باشترینەکانی وەرزی 2024-2025 لە خولی نایابی کوردستان دیاریکران

بارزان ئەکرەم – هەولێر

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە رێگای لیژنەیەکی تایبەت باشترینەکانی خولی نایابی کوردستانی بۆ وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان کرد، بە پشتبەستن بەچەند پێوەرێک بڕیاریان لەسەر باشترینەکانی ئەم وەرزە داوە.

عادل عەلی راهێنەری شێروانە بە باشترین راهێنەر بۆ وەرزی 2024 _ 2025ـی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا، عادل عەلی توانی بۆ یەکەمجار شێروانە بکاتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و لە 28 یارییدا 17 بردنەوە و پێنج یەکسان بوون و شەش شکستی هەبوو، ئەو راهێنەرە وەرزی رابردووش نزیک بوو لەوەی ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان بەڵام دوایین گەڕ لەنێو یاریگەی خۆی نەیتوانی یارییەکەی بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر بباتەوە و بە بێگۆڵ یەکسانبوون، بەڵام ئەم وەرزە توانی چوار گەڕ بەر لەکۆتاییهاتنی خولەکە ببێتە پاڵەوان.
بیلال ساڵح ناوەراستکار و ئەستێرەی شێروانە بە باشترین یاریزان بۆ وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان کرا، بیلال ئاستێکی بەرزی لەکەڵ یانەکەی پێشکەش کرد و رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە پاڵەوان بوونی شێروانە، مایستڕۆکەی شێروانە توانی 13 گۆڵ و 13 ئەسیست بکات لەگەڵ یانەکەی، بیلال تاکە یاریزنە ئەم وەزە بێ رکابەرە ببێتە باشترینی خولەکە و زۆرترین دەنگی لەنێو ئەندامانی لێژنە بۆ بردنەوەی خولەکە بەدەستهێناوە.

گەیلان سادق گۆڵپارێزی هەندرێن بە باشترین گۆڵپارێز بۆ وەرزی 2024 _ 2025 دەستنیشان کرا، گەیلان لە 23 یارییدا لەگەڵ هەندرێن 11 کلین شیتی کرد و 13 گۆڵیشی لێ تۆمار کرا، گەیلان لەگەڵ ئەوەی سەرەتای وەرز تووشی پێکان هات، بەڵام دوای گەڕانەوەی توانی لەگەڵ یانەکەی بگەڕێنەوە ریزبەندییەکانی پێشەوەی خولەکە و پشکی شێری بەرکەوت.
فرانسیس دادزی هێرشبەری پێشمەرگەی هەولێریش بە 17 گۆڵ بووە گۆڵکاری وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان، بە جیاوازی گۆڵێک گرەوەکەی لە فەرحان شکوری یاریزانی پێشووی یانەی دەربەندیخان بردەوە.