شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆنسێرتی گۆرانی و بێدەنگ بوون لە بەرهەمی نوێ، هونەرمەندی گۆرانیبێژ “حەمە ڕەئووف کەرکووکی” بە بەرهەمێکی نوێ، کە ناوی ناوە “ناڵەی دڵ” دەگەڕێتەوە نێو کاروانی هونەری خۆی.
ئەو بەرهەمە لە ئاوازی خۆیەتی و تێکستی “کاوە داشبەندی” و دابەشکردنی “توانا خورشید”ـە و لە ستۆدیۆی لاوە تۆمار کراوە.
هونەرمەند “حەمە ڕەئووف کەرکووکی” سەبارەت بەو بەرهەمە نوێیەی بۆ “هەولێر” دەڵێت: گۆرانییەکە یەکێکە لەو شاکارانەی ساڵانێکە کاری بۆ دەکەم، کە بتوانم بە ستایلێکی نوێ و فۆرمێکی جیاواز لە کارەکانی پێشوومدا بڵاوی بکەمەوە، بۆیە پەنام بۆ گرووپێک لە ژەنیارە هەرە ناسراوەکانی شارەکەم برد بۆ بەرهەم هێنانی ئەو گۆرانیەی بە عەشقەوە چاوەڕوانم کارە تەکنیکیەکانی تەواو بێت و لەم نزیکانەدا بڵاوی بکەمەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا دڵگرانی کردووم نەبوونی سپۆنسەرێکە بۆ کلیپ کردنی ئەو گۆرانیە، کە لە ڕووی تەکنیک و مۆسیقادا لە ئاستێکی زۆر بەرز و پڕۆفیشناڵدایە.
جێگەی باسە، هونەرمەند “حەمە ڕەئووف کەرکووکی” لە ساڵی ١٩٥٦ لە گەڕەکی بەرتەکیەی شاری کەرکووک لە دایکبووە و بە گۆرانی “ئەی قومری” لە ساڵی ١٩٧٠ دەستی بە کارەن هونەرییەکانی کردووە، پاشان چەند گۆرانیەکی ناوازەی وەک “خەجەی خەجان” و “ست خەرامان” و سەفەری ئیشق” و هتد.. لە ستۆدیۆی کەرکووک تۆمار و بڵاوکردووەتەوە و دوای نیو سەدە زیاتر لە خزمەتی هونەری گۆرانیدا ئێستاش پێیوایە بە بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکی نوێ گەنج دەبێتەوە و بڕیاریشیداوە تا سەره مەرگ لە کاروانی هونەر و میوزیکدا بەردەوام بێت.