دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

به‌ڕێوه‌به‌ری چاكردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگای هه‌ولێر:ڕێگه‌كه‌ كۆنه‌ و، ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌وا له‌بار بێت چاكی ده‌كه‌ینه‌وه

چواس خالید – هەولێر

ڕێگای هه‌ولێر – ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان، هه‌ڵته‌كاوه‌ و ئه‌و ڕێگه‌یه‌ كه‌ نزیكترین به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ولێری پایته‌خته‌ به‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و پارێزگای سلێمانی، هه‌ر له‌ دوای كه‌سنه‌زانه‌وه‌ تا ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان، چاڵ و ڕگله‌ و پڕ پینه‌ی هه‌ڵوه‌شاوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری چاكردن و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر ده‌ڵێ: “ڕێگه‌كه‌ كۆنه‌ و ئه‌گه‌ر جه‌وه‌كه‌ی خۆش ببێته‌وه‌ پینه‌ی ده‌كه‌ینەوە.”

ڕێگای نێوان هه‌ولێر – ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان، كه‌ ڕێگای سه‌ره‌كیی به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ولێره‌ به‌ كۆیه‌ و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و پارێزگای سلێمانی، ڕێگه‌یه‌كی قه‌ره‌باڵغ و به‌رده‌وام هاشه‌ی ئۆتۆمبێلی لێ نابڕێت. ڕۆژانه‌ هه‌زاران ئۆتۆمبێل پێیدا جرتوفرتیانه‌، كه‌ له‌ چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی تایبه‌ت، یه‌ك دوانیان بارهه‌ڵگره‌، ئه‌وان به‌ ڕێگه‌یه‌كی یه‌كسایدی باریكی كۆنی پڕ چاڵوچۆڵی پینه‌كراوی هه‌ڵوه‌شاوی داڕزیوی هه‌ڵته‌كاودا به‌ره‌و هه‌ولێر و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و شار و شارۆكه‌كانی دیكه‌ی كوردستان مل ده‌نێن.
ئه‌و ڕێگایه‌ كه‌ ته‌مه‌نێكی درێژی هه‌یه‌ و به‌سه‌ر چووه‌، گه‌واهیی هه‌زاران ڕووداوی هاتوچۆیه‌، هۆكاری كه‌مئه‌ندامبوونی هه‌زارانه‌ و گیانله‌ده‌ستدانی سه‌دانیشی له‌ئه‌ستۆیه‌، به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا له‌ ١٠ مانگی ساڵی ڕابردوودا، ٨٤٤ ڕووداوی هاتوچۆ له‌ هه‌ولێر ڕوویان داوه‌ و به‌هۆیانه‌وه‌ ١٦٠ كه‌س مردووه‌ و ٨٤٢ كه‌سیش بریندار بوونه‌، كه‌ به‌شێك له‌و ڕووداوانه‌ له‌و شه‌قامه‌ كه‌وتوونه‌ته‌وه‌.
ئه‌و ڕێگایه‌ كه‌ تا ئێستا لێره‌وله‌وێ تاسه‌ و چاڵوچۆڵی لێ نه‌بڕاوه‌، ساڵانه‌ ده‌ستێكی پێدا ده‌هێندرێت و پینه‌وپه‌ڕۆ ده‌كرێت. به‌شێك له‌ شه‌قامه‌كه‌ش كه‌ به‌هۆی بارهه‌ڵگرانه‌وه‌ ده‌بێته‌ ڕگله‌، ده‌ڕندرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ دادی ڕێگه‌كه‌ نادات و ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌ك خۆ ده‌گرێت، كه‌ دواتر جگه‌ له‌ چاڵی دی، دیسانه‌وه‌ چاڵه‌ داپۆشراوه‌كان دەردەكەونەوە.
عیماد محه‌مه‌د ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌ری چاكردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یەنێ، له‌به‌ر ئه‌و سارد و سه‌رمایه‌، بۆمان نه‌كراوه‌ ئه‌و چاڵوچۆڵانه‌ی ڕێگای ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان پڕ بكه‌ینه‌وه‌؛ بڕیار هه‌یه‌ شوێن به‌ شوێن بە خێرایی چاكی بكەینەوە.
ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی چاككردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی هه‌ولێر باسی لێوه‌ ده‌كات پینه‌كردنه‌، كه‌ ڕه‌نگبێت بۆ ماوه‌یەك خۆ بگرن و دواتر چاڵه‌ پڕكراوەكان بەتاڵ ببنەوە‌، ئه‌و هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی بۆ ڕێگه‌ی كۆیه‌ تا ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان كرا.
ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپان كه‌ نزیكه‌ی ٢٥ كیلۆمه‌تر له‌ هه‌ولێره‌وه‌ دووره‌، له‌ چوارڕێیانێكدا، ڕێگه‌كانی كۆیه‌ و سماقوڵی و هه‌ناره‌ به‌ ڕێگه‌ی هه‌ولێر گرێ ده‌داته‌وه‌ و جیا له‌ ڕێگه‌ی كۆیه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا نۆژه‌ن كرایه‌وه‌، دوو ڕێگه‌كه‌ی دیش له‌وه‌ی هه‌ولێر باشتر نین، كه‌ عیماد محه‌مه‌د ده‌رباره‌ی ڕێگه‌ی هه‌ناره‌ و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ ڕێگای سه‌ره‌كیی شه‌قڵاوه‌ و سماقوڵی، ده‌ڵێ: “له‌گه‌ڵ ده‌سبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆ، ٤٠%ی ڕێگه‌كانمان نۆژه‌ن كردنه‌وه‌، به‌ڵام په‌تای كۆڕۆنا كاره‌كانی ڕاگرتین و ڕێگاوبان كه‌ ته‌مه‌نیان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ ته‌مه‌نیان به‌سه‌رچوونه‌ و ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌وا خۆش بێت، هه‌موو چاڵه‌كان پڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌”.
ئێستا ئه‌و شۆفێرانه‌ی له‌ پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین و كۆیه‌ ڕوو له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌گه‌ر گرفتی په‌ككه‌وتنی ئۆتۆمبێله‌كانیان بۆ نه‌یه‌ته‌ پێش و به‌سه‌لامه‌تی ده‌رچن، تاڵاوی ئه‌و ڕگله‌ و چاڵانه‌ دیمه‌نێك له‌ زه‌ینیاندا دروست ده‌كات، ڕه‌نگبێت جیا له‌ ئاوه‌دانی، پێشكه‌وتوویی ڕێگه‌وبانه‌ سه‌رده‌میانه‌كه‌ی نێو شاری هه‌ولێری پایته‌ختیش ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ زه‌ینیاندا كاڵ نه‌كاته‌وه‌.

پاشخان:
به‌پێی داتاكانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی سه‌ره‌تایی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆدا، بایی ٧٠٠ ملیار و ٣٣٧ ملیۆن دیناری عێراقی، ڕێگه‌وبان (به‌ دووسایدكردن و دروستكردنی شه‌قامی نوێ)، له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێی كوردستان ڕۆنراوه‌.
جیا له‌وه‌ هه‌ر به‌پێی داتاكه‌ی ئه‌و فرمانگه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ١٣٠ پڕۆژه‌ی ڕێگه‌وبان، به‌ مه‌ودایی ملیۆنێك و ٦٤ هه‌زار و ١٧ كیلۆمه‌تر، به‌ بودجه‌ی ٣١٨ ملیار و ٣٣٧ ملیۆن دینار، هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا ته‌واو كراوه‌.