوونی خۆی سەلماند کە مێژوویەکی نوێی بۆ پێناسەکردنی ئیرادەی ئافرەت بۆ جێهێشتین بەجۆرێک کە چەندەها ئافرەتی دیکەش بتوانن شانازی بە هێزی ئافرەت بوونی خۆیانەوە بکەن.
لە کاتێکدا کە دەگوترا ئافرەت ناتوانێت ڕۆڵی هەبێت لەیلا بە ئیرادە و ئازایەتی خۆی هەموو پێناسە ناجۆررەکانی سەبارەت بە ئافرەت سڕییەوە و پێناسەیەکی نوێی بۆ ئافرەت تۆمارکرد کە بۆ هەمیشە جێی تێڕامان و شانازییە.