ئەمساڵ زۆربەی مووچەخۆران دەبنە خاوەنی هەژماری بانکی لە پرۆسەی “هەژماری من”

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە؛ وەزیری دارایی بەدواداچوون بۆ جێبەجێ کردنی هەنگاوەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەدیوانی وەزارەت بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری و بەرپرسانی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کردووە لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی ٩ خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ.
لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق.
سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر هەموو ئاستەکان ئامادە بکەن بەمەبەستی پەسەندکردنی و دواتر گشتاندنی پێبكرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم .
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ زوو تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپات کردەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشینی ڕاسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ تابتوانرێت لە زووترین کاتدا مامەڵەی دۆسیەی خانەنشینان تەواو بکرێت و دواتر داخڵی لیستی مووچە بکرێت.
تا ئێستا دۆسیەی زیاتر لە ٧،٥٠٠ خانەنشین تەواو بووە کە لەسەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان دەرچوو بوو، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٦ هەزار خانەنشین مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە.