فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی هێزی پێشمەرگە و قۆناغەکانی یەکخستنی ئەو هێزە بۆ بوونی بە هێزێکی نیشتمانی.
دوێنێ، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆڵۆنێڵ کووپەر، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێكی سەربازی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا، دۆخی گشتیی ناوچەکەو عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها پرۆسەی چاکسازیی و هاوکاریی و پشتیوانییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا لەگەڵ چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان گفتوگۆکران.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە پشتیوانیی ئەڵمانیا کرد بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی کونسوڵگەریی و نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەفسەران و ڕاوێژکارانی سەربازیان لە هەرێمی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە دووپاتی ئەوەی کردەوە، ئەڵمانیا هەمیشە پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پیشمەرگە دەکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی و بەهێزبوونی ژێرخانی سەربازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان”.
لە بەرانبەردا، کۆڵۆنێڵ کووپەر، پشتیوانیەکانی ئەڵمانیایی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە هاوکات بەردەوامی پەیوەندییەکانیشی بە ئامانجی سەردانەکەی وەسف کرد.
کۆڵۆنێڵ کووپەر ڕایگەیاند: “لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە پەیوەندیداین بە ئامانجی بەرەوپێشچوون و سەرخستنی پرۆژەی چاکسازیی، گوتی: دڵنیاین هێزی پێشمەرگە قۆناغی زۆرباش بەدەست دەهێنێت لە پرۆسەی چاکسازیدا”.