سلێمان تاشان – ههولێر
نزیکەی مانگ و نیوێکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، دیسان بەغدا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دوا خستووە و بیانووی جیاوازی بۆ ئەو دواخستنە خستووەتە ڕوو. بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا کرابوو کێشەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی هاتبوو و دەبوایە مانگانە حکوومەتی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات بەڵام بەغدا پەیمانەکەی پێشێل کردووە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە تەنانەت ئەو موچەیەی کە حکوومەتی فیدراڵی تا کۆتایی ساڵ پێویستە بینرێت دیای کرا و وەک موژدەیەک بە فەرمانبەران درا. جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە تەنیا سێ مانگ دەوامی هەبوو و بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان حکوومەتی عێراق تر بیانووی هێناوەتەوە.
لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵ وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی ئەوەی ئاشکرا کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کۆتاییان بە کێشەی مووچە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هێنا و هیچ گرفتێک لەمەودوا نابێت بۆ ناردنی مووچە بێتە کایەوە.
رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا دوای ئەوە بوو کە شاندی دارایی عێراق بۆ ماوەی دە ڕۆژ لە کوردستان مانەوە و پاشان شاندی هەرێمیش بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە بەغدا لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران گفتوگۆیان هەبوو و دەرەنجامەکەی ڕێککەوتنێک بوو کە بووە مایەی دڵخۆشیی فەرمانبەرانی کوردستان.
ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕوویداوە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە بووە کە بەغدا بە فەرمانبەرانی کوردستانی داوە و هێمایە بۆ جۆرێک پاشگەزبوونەوەی بەغدا لەو بەڵێن و پەیمانەی بە هەرێمی کوردستانی دابوو.
لە ڕابردوودا یەکێک لەو کێشانەی هۆکار بوو لە دواخرانی مووچەی هەرێمی کوردستان پێوەست بو بە پرسی لیستی مووچە و بەغدا هەر جارە و بیانوویەکی دەگرت جارێک دەیگوت ناوی چواریی فەرمانبەران لەگەڵ نییە جارێک دەیگوت بە کاغەزیش بنێردرێت جارێک باسی کێشەی ناوی زیادە و جارێکی تر باسی شتێکی سەیرتری دەکرد، لە ڕێککەوتنەکەی شوبات کێشەی لیستی مووچە بە تەواوی یەکلا کرایەوە و هەرێمی کوردستان ئەو لیستەی بۆ بەغدا دەینێرێت هیچ کێشەیەکی نییە و بەغداش لە وردبینییەکەیدا نەیتوانیوە هیچ کەشەیەک بدۆزێتەوە.
بەغدا لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی لەگەڵ لیستی مووچەدا نەبووە بەڵام دوو بیانووی هەبووە یەکەمیان ئەوە بوو لە بازاڕ سیولە نییە و جارێ پارەی پێویستی دیناری نییە دابینی بکات، کاتێک مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بێ کێشە دابەش کرا، ڕوون بووەوە کە کێشەی سیولە لەئارادا نییە، ئەم جارە لە دواین هەڵوێستیدا بەغدا باسی لەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆی ڕادەستی بەغدا نەکردووە.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی پێویستە نیوەی داهاتی فیدراڵی بۆ بەغدا بنێردرێت و هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی ڕابردوودا مانگانە لە نێوان چل و هەشت تا پەنجا و دوو ملیار دینار داهاتی ڕەوانەی بەغدا کردووە.
بەغدا تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی ناردووە و حەقی بە مووچەی تەشغیلی و بەکاربردنی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەرێمەکان نەبووە و بڕی ئەو پارەیەی پێویستە هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای بنێرێت هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
ئەو مەترسییە لە ئارادایە کە بەغدا هەمان سیاسەتی ساڵی ڕابردوو پێڕەو بکات و ئەو قەبارەیەی خۆی لە داهاتی ناوخۆ دەستنیشانی کردووە لە مووچەی بگێرێتەوە و باقییەکە ڕەوانە بکات کە بە زیانی فەرانبەرانی هەرێمی کوردستانە، ساڵی ڕابردوو هەر بەو هۆیەوە مووچەی مانگێکی فەرمانبەران فەوتا.
چاوەڕوان دەکرێ لەم هەفتەیەدا بەغدا مووچەی مانگی نیسان ڕەوانی هەرێمی کوردستان بکات بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە بەغدا کەمتر لەو بڕەی بەپێی ڕێککەوتن بۆی دەستنیشان کراوە ڕەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەکە بدات.