ئاوی ژێرزەوی سنووری قەزای بازیان کەمی کردووە

کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد

قەزای بازیان یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستان کە دەوڵەمەند بووە بە سامانی ئاوی ژێرزەوی، بەپێی لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکان گومان دەبرێت کە ناوچەی بازیان پێشتر دەریاچە بووبێت، هەربۆیە شارەزایان دەیانوت: ژێر زەوی بازیان کۆگەیەکی گەورەی ئاوە.
ئاوی ژێرزەوی بریتییە لەو ئاوەی دەکەوێتە ژێر ڕووی زەوییەوە، بە شێوەی سروشتی وەك: کانی و کانیاوەکان و بەشێوەی دەستکرد وەك: بیر و کارێزەکان دەردەکەوێت، سەرچاوەیەکی گرنگی دەرامەتە ئاوییەکانە و بە گرنگترین سەرچاوەی ئاوی سازگار بۆ بەکارهێنانەکانی مرۆڤ دادەنرێت، هەروەها سەرچاوەیەکی سروشتیی گرنگە بۆ ئاوی ڕووبار و دەریاچەکان.
سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی دەگەڕێتەوە بۆ دابارین و هەبوونی بەندە بەئاستی لێژیی ڕووی زەوی و پێکهاتەی جیۆلۆجی خاکەوە، بوونی ئەم هۆکارانە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی خاکی بازیان دەوڵەمەند بێت بە ئاوی ژێرزەوی، ئەو دەیان چەمە گەورە و بچووكەی سنووری قەزای بازیان، بەڵگەی ئاستی بەرزی ئاوی ژێرزەوی بازیانە، سەدان کانی و کانیاو و سەرچاوە لە هەموو لایەکی بازیاندا لە شاخ و دەشتیدا هەبووە و زۆربەیان ئاوێکی زۆر و باشیان هەبووە و پێداویستی ناوچەکە و دەوروبەریشیان دابین کردووە.
ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی چەمەکانی بازیان وشکیان کردووە و لە وەرزی هاویناندا تەواوی چەمەکان وشك دەکەن، سەدان کانی و کانیاو ئاویان تێدا نەماوە و بەشێکی دیکەشیان بەرەو وشکبوون دەچن، ئەم دیاردەیە بەڵگەی ڕوونە بۆ ئەوەی کە ئاوی ژێرزەوی لە بازیان کەمی کردووە.
ئەمساڵ یەکێکە لە ساڵە مەترسیدارەکانی سەر کەمبوونەی ئاو، بە وتەی لایەنی بەرپرسی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان توشی وشکەساڵی بوون، کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەویش یەکەم دەرەنجامی وشکەساڵییە، چونکە سەرچاوەی ئاوی ژێرزەوی دابارینە، لە قەزای بازیان ئەمساڵ باران زۆر کەم باریوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی زیاتری ئاوی ژێرزەوی.
پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قایمقامیەتی بازیان، پلانی پێویست و گونجاو دابنێن بۆ پاراستنی سامانی ئاو لە قەزای بازیان، وەك: ڕێگریکردن لە هەڵکەندنی بیری نایاسایی بەتایبەت لەلایەن کارگە و پرۆژە پیشەسازییەکانی سنوورەکەوە کە هۆکارێکن بۆ کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و وشکبوونی زیاتری کانی و کانیاوەکان، دروستکردنی لیژنەی تایبەت بۆ سەردانیکردنی بەردەوامی کارگەکان کە بەپێی پێویست ئاو بەکاربهێنن و ڕێبگرن لە هەڵکەندنی بیری زیاتر، هەوڵدان بۆ دروستکردنی بەنداو بەتایبەت بەنداوی باسەڕە کە دەبێتە بووژانەوەی بەشێکی کانی و سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە، سزادانی هەرکەسێك بە هەرشێوەیەك زیادەڕەوی لەبەکارهێنانی ئاودا بکات و هۆکارێك بێت بۆ زیانگەیاندن بە سامانی ئاو.