گفتوگۆی هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامە و شاندێکی وەزارەتە سامانە سروشتتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە لە بەغدایە و کۆبوونەوەی سێ لایەنە هەیە لە نێوان شاندی ئەوان و شاندی حکوومەتی عێراق و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان.

بە پێی لێدوانێکی، د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت؛ تا ئێستا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت بەو مەرجانەی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕازی نین و ئامادە نین بەم شێوازە دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی نیشانداوە بۆ ئەو مەبەستە و لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، باسیان لەوە کرد، بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان.
ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانیی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دووپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەشدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.