ڕائیب جادر – هەولێر
بەهۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر، ماوەی زیاتر لە دە رۆژ دەبێت ئاوی خواردنەوەی بەشێكی زۆری ماڵان لە ناوچە سنوورییەكان بەستوویەتی، ئەوەش گرفتی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.
هاووڵاتییان هەموو بەیانییەك بە توانەوەی بەفر و ئاوی كۆڵاو خەریكی كردنەوەی بۆرییەكانی ئاو دەبن، بەڵام کەشوهەوای سارد هەوڵەكانیان بێئەنجام دەكات.
شەوانە پلەكانی گەرما تا 20 پلەی ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن و بە رۆژیش کەشوهەوای سارد لێ ناگەڕێ پلەكانی گەرما بەرز ببنەوە و تیشكی خۆریش ئەوەندە بە تین نییە بەستەڵەك بتوێنێتەوە.
موسلیح سدقی، هاووڵاتییەكی مێرگەسۆرە، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “دە رۆژ دەبێت ئاومان نیە، نەك هەر من بەڵكو خەڵكی ناوچە سنوورییەكان زۆربەیان بێ ئاون، ئەوەش بۆ ماڵ ناخۆشە، نازانێ ئاو بۆ ماڵەوە لە كوێ بهێنی، ئەگەر لە كانیاوەكان بە دەبە ئاو بهێنی، یان بەفر بتوێنیەوە، ئەگەرنا ئاومان نییە.”
مام حەمەد نوری، هاووڵاتییەكی ئیدارەی سۆرانە، بۆ هەولێر دیار كرد: “تا ئێستا سەرمای وام نەبینیوە، کەشوهەوا زۆر ساردە، بەئاسانی ئاو دەبەستێت، خەڵك تووشی زیانێكی زۆر بووە بۆڕی و تانكی ئاوی خەڵك زۆربەیان شكاون، بۆیە ناچار بووینە بەفر بتوێنینەوە و بكەینە ئاو و بخۆینەوە، ئەگەرنا ئاو نییە؛ بەستەڵەك كێشەی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.