پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی سینەما لە نیگای ئافرەتەوە لە هەولێر ساز دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر
بەهۆی نەبوونی بوودجە و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە فێستیڤاڵی سینەما لە نیگای ئافرەتدا وەستاوە، ئەمساڵیش کە پێ دەنێینە نێو پێنجەمین خولی ئەو فێستیڤاڵەوە، دەستەی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ خولێکی نوێ، کە زۆرترین فیلم ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵە هونەرییە و بڕیاریشە هونەرمەند “دڵنیا محەمەد” وەک سەرۆکی فێستیڤاڵەکە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا ڕێک بخات و بەرهەمە سینەماییەکانی ئافرەتان بێنێتە هەولێر و لە ماوەی ٣ ڕۆژدا کێبڕکێی خەڵات بکەن، لە ئاخاوتنێکی تایبەتیش بە “هەولێر” نووسەر و ئەکتەر “دڵنیا محەمەد”ی سەرۆکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەما لە نیگای ئافرەتدا دەڵێت: ئامانج له فێستیڤاڵەکە هاندانی خانمانە بۆ کارکردن لەبواری کولتوور و هونەر، برەودان بە تواناکایان، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ناسینیان و چاندنی گیانی متمانە بوون بە خۆ و ڕۆحی سەرکردایەتی لە ناخیان.
پیشاندانی ڕووی گەش و جوانی ژیان لە کوردستان و نیگای فرەڕەنگ و جوانیی ئافرەتان و خانمان بۆ بابەتە جیا جیاکانی ژیان.
لە ماوەی چوار خولی ڕابردوویدا فێستیڤاڵ هەوڵی داوە بەشێک لەو ئامڵانجانە بپێکێت، بەردەوامی و سووڕبوون لەسەر سازدانی هەوڵی بەردەوامە بە گەیشتن بە ئامانجەکان.