ئاشکرابوونی گەندەڵییەکانی بودجە و بەفیڕۆدانی داهاتی عێراق بەردەوامە

هەرچەندە حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە ڕێگای جیاوازەوە هەوڵی شەفاف بوونی بودجە و داهاتی داوە، بەڵام گەندەڵییەکانی بودجە و بەفیڕۆدانی داهات بەردەوام ئاشکرا دەبن و بەرپرسانی حکوومەتی عێراقیش لەبەرامبەردا بێ وەڵامن.

لە نوێترین قسەوباسدا،ئەمیر مەئموری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەی ئاشکرا کردووە ، دەیان هەزار تیرۆریست و کەسوکارەکانیان وەکو شەهید و خانەنشین، مانگانە مووچە لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئەوەی درکاندووە: جگە لەپێدانی مووچە، کەسوکاری ئەو تیرۆرستانە ماف و ئیمتیازاتیش لە حکومەتی عیراق وەردەگرن.
دەشڵێت:ئەم پرۆسەیە ماوەیەکی زۆرە کراوە، بەهەزاران کەس وەکو شەهید تۆمارکراون، یەکێک لە پارێزگاکان 25 هەزار تیرۆرست وەکوو شەهید تۆمارکراون، گوتیشی: لە پارێزگاکانی دیکەش، دوو هەزار و سێ هەزار کەس وەکو شەهید تۆمارکراون، بەکۆی گشتیی کۆی ئەوپارانەی بۆ تیرۆریستەکان خەرج کراوە زیاترە لە تریلیۆنێک و 80 ملیار دینار.”
گەندەڵییەکانی دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق تەنیا لەوەدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو سەرباری فشارە نێودەوڵەتییەکان هێشتا گرووپ و تاقمی چەکداری نایاسایی لە ژێر چەتری بودجەی عێراقدا دەژین و ملیۆنان دۆلار لە بودجەی عێراق بەو ڕێگا نامەشروعەدا دەڕوات و جگە لە زەرەر و زیان ئەو گرووپ و تاقمانە هیچ سوودێکیان بۆ ئێستای عێراق و ئایندەی نابێت.
بودجەی عێراق ئەگەرچی لە پەرلەمانەوە ساڵانە تاوتوێ دەکرێت و یاسای بۆ دادەنرێت، بەڵام ئەوە نەیتوانیوە ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی وڵات بگرێت، لە ناوەڕۆکدا چەندین بە هەدەردانی داهات قالبی یاساییان بۆ ڕێکخراوە و لە ژێر ناوی یاساوە تەخشان و پەخشان دەکرێت، سەرباری ئەوانەش فشارە داراییەکانی حکوومەتی عێراق بە بیانووی جیاواز جیاواز لەسەر هەرێمی کوردستان پێ دەنێتە 11 ساڵەوە و حکوومەتی هەرێم لە بەرامبەردا پابەندییە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ چەند ساڵێکە دەستی داوەتێ زیاتر لێدانە لە پێگەی هەرێمی کوردستان و بژێوی هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی.