سلێمان تاشان – ههولێر
حکوومەتی فیدراڵی لە درێژەی ئەو هەنگاوانەی بۆ لێدان لە پێگەی ئابووریی کوردستان ناویەتی ئەم جارە کێشەی بۆ کەرتی بازرگانی هێناوەتە کایەوە. بە پێی فەرمانێکی نوێیی حکوومەتی عێراق ڕێ بەو بارهەڵگرانە نادرێ بارەکانیان بۆ پارێزگاکانی عێراق بگوازنەوە ئەگەر کیو ئارکۆدی عێراقیان پێ نەبێت، سیاسەتێک کە کاریگەریی زۆر نەرێنیی لەسەر جووڵەی بازرگانی هەبووە و زیانی بە بازرگانان و خەڵک گەیاندووە.
وەک ئاشکرایە هەرێمی کوردستان بە دەروازەی سەرەکیی بازرگانیی وڵاتانی تورکیا و ئێران لەگەڵ عێراق هەژمار دەکرێت و نزیک بە تەواوی ئەو کاڵایەی لە تورکیاوە دەهێنرێنە عێراق بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕن و بەشی زۆری بەرهەمەکانی ئێرانیش هەر بە دەروازە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەهێنرێنە ژوورەوە و پاشان بۆ پارێزگاکانی تری عێراق ڕەوانە دەکرێن.
بازرگانانی هەرێمی کوردستان کۆگەی زۆر گەورەیان دامەزراندوون و ئەو بارەی هاوردەی دەکەن لە کۆگەکانیان دەیپارێزن و پاشان بە بارهەڵگر ڕەوانەی تەواوی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکەن. بازرگانانی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر دەگێڕن و هەرێمی کوردستان لە ڕووی بازرگانییەوە پێگەیەکی زۆر گرنگی لە ئاستی ناوچەکەدا بەرجەستە کردووە.
زیاتر لە دوو هەفتەیە بارهەڵگرەکان ناتوانن لە کۆگاکانی هەرێمی کوردستانەوە بارەکانیان بۆ پارێزگاکانی عێراق بگوازنەوە و لە بازگەکانی عێراق داوای کیوئارکۆدیان لێ دەکرێت و ئەگەر پێیان نەبێت ئەوا ڕێی چوونەژوورەوەیان پێ نادرێت.
ئەو سیاسەتەی عێراق پێچەوانەی دەستوورە چونکە دەستوور بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردووە کە گواستنەوەی بەرهەم لە هەرێمێکی فیدراڵی بۆ ناوچە و هەرێمێک یان پارێزگایەکی عێراق ئازاد بێت و بێ هیچ بەربەستێک بگوازرێتەوە.
کۆد و بەربەستی بازرگانی تەنیا لە سنووری وڵاتان جێبەجێ دەکرێت و هەموو وڵاتێک بۆ هاوردەکردنی شتومەک ڕێسا و یاسای تایبەت بەخۆی هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش کە ئەو کاڵایە هاوردە دەکرێن لە ڕاستیدا تەنیا هاوردەی کوردستان ناکرێن بەڵکوو هاوردەی کوردستان و هەموو عێراق دەکرێن و کاتێک لە ئیبراهیم خەلیل و باشماخەوە بە یاسا و ڕێساکان، بازرگان شتومەکەکەی هاوردە کردووە پێویست ناکات لە سنووری پارێزگای نەینەوا یان کەرکووکێشەوە جارێکی تر مامەڵەی سنووری لەگەڵدا بکرێت.
ئەو دۆخە کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر کارگەکان و کەرتی بازرگانی هەبووە و زۆرترین کاریگەریش بەر دهۆک کەوتووە چونکە بەشێکی سەرەکی لە کاڵا و شتومەک لە سنووری ئەو پارێزگایەوە هاوردە دەکرێن. ژووری بازرگانی دهۆک ئەو سیاسەتەی عێراقی بە لێدان لە پێگەی ئابووریی و بازرگانی هەرێمی کوردستان زانیوە.
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیەی حکوومەتی فیدراڵی دایناوە هەر کاڵایەک کە هاوردە دەکرێ دەبێت لە ماوەی کەمتر لە حەفتا و دوو سەعاتدا بگاتە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە کاتێکدا بازرگانان لەوانەیە باری ئێستەیان کۆگە بکەن و باری پێشووی کۆگەکانیان بۆ بازاڕەکان بگوازنەوە.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماژەی داوە کە بەو هۆیەوە کۆگەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵ کراون و زیانێکی زۆر بەر هەرێمی کوردستان و بازرگانان کەوتووە.
جێی باسە بەپێی ڕێساکانی عێراق قوفڵی سیل بۆ بارەکان بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی لە کوردستان بەتاڵ نەکرێن و یەکسەر بۆ پارێزگاکانی عێراق بگوازرێنەوە.
ئەم سیاسەتەی بەغدا ناڕەزایەتی عێراقییەکانیشی بەدواوە بووە و سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیی عێراق هۆشداریی لە تەواوبوونی باری کۆگەکان دا و داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ئەو کێشەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات بۆ ئەوەی شتومەک و پێداویستییەکان لەسەر خەڵک گران نەبن.
بەردەوامیی ئەو سیاسەتەی عێراق دەبێتە هۆکاری ئەوەی بازرگانانی کوردستان بە ناچار لە پارێزگاکانی عێراق وەبەرهێنان بکەن و لەوێ کۆگەکانیان دابمەزرێنن و هەلی کار بهێننە کایەوە و بەپێچەوانە خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان بێکار دەبن و زیان بەر بازرگانان و ئەو کەرتە گرنگەی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.