ڕائیب جادر – هەولێر
ئەو باو باران و تەرزە بارینە بوو گەلا و بەری بە زۆر داری بەرھەمدارەوە نەھێشت، ئێستا وەرزی گەشەکردنی ئەو بەرھەمانەیە کە لە سەرەتای وەرزی ھاوین پێ دەگەن، پێش پێگەیشتن داوەرین، لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ئیدارەی سۆران نزیکەی ھەزار باخ نیوە زیاتری بەرھەمەکانیان لەناوچوو. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لیژنەیان پێکھێناوە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان.
ئەمساڵ جاری دووەمە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەرزە بارین لە دوای خۆیدا زەرەر و زیان لە ھاووڵاتییان و جووتیاران دەدات، کە جاری یەکەم زیاتر لە ٤٠٠ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت، ئەمجارەش بە سەدان باخ زیانیان بەرکەوت.
دارە زیان پێگەیشتووەکان ئەوانەن کە قەبارەی بەرەکەیان گەورە بووە، جووتیاران، دەڵێن، ھەفتەیەک دەبێت بەردەوام تەرزە و بارانی بەھێز لە سۆران دەبارێت، ئەوەش زیانی زۆری بە بەرھەمی ئێمە گەیاندووە، ھەرچی بەرووبووم ھەیە نیوەی زیاتری داوەریوە، ئەو دارانەی نیوەی بەرەکەیان پێوە ماوە، ھەر بەھۆی ھێزی تەرزەکەوە سوود لە بەرەکەیان نابینرێت، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین قەرەبووی زەرەر و زیانەکانمان بۆ بکەنەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە لیژنەی خەمڵاندنی زیانەکانی پێکھێناوە، جووتیار و خاوەن باخەکانیش دەبێت داواکاری پێشکەش بکەن. مەغدید عەریف، قایمقامی قەزای خەلیفان، ئاشکرای کرد: پێویستە لەسەر ئەو ھاووڵاتییانەی ڕەز و باخەکانیان زیانیان پێگەیشتووە ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکە بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەدواداچوون بکەن، ھەر چەندە لیژنەیەک پێکھاتووە ئەو داتا و زانیاریانە وەردەگرن سەبارەت بەو زەرەر و زیانانەی کە بەر ڕەز و باخەکان کەوتووە خەملاندنی بۆ دەکەن بۆ ئەوەی لە داھاتوودا بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدرێت.
لەلایەکی دیکەوە پەیام دڵدار، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕواندز، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئاگاداری جووتیارانی قەزای ڕواندز و دەوروبەری دەکەینەوە کە بەھۆی تەزرە زیان بە باخچە و ڕەزەکانیان کەوتووە کە بووە ھۆی لەناوچوونی بەرووبوومەکان، سەردانی بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ڕواندز بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان.