ئەنچیلۆتی ناوی ڕاهێنەری داهاتووی ریاڵ مەدرید بە یاریزانانی یانەكەی دەڵێت

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ئەنچیلۆتی ناوی ڕاهێنەری داهاتووی ریاڵ مەدرید بە یاریزانانی یانەكەی دەڵێت
راهێنەری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، كارلۆ ئەنچیلۆتی، نزیك بووەتەوە لەوەی لە قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بڕوا، ئەوەش بە پێی ڕاپۆرتی چەندان مێدیای ئیسپانی و جیهانی.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیی نزیك لە یانەی ریاڵ مەدرید بلاوی كردەوە: كە شكست یان سەركەوتنی دانوستانەكانی ئەنچیلۆتی لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیل بۆ ئەوەی ببێتە راهینەری ئەو هەڵبژاردەیە، كاریگەری لەسەر ئەوە ناكا كە چابی ئەلۆنزۆی راهێنەری ئێستەی یانەی بایەر لیڤەركوزن ببێتە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو.
دەشڵێ: پرسی راهێنەرایەتیی ئەلۆنزۆ لەگەڵ ریاڵ مەدرید بۆ وەرزی 2024/2025 لە نێو نووسینگەی یانیە ریاڵ مەدریدەوە لەمێژە كاری لەسەر دەكرێ، بەڵام هێشتا روون نییە لە ماوەی مۆندیالی یانەكان كێ راهێنەری ریاڵ مەدرید دەبێت.
دەشڵێ: پێش چەند هەفتەیە، یاریزانان دەستیان بەو شێوازە مامەڵەیە كرد كە لەگەڵ راهێنەری داهاتوویان بگونجێ، كە ئێستە سەركردەی یانەی بایەر لیڤەركوزنە. لەنێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ریاڵ مەدریدەوە باس لەوە كراوە: وەرزی داهاتوو لەگەڵ چابی دەبن.
رۆژنامەكە دەشڵێ: یەكێك لە سەرچاوەكان گوتوویەتی: نزیكەی سێ هەفتەیە، هەموو شتێك بە خێرایی دەستی پێ كردووە، پێ بە پێ هەنگاوەكانی گۆڕینی راهێنەر دەستیان پێ كرد، دوای یاریی گەڕانەوە بەرانبەر ئارسناڵ لە چارەكی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا تروكا و لە دوای یاریی كۆتایی جامی شا بەرانبەر بەرشلۆنە، بووە بابەتێكی ڕاستی و یەكلاكەرەوە.

ئارتێتا بۆ یاریزانانی ئارسناڵ: بێهیواییەكەتان بەرانبەر پاریس سانجێرمان بقۆزنەوە
میكێك ئارتێتا، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی ئارسناڵ، داوای لە یاریزانانی كردووە كە بێهیواییەكەیان دوای شكستە چاوەڕێنەكراوەكەیان بەرانبەر یانەی پۆرنمۆس لە خولی ئینگلیزی، بكەنە خاڵێ بەهێز و پاڵنەرێكی ئەرێنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاریس سان جێرمان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا.
ئارسناڵ لە یاریگەی ئیمارات 1-2 گۆڵ لە خولی ئینگلیزی بە یانەی پۆرنمۆس دۆڕا.
یانە لەندەنییەكە خۆی ئامادە دەكا بۆ یارییەكی چارەنووسساز بەرانبەر پاریس سان جێرمان كە چوارشەممەی داهاتوو لە یاریگەی باخچەی میران لە یاریی گەڕانەوەی نیوەی كۆتایی چامپیۆنس لیگ، بەڕێوە دەچێ، لە یاریی چوونیش 0-1 دۆڕا.
ئارتێتا دوای یارییەكە وتی: چەندان خاڵی بەهێزمان هەیە بۆ ئەوەی لەپێناویدا بجەنگێین، ئێمە شایانی پلەی دووەمی خولەكە نین، بەڵام هەلمان لەبەردەمە بۆ بردنەوەی ناسناوەكە.
دەشڵێ: دۆڕانمان بەرانبەر پۆرنمۆس، دەبێ ببێتە پاڵنەرێك بۆ بردنەوەی یارییەكەمان لە پاریس سان جێرمان، دەمانەوێ ئەو بێهیواییە بگۆڕین بۆ هێز و یارییەكە لە پاریس سان جێرمان ببەینەوە و بگەینە كۆتایی.