کۆمسیۆن مەرجێک بۆ گواستنەوەی بنکەی دەنگدانی هاووڵاتیان دیاری دەکات

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق مەرجێک بۆ گواستنەوە یان گۆڕینی بنکەی هەڵبژاردن بۆ هاووڵاتیانی چوار پارێزگا دیاری دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هاووڵاتی دەتوانێت زانیارییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەوە لەو پارێزگایە نوێ بکاتەوە کە کاری تێیدا دەکات بەبێ گەڕانەوە بۆ پارێزگا ڕەسەنەکەی.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: ئەو دەنگدەرانەی نیازی گواستنەوە یان گۆڕینی بنکەی هەڵبژاردنیان هەیە لە ناو پارێزگاکان یان لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە، پێویستە سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن. بەڵام گواستنەوە لە ناو پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین، ئەنبار و کەرکووک، یان لەناو ئەو پارێزگایانە بۆ پارێزگاکانی دیکە تەنیا بۆ ئەوانە ڕێگەپێدراوە کە پسووڵەی خۆراکیان پێش ڕێککەوتی 9-12-2013 دەرهێناوە.