سیستەمی سیاسی توركیا دەكرێت ببێتەوە بە پەرلەمانی؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، وەكوو كاردانەوەیەك و هەڕەشەیەك لەبەرامبەر ئازادنەكردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، دەڵێت سیستەمی سیاسی دەكەینەوە بە پەرلەمانی و ئیمامئۆغڵو دەكەینە سەرۆك وەزیران و مەنسوور یاڤاشیش دەكەینە سەركۆماری توركیا. ئەمەش ئەو پرسیارەی وروژاندوە، چۆن سیستەمی سیاسی دەگۆڕن و ئایە ئەو رێگەیانە چین بۆ گۆڕینی سیستەم.

یەكێك لەو دروشمانەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەرزیان كردووەتەوە و دەڵێن ئەگەر بێینە سەر دەسەڵات جێبەجێی دەكەین، گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیایە، لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، بەڵام ئایە ئەو توانا و هێزەیان هەیە، ئەو بەڵێنەیان ببەنە سەر؟
لە 2017، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، توانی توركیا بباتە ناو ریفڕاندۆمێكی چارەنووسساز، ئەویش هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا بوو، سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە كرایە سەرۆكایەتیی. ئەوكات ئەگەر پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، پشتگیری لە ئاكەپە نەكردایە لەناو پەرلەمانی توركیا، ئاكەپە، بەتەنیا ئەو دەنگەی نەبوو كە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی، توركیا بباتە ناو ریفڕاندۆمەوە، بۆیە بە هەوڵی مەهەپە و دەنگی مەهەپە توانیان گەلی توركیا ببەنە ناو ریفڕاندۆمەوە.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، پێیانوایە سیستەمی سەرۆكایەتیی بۆ توركیا ناشێت، چوونكە تاكڕەوی دروست دەكات و دەسەڵات دەكەوێتە دەستی یەك كەس و یەك كەس بڕیار لەبارەی چارەنووسی 80 ملیۆن هاووڵاتی توركیا دەدات. ئەوان نموونەی ئەردۆغان، وەكوو نموونەیەكی خراپ دەهێننەوە و دەڵێن لەوەتەی بووەتە سەركۆمار لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا، تاكڕەو بوە و ئەوەی بیەوێت دەیكات و گوێ بەهیچ شتێك نادات.
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایە ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەتوانێت سیستەمی سیاسی توركیا بكاتەوە بە پەرلەمانی؟
پەرلەمانی توركیا 600 پەرلەمانتاری هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت سیستەمی سیاسی لە سەرۆكایەتییەوە بكەیتە پەرلەمانی، دەبێت ئۆپۆزسیۆنی توركیادا 400 كورسی پەرلەمانی هەبێت، چوونكە پێویستی بە 2 لەسەر 3ی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو رێژە كورسییەی هەبێت، پێویست ناكات لە ریفڕاندۆمێكدا ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە، بەڵكوو راستەوخۆ پەرلەمان دەتوانێت بەو رێژە دەنگەی پەرلەمانتاران، سیستەمی سیاسی بگۆڕێت.
ئەو رێژە دەنگە بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا زۆر زەحمەتە، بۆیە تاكە رێگە لەبەردەمیان ئەوەیە، بتوانن لەناو پەرلەمانی توركیا، بە هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان 360 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، ئەوكات دەتوانن بەدەنگی ئەو پەرلەمانتارانە، توركیا ببنە ناو ریفڕاندۆم و گەل بڕیار بدات ئاخۆ سیستەمی پەرلەمانی دەوێت یان كۆماریی.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، نەرمی نواندووە كە دەستووری توركیا هەموار بكەنەوە و دەسەڵاتەكانی سەركۆمار كەم بكرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نییە كە سیستەمی سیاسی ببێتەوە بە پەرلەمانی، وەلێ ئۆپۆزسیۆنیش بەهەموو شێوەیەك سیستەمی سەرۆكایەتیی رەتدەكەنەوە و دەڵێت بۆ توركیا ناشێت.
بەهۆی ئەوەی گەلی توركیا و سیستەمی سیاسی توركیا دیموكراتی نییە، بۆیە دەسەڵات لەدەستی یەك كەسدا كۆ ببێتەوە، تا ئاستێك تاكڕەوی دروست دەبێت، ئەمەش پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە نییە، بەڵكوو هەركەسێك لە شوێنی ئەردۆغان ببێتە سەركۆمار، بەشێوەیەك لە شێوەكان تاكڕەو دەبێت، چوونكە دامەزراوەكان بەدیموكراتی نەكراون. بۆ نموونە سیستەمی سەرۆكایەتیی بۆ ئەمریكا كێشە دروست ناكات، چوونكە سیستەم و گەلەكەی ئامادەی دیموكراتییە و 100 ساڵە هەزمی دیموكراتی دەكەن، بەڵام دەبینین بۆ رووسیا و چەند وڵاتێكی ئەمریكا لاتین و سووریا، سیستەمی كۆماری تاكڕەوی دروست كردووە.
ئەگەر سەیری دەستووری توركیا بكەین، كاتێك كەسێك دەبێتە سەركۆمار، ئەوكات هەموو دەسەڵاتێكی دەبێت، كاتێك پارتەكەی لەناو پەرلەماندا زۆرینە بێت، چوونكە هەر بڕیارنامەیەكی دەریبكات، پێویست دەكات لەناو پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕێت، بۆیە تا ئاستێك، دەستووری توركیا رێگەی لەوە گرتووە سەركۆمار تاكڕەو بێت، تەنیا لەوكاتانە نەبێت كە لەناو پەرلەمانیش پارتەكەی سەركۆمار زۆرینە بێت.
چەندینجاریش ئەردۆغان گوتوویەتی، لە توركیا تاكڕەوی بوونی نییە، چوونكە ئازادی رۆژنامەگەری و هەروەها مافی مرۆڤیش بوونی هەیە، ئەو دوو خاڵەش، بەردەوام بووەتە رۆژەڤی میدیا جیهانییەكان و ئەردۆغان و حكوومەتەكەی پێ تۆمەتبار دەكەن، بەوەی ئازادی رۆژنامەگەری بوونی نییە و مافی مرۆڤیش لە پاشەكشەی داوە.