وردەكاری لەبارەی نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری راگەیاندرا

ر .ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

دوای ساڵانێكی زۆر لە چاوەڕوانی، بڕیاردرا لە ناوەراستی ئەمساڵ یاریگەی نێودەوڵەتی فرەنسۆ هەریری نۆژەن بكرێتەوە، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە لەگەڵ كۆتایی هاتنی خولی ئەستێرەكانی عێراق نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە دەست پێ دەكات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیاندراوێكدا هەواڵێكی خۆشی بۆ هاندەرانی وەرزشی شاری هەولێر بڵاوكردەوە و رایگەیاند یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەشێوەیەكی مۆدێرن نۆژەن دەكرێتەوە.
لە راگەیاندراوەكەی پارێزگاری هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە كراوە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 2 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری تەرخان كراوە و بڕیاریشە لەگەڵ كۆتایی هاتنی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە سەرەتای مانگی 6ـی ئەمساڵ دەست بە نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە بكرێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، چیمەنی یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەگۆڕدرێت و تراكی دەورووبەری یاریگەكەش بەشێوەیەكی سەردەمیانە نۆژەن دەكرێتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئامادەكاری تەواو كراوە لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە رێككەوتن كراوە و هێما بۆ ئەوەش كراوە كە چیمەنی جۆری (های بێرد) بۆ یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەكاردێنن كە زۆری یاریگە گەورەكانی جیهان بەم جۆرە چیمەنە فەڕشكراوە.
مێژووی دروستبوونی یاریگەی یانەی هەولێر بۆ ساڵی 1956 دەگەڕێتەوە، دواتر لە ساڵی 1992 یاریگەكە نۆژەنكرایەوە، لە كۆتایی ساڵی 2001 ئەم یاریگەیە بە ناوی شەهید “فرەنسۆ هەریری” كراوە و شوێنی زیاتر لە 25 هەزار هاندەر دەگرێتەوە.