مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، هەوڵ دەدا یاریزانی یانەی لیڤەرپوول ترێنت ئەلێكسەندەر ئارنۆڵد، بهێنێتە بڕوا بەوەی لە مۆندیالی یانەكاندا یاریی بۆ شایانە بكا لە بری لیڤەرپوول.
ترێنت ئەلێكسەندەر ئارنۆڵد بە شێوەیەكی فەرمی رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، كە لە كۆتایی وەرزدا یانەی لیڤەرپوول جێ دەهێڵێ، چەندان ڕاپۆرتیش باسیان لەوە كردووە بە بۆندێكی خۆڕایی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید گرێبەستی كردووە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی ریاڵ مەدرید بڕەپارەیەك لە نێوان 1.5 تا 2 ملیۆن یۆرۆ دەدات، تا بتوانێ لە مۆندیالی یانەكانیش بەشداریی پێ بكات و یاریی بۆ لیڤەرپوول نەكات.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە ریڵ مەدرید ئەو بڕەپارەیە دەداتە ترێنت ئەلێكسەندەر ئارنۆڵد بۆ ئەوەی لە مووچەكەی مانگی حوەزیرانی بگەڕێ، كە لە لیڤەرپوول وەریدەگرێ و ئەو نزیكەی 2 ملیۆن یۆرۆی وەكوو پاداشت پێ دەدا.
ڕوونیشی كردووەتەوە كە ریاڵ مەدرید هەروەها بڕەپارەیەكی ڕەمزی 900 هەزار یۆرۆش دەداتە لیڤەرپوول بۆ ئەوەی بتوانێ ناوی ئەو یاریزانە لە لیستی یاریزانانی بۆ مۆندیالی یانەكاندا تۆمار بكات.
رۆژنامەكە ڕوونیشی كردووەتەوە: بە شێوەیەكی گشتی وا دەبینرێ گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هەردوو یانە كۆتایی بێ و بگاتە ئەنجام و بەڵام تا ئێستە ئەو كارە و سەرگرتنی، مسۆگەر نییە.
بەرگریكاری ئینگلیزیی یانەی لیڤەرپوول ترێنت ئەلێكسەندەر ئارنۆڵدی 26 ساڵان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ڕایگەیاند: دوای 20 ساڵ یاریكردن لە لیڤەرپوول، ئێستە كاتی ئەوەیە دووپاتی بكەمەوە لە كۆتایی وەرزدا یانەكە جێ دەهێڵم.
ئەو بەرگریكارە ڕاستەی لیڤەرپوول، ڕایگەیاندووە: بڕیاری رۆیشتنم لە لیڤەرپوول، سەختترین بڕیاری ژیانم بووە.
دەشڵێ: چونكە ئەم یانەیە هەموو ژیانمی لێ بووە، بەڵكوو هەموو جیهانم بۆ ماوەی 20 ساڵ، لە ئەكادیمیای یانەكەوە تا ئێستە هەر پاڵپشتی و هاندان و خۆشەویستیم لێ بینیون و هەستم پێ كردووە، لە نێو یاریگە و دەرەوەش.
لەبارەی هۆكاری ڕۆیشتنیشی گوتی: بەڵام پێشتر من هیچ شتێكی دیكەم تاقی نەكردووەتەوە، بۆیە ئەم بڕیارەشم پەیوەستە بەوەی دەمەوێ ئەزموونێكی نوێ تاقی بكەمەوە و دەروونم لە ناوچەی ئەمان و سەلامەت دەربخەم و هانی خۆم بدەم لە رووی پیشەیی و كەسێتییشەوە بچمە پێش.
گرێبەستی ئەو یاریزانە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كۆتایی دەهات، بۆیە بەبێ هیچ بڕەپارەیەك دەچێتە یانەی دڵخوازی خۆی، كە پێدەچێ یانەی ریاڵ مەدرید بێت.
ئالێكساندەر ئارنۆڵد لە یانەی لیڤەرپوول پێگەیشتووە، لەوەتەی ساڵی 2016ـەوە یاریی بۆ تیپی یەكەمی لیڤەرپوول دەكات، لەگەڵ لیڤەرپوول بەشداریی لە 352 یاری كردووە، 23 گۆڵ و 92 ئاسیستی تۆمار كردووە.