هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕژێمی بەعس سەبارەت بە زەوی و زاری جووتیارانی کورد کاری پێ نەکراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

گێچەلی عەرەبە ھاوردەکان لە بەرانبەر جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا دادگەی دوبز، سکاڵایەکی عەرەبە ھاوردەکانی یەکلای کردەوە و لە بەرژەوەندی جووتیارانی کورد بڕیاریدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو زەوییانە لەڕووی یاساییەوە بۆ جووتیارانی کورد گەڕاوەتەوە، زیاتر لە سێ مانگە پەرلەمانی عێراقیش دەنگی لەسەر داوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکرای کرد: تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەمن و ئەمان بەخۆیەوە نابینن.

تۆمەتی عەرەبە ھاوردەکان بۆ جووتیارانی کورد داگیرکردنی زەوییە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو بە گرێبەستێک لە جووتیارانی کورد وەرگیراوەتەوە و پێیان دراوە، دادگە سکاڵای عەرەبە ھاوردەکانی ڕەت کردەوە و لە بەرژەوەندی جووتیارانی کورد بڕیاری دا و کەیسەکە یەکلای کرایەوە، جووتیارانی کورد لەو سنوورە دەڵێن: دادگە کە بڕیاری دا ئێمە لەسەر حەقین و خاوەن ئەو زەوییانەین ئەوەش کۆتایی بە ھەموو شتێکی ھێنا، بە سوپای عێراشیمان گوتووە ئێمە خاوەن ئەو زەوییانەین وەرن بە یاسا لەگەڵمان بکەن، بەداخەوە ناھێن، چونکە دەزانن ئەو زەویانە بۆ خاوەن ماف کە جووتیارانی کوردن دەگەڕێتەوە، بۆمان دەرکەوت کە ئەوان یەک زەوییان نییە، ئێمەش یەک بستیان پێ نادەین.
کێشەکانی زەوی و زار لە سنووری پارێزگای کەرکووک زیاتر لە سێ مانگە لە پەرلەمانی عێراق چارە کراوە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لە کەرکووک بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، سەرەڕای قەدەغەکردن و ڕێگری کردن لە بەکارھێنانی زەوییەکانیان زۆرجار عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتی سوپا سکاڵا لە دژی جووتیارانی کورد تۆمار دەکەن و تۆمەتی بێبنەماش دەخرێتە پاڵیان و زۆرجاریش زیندانیش دەکرێن، ھەموو ئەمانە لە چوارچێوەی پیلانی تەعریبە، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە بەرامبەر جووتیارانی کورد پەیڕەو دەکرێت.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەداخەوە تا ئێستا ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕژێمی بەعس سەبارەت بە زەوی و زاری جووتیارانی کورد نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، سەرەڕای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، بۆ جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە پێویستە کورد یەک دەنگ و یەکڕیز بێت، بەتایبەتی ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، دەبێت زیاتر پێداگر بن لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە چارەسەری بابەتی زەوی و زاری جووتیارانی کورد بە سوپا و ھێز ناکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەشڵێ: ماددەی ١٤٠ کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کورد داوا دەکات جێبەجێ بکرێت، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر جێبەجێ کرابایە، ھەموو ئەو کێشانەی کە ئێستا ڕۆژانە ڕووبەڕووی جووتیارەکان دەبنەوە، ئەو کێشانە نەدەمان، بۆیە ھەمیشە گوتوومە تا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەمن و ئەمان بەخۆیەوە نابینن.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پشتگیری لە مافی جووتیارەکان دەکەین، بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی کێشەی زەوی و زاری جووتیاران چارە بێت، چونکە جووتیارەکان خۆیان خاوەن ماڵن، ھەر دەبێت بە مافەکانی خۆیان بگەنەوە، بۆیە پشتگیری لە جووتیارەکانی خۆمان دەکەین جا لە ھەر شوێنێک بن، بۆ ئەوەی چی دیکە زوڵم و زۆریان بەرانبەر نەکرێت.