پارێزگاری هەولێر، پێشوازیى لە شاندێکى پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.5.8، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە شاندێکى پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) کرد، کە پێکهاتبوولە ( د.پەرەپەسۆر، د.خورشید گۆنیش، وات مەلیک، سەعید مەلیک ).

لە دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، خۆشحاڵى خۆى بەسەردانەکەیان بۆ هەولێرى پایتەخت نیشاندا و ئومێدى خواست لەو ماوەیەى کە لە هەولێرى پایتەختن کاتەکانیان بە خۆشی بەسەرببەن.

لە بەشێکى ترى دیدارەکەدا، پارێزگارى هەولێر، هیواى خواست پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا سەرکەوتووبێت و دووپاتیشى کردەوە کە “سەرۆك بارزانی” هەمیشە جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردۆتەوە و “سەرۆک بارزانى” و “سەرۆکى هەرێمى کوردستان” و “سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان”، بەردەوام پاڵپشت و پشتیگرى پرۆسەی ئاشتیین.

گوتیشى، بە پێزانینەوە دەڕوانینە ڕوانگە و هەڵوێستى ئێستاى (جەهەپە) لە پڕۆسەى ئاشتیى و بەرامبەر بە پرسى کورد. ڕاشیگەیاند: “ئومێدى دەکەین پڕۆسەى چارەسەرى ئاشتیانەى پرسى کوردە لە تورکیا سەرکەوتووبێت”.

لەلایەن خۆیانەوە، شاندى میوان سوپاسى پارێزگارى هەولێریان کرد بۆ پێشوازییەکەى و جەختیان لە پتەوکردنى پەیوەندییەکان کردەوە و پاڵپشتى و خواستەکانى پارێزگارى هەولێریان بەرزنرخاند.