گەشتوگوزار دەتوانێت ببێتە سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی کوردستان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە درێژەی ئەو گرنگییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی گەشتوگوزاری کوردستانی داوە ، لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری کەرەتەکە ڕۆژی سێشەممە شەشی ئایار سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هەولێر لە ژێر ناوی مێتێکس ٢٠٢٥ کردەوە. سەد و بیست كۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاری لە بیست وڵاتەوە، بەشداریی پێشانگەکەیان کردووە و بڕیارە تا ڕۆژی پێنجشەممە هەشتی ئایار بەردەوام بێت.

کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ئەو زەمینە لەبارەی هەیە لە پاڵ کەرتەکانی تری وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی ببێت بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهات، دەرفەتی گەشەپێدانی کەرتەکە زۆر زێڕینە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لانی کەم لە دەیەی ڕابردوودا بە بایەخەوە لەم کەرتەی ڕوانیوە و هەوڵی بەهێزکردنی داوە.

پەرەسەندنی ژمارەی هوتێل و موتێل و پڕۆژەکانی گەشتوگوزار لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وایکردووە ساڵ بە ساڵ ژمارەیەکی زیاتری گەشتیار ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن. ئەگەر ساڵی ٢٠٠٧ ژمارەی گەشتیاران کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان دەکرد سەدان هەزار کەس بووبێت لەم ساڵانەی ڕابردوودا بووەتە ملیۆنان کەس و ساڵ بەساڵیش ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت.

لە ٢٠١٣ ەوە کە زۆرترین وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی نیشتەجێبوندا بوو سیاسەتەکە گۆڕدراوە و هەر ئەو کات حکوومەت بە فەرمی لە پلانی درێژخایەنیدا ڕای گەیاند بایەخی تایبەت بە سێ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار دەدات و بە خۆشییەوە ئەم سێ کەرتە شان بە شانی یەکتر گەشەی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە. دوای ٢٠١٤ و ئەو شەڕە ئابوورییەی بەغدا بە هەولێری فرۆشت و ئەو قەیرانە ئابوورییانەی دواتر هاتنە کایەوە، هەرێمی کوردستان زیاتر بەو قەناعەتە گەیشت کە دەبێ کەرتەکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پێش بخات. کوردستان بەو ژینگە جوانە و بەو سروشتە دڵڕفێنەی هەیەتی دەتوانێت ببێتە مەکۆی کۆکردنەوەی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی و بەهۆیەوە هەزاران هەلی کار بهێنرێتە کایەوە.

وەک ئاشکرایە کەرتی گەشتوگوزار کۆمەڵێک جۆری جیاوازی گەشتوگوزاری هەیە و سەیر لەوەدایە هەرێمی کوردستان زەمینەی پێشخستن و پەرەپێدانی سەرجەم ڕەهەندەکانی گەشتوگوزاری هەیە. گەشتوگوزاری زستانە، گەشتوگوزاری ئایینی، گەشتوگوزاری تەندروستی، گەشتوگوزاری شوێنەواری، گەشتوگوزاری هاوینە و چەندین جۆری تر هەن کە دەکرێ هەمووان پەرەیان پێ بدرێت و پێگەکەی بەهێزتر بکەن.

دوێنێ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا کە لە کردنەوەی پێشانگەکە پێشکەشی کرد بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد کە لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە دەخوازن پەرە بە کەرتەکە بدرێ، لە ڕووی جوگرافییەوە، هەر ناوچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەخوازن لە هەر ناوچەیەک بە گوێرەی تایبەتمەندیی ناوچەکە لە ڕووی جوانیی سروشتەوە بایەخی پێ بدرێت.

یەکێکی تر لەو بوارانەی کە پێویستە هەرێمی کوردستان گەشەی پێ بدرێ لایەنی مێژووییە و سەرۆکی حکوومەت نموونەی قەڵای هەولێری هێنایەوە کە یەكێكە لە كۆنترین شارەكانی جیهان و شەش هەزار ساڵ پێش زایین ژیانی تێدا بەردەوام بووە و بەردوامیش شوێنەواری نوێ دەدۆزرێنەوە و هەموویان دەكرێ ببن بە بەشێك لە پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری.
ئەم بابەتەکە لای سەرۆکی حکوومەت بابەتێکی جیددییە و چەندینجار ئاماژەی بەوە کردووە کە کوردستان دەبێت پشت بە سەرچاوەی جیاواز ببەستێت بۆ زیادکردنی داهات، هەر بۆیە جارێکی دیکە ئەو دەرفەتەی قۆستەوە تا باس لە گرنگی کەرتی گەشتوگوزار بکات و ئەوەی خستەڕوو، چەندین پرۆژەی گرنگ لەبەر دەستی حكوومەتن كە ئەم پرۆژانە دەكرێ ببن بە بنەمایەک بۆ پێشخستنی چەندین پرۆژەی هاوشێوە لە دەوروبەری پرۆژە گشتییەكان بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار، بەشێكی گرنگی ئەو پرۆژانە خەریكە دەكەونە كار و بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە، هەر لە زاخۆوە بگرە تاكوو هەڵەبجە لە هەموو شوێنەكان بەرنامەی حكوومەت هەیە بۆ پێشخستنی ئەم كەرتە، هەروەكوو باسم كرد هەر شوێنێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەمانەوێ گرنگیی بە هەموو ناوچەكانی كوردستان بدەین. كە یەكێك دێت سەردانی شارێك یان شارۆچكەیەكی كوردستان دەكات، دەمانەوێ بۆ بابەتێكی تریش بچێت سەردانی شارێكی تری كوردستانیش بكات. جوانیی كوردستان لەوەدایە كە زۆر زۆر سرووشتێكی جیاوازی هەیە، بەڵام دڵی هەموو كوردستانییەك فراوانە و میواندۆستە، كەواتە شتێكی هاوبەش لە هەموو كوردستاندا دەبیندرێت كە گەشتیار هەست بە ئاسوودەیی دەكات. وتیشی؛ ئێمە لە ڕێگەی گرنگیدان بە كەرتی گەشتوگوزار و هێنانی گەشتیار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بێگومان هەلی كاریش لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر دەكات و وادەكات خەڵكێكی زۆر لە كەرتی تایبەت بۆ خۆیان ببن بە خاوەن پیشە و كاری خۆیان و زۆر كەس كە تاكوو ئێستا لەوانەیە كاریان نییە، بەهۆی پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری، هەلی كاری زیاتریان بۆ دەڕەخسێت و كوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشكەوتن و بووژانەوە دەنێت.
جێی باسە کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ لەبەر دەستی حكوومەتن كە ئەم پرۆژانە دەكرێ ببن بە بنەمایەک بۆ پێشخستنی چەندین پرۆژەی هاوشێوە لە دەوروبەری پرۆژە گشتییەكان بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار.
پلان هەیە لە چوارچێوەی ئەو پێشانگەیەدا کە تا ئێوارەی پێنجشەممە درێژەی هەیە کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی جیهان واژۆ بکرێت و کەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی تر پێش بکەوێت و سەرنجی گەشتیاران و کۆمپانیاکانی جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.