هێزی ئاشتی

زكری موسا
بە بەراورد لەگەڵ سەدەی بیستەم ئێستاكە دۆزی كورد هەنگاوی زۆر گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوە و لە دۆخێكی باشتر و بەهێزتردایە. ئەگەر پرسیار بكرێت دۆزی كورد لە داهاتوودا چۆن دەبێت و بەرەو كوێ تاو دەدرێت؟ بە دڵنیاییەوە وەڵامەكەی ئەوەیە دۆزی كورد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پێشەوە دەچێت. زۆر فاكتەری گرنگی جیهانی و ناوچەیی و گۆڕانی شێوازی ژیان و تێكبەستنی هەرچی زیاتری جیهانیان لەگەڵ یەكتر بەهۆی تەكنەلۆژیای گەیاندن و تێكەڵبوون و لەیەكنزیكبوونەوەی كولتوورەكان و دیاردەی بەجیهانیبوون، بە قازانجی ناساندنی دۆزی كورد و گەشەكردنی شكاوەتەوە. لەلایەكی تریشەوە سەركوتكاری و نكۆڵیكردن و پێشێڵی مافەكانی گەلی كوردستان لە لایەن هەر چوار دەوڵەتە داگیركارەكەی كوردستان نەبووە هۆی كۆتایهاتنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەو دۆزە بەهێزتر و فراوانتر بوو و لەسەر ئاستی جیهانیش پتر ناسرا. ڕژێمی عێراق گرژ و فاشیست بوو و جینۆساید و تاوانی زۆر گەورەی لەدژی ڕۆڵەكانی كورد ئەنجام دا بەڵام بەهۆی خۆڕاگریی گەلی كوردستان لەو پارچەیەدا، خەباتی سیاسیی كورد پتر ڕەگی داكوتا و دواجار دەستكەوتی گەورەشی لێ كەوتەوە.

دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد دەرفەتێكی بەهادار بۆ گەلی كورد لە سووریا هاتووەتە ئارا. كەوتنی ئەسەد چاوەڕوانكراو بوو بەڵام خێرایی كەوتنەكەی لەدەرەوەی پێشبینیەكان بوو. ئێستا سووریا لە دۆخێكی ئاڵۆز و هەستیاردا دەژیێت، دروز و عەلەوی و تەوایفی تر هەركامەیان بەرژەوەندی و داواكاریی خۆیان هەیە بەڵام ئەو چارەسەرەی كە بۆ عەلەوی و دروزیەكان و تەوایفی تر دادەنرێت بە دڵنیاییەوە بۆ كورد هیچ سوود و ئەنجامی نابێت، ناكرێ وەك ئەوان سەیری داواكاریی و مافەكانی كورد بكرێت چونكە لە بنەڕەتدا دۆزی كورد لە سووریا دۆزێكی نەتەوایەتیە و كولتوور و زمان و مێژووی جیای هەیە، كێشەی كورد كێشەی مان و نەمانە. ئەو تایبەتمەندییە وادەكات ئەركی لایەنە كوردییەكانی سووریا قورستر بكەوێتەوە و هەر بۆیەشە تاكە ڕێگە بۆ لایەنە كوردییەكانی سووریا یەكگرتن و یەكڕیزیانە لەسەر كۆمەڵێك بنەمای هاوبەش و ستراتیژی كە مانەوەیان وەكو نەتەوەیەكی خاوەن ماف مسۆگەر دەكات. لەو نێوەدا سەرۆك بارزانی هەروەك گەڕەكانی پێشوو ڕۆڵێكی گەورەی لە لەیەكنزیككردنەوەی كوردەكانی سووریا و دانانی كۆمەڵێك هێڵی ستراتیژی بۆ ئەوان بینی. ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی بۆ لایەنەكانی سووریا ئەوە بوو:”ناكۆكییەكان بەلاوە بنێن، یەك هەڵوێستتان هەبێت و ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ حكوومەتی تازەی سووریا بگرنە بەر.” ئەم نەخشەڕێگەیە دڵخۆشكەرە و بە دڵنیاییەوە ئەنجامی گرنگی بۆ داهاتووی كورد لە سووریا دەبێت.

هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانە، هاتوچوویەكانی شاندی ئیمڕاڵی و بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و كۆنگرەی هەڵوەشانەوە و پێشهاتە تازەكانی تر لەلایەك و گۆڕانكاریی جەوهەری لە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی توركیا (بە توندڕۆكانیشەوە) بەرانبەر دۆزی كورد، هەر هەمووی ئاماژەی ئەرێنین بۆ بەرەوپێشڤەچوونی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی توركیا و ئەمەش خۆیلەخۆیدا یارمەتیی بەهێزتربوونی دۆزی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان دەدات. لەو نێوەدا خاڵی هەرە جەوهەری و گرنگ و بەهادار كە كورد دەبێ دەستی پێوە بگرێ و لێی سوودمەند بێت پڕۆسەی دیالۆگ و ئاشتیە، سەدساڵ حیواری ئاشتیانە باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ. لەسایەی ئاشتیدا هێز و دەستكەوت و شەرعیەت بەدەست دێت و جێگیر دەبن. لە ئاشتیدا هەموو لایەك براوە دەبن و كورد براوەی یەكەم و سەرەكی دەبێت. لەسەردەمی ئێستادا ئاشتی هێزە…